Draw Media

خێڵ لە فیستیڤاڵەوە بۆ شەڕە تەقە

خێڵ لە فیستیڤاڵەوە بۆ شەڕە تەقە

2019-06-14 19:38:34



 هیوا سەید سەلیم

  لە كاتێكدا جیهان لە سایەی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و سیستەمی گلۆباڵدا نەك هەر بیری عەشایری و داب و نەریتی خێڵ جێدەهێڵێت، بگرە سنووری دەوڵەتان تێدەپەڕێنێت و جیهان دەكاتە گوندێكی بچووك.
  كەچی تازە بە تازە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان عەقلیەتی خیل و بنەماڵە زیندوو دەكاتەوە، بۆ سەرۆك عەشیرەتەكان دیوەخانانە دەبەشێتەوە، بۆ عەشیرەتەكان فیستیڤالی ساڵانە سازدەكات، دیوەخان و سوڵحی عەشایری دەبێتە ئەلتەرناتیڤی دادگاكان،  كوڕی سەرۆك عەشیرەتەكان لە پێشەنگی هەموو ئەوانە دەبن كە حزب كاندیدیان دەكات تا بگەنە پەرلەمانی كوردستان، هەر بۆیەشە دەبینین كە لەم خولەی ئەمجارەدا پەرلەمان كراوەتە دیوەخانی عەشیرەتەكان.
حزبە دەسەلاتەكان بۆ بەدەستهێنانی دەنگی عەشیرەتەكان پشت دەكەنە بیروباوەڕی خۆیان و بۆ عەقڵی خێڵەكی دەگەڕێنەوە، ئەمەش وادەكات لە هەرمی كوردستان دەستی خێڵ زیاتر ئاوەڵابێت، وە  لە نێو هەموو دیاردە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریەكان تەنانەت لە دەزگا ئەمنی و سەربازیەكانیشدا خێڵ بڕیاری چارەنوسازدەدات.
لە هەرێمی كوردستاندا دیاردەیەكی زۆر مەترسی بریتە لەوەی كە عەشیرەتەكان چەك بەدەستن، هەروەها خاوەنی جۆرەها چەكی سووك و قورسن ئەمەشیان بەڕوونی لە نمایشی فیستیڤاڵی عەشیرەتەكانیان دەبینرێت كە چۆن خۆیان بەو چەكانە بادەدەن، هەر بۆیەشە ئەو دیاردەیە لە كاتی سەرهەڵدانی كێشەكان وەك دیاردەیەكی یەكجار مەترسی دەردەكەوێت و لە بچووكترین كێشەدا چەك بڕیاردەدات. 
ئەوەی لەو چەند رۆژەدا لە دەڤەری ئاكرێ لە نێوان دوو عەشیرەتدا ڕوویدا، فیستیڤالی خێڵ نەبوو وە  ڕەمبازی و كێبڕكێ سوارچاكانی خێل نەبوو،  بگرە سەرهەڵدانەوەی ناكۆكی نێوان دوو عەشیرەت بوو، كە جلەویان لە دەستی دەسەلاتی یاسا نەماوە،  بگرە خێڵ لەوێ بڕیار دەدات.
ئەم جۆرە كێشانە كە زادەی دیاردەی عەشایرین، ناوناوە لەچەندین ناوچەی دیكەی هەرێمی كوردستان سەرهەڵدەدەن، زۆر جاریش قوربانی گیانی لێدەكەوێتەوە تا وای لێدێت كۆنتڕۆل كردنیشی ئاسان نەبێت، بۆیە بۆ رێگری لەو كێشانە دەبێت حزبەكان واز لە پشتیوانیكردنی بیر عەشایری بێن و لە پێناو بەرژەوەندیەكانیان چیتر دەستی عەشیرەتەكان ئاوەڵانەكەن، لە هەمووشی گرنگتر دانانی سونورێكە بۆ دیاردەی چەكداری و بە یاسایكردنی ئەو دیاردەیە.
دواجار دەڵێین لە سایەی هەر دەسەڵاتێكدا ئەگەر یاسا سەروەر نەبوو،  جلەو بۆ عەشیرەت و دیوەخان شلكرا، ئەم جۆرە پاشاگەردانیەی لێ دەكەوێتەوە كە وەك ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand