پارتی دەسەڵاتی ڕەها و ئێوەش هیچ بە دەستەوە!
2019-06-14 13:08:24
شەپۆل عەلی عەسكەری
هەموو جارێ لایەنە سیاسێکان و هەندێ لە لایەنگرانیان شکستی لایەنەکایان لە سەر شەماعەی لایەنی تر هەڵئەواسن، هەر بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شکست لە دوای شکست بە دەست دەهێنن لە هەموو بوارەکاندا، ئەمڕۆ پارتی نەک چوار سەرۆکایەتێکەی کۆنترۆڵکردوە بەڵکو هەموو دەسەڵاتەکان لای خۆی کۆکردۆتەوە کەواتە ئەوان: -
سەرۆکی هەرێم، سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی،سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری،ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش،ناوخۆ، جگە لە وەزارەتەکانی دیکە بە مانایەکی تر هەموو فایلەکان لای خۆیانە هەر لە بڕیاری سیاسی ،جێبەجێکار ،دادوەری ، ئاسایش و ئابووری و خزمەتگوزارێکان ئەی ئێوە چیتان لایە…؟
ئێوەی قەتیزماو لە سلێمانی وەک مارێکی سڕبوو هەر چوار وەرزی ساڵی زستانێکی سارد پڕ سەهۆڵ وبەستەڵەک، بەدەست کۆمەڵێ قیادەی برسی شکستو بێجارە لە لایەکی تربەدەست نەوەی بەرپرسە یەکەمەکان کە کۆمەڵێ هەرزەکاری بێ ئەزموونی مەغرورو خاوەن پارە ودەسەڵاتێکی ڕەها گەمارۆدراو بە کۆمەڵێ هەلپەرستو مووشەخۆری ماستاو چی وبەرهەمەکانتان تەنها کەسانێکی کۆیلە کاریان تەنها سووکایەتی وجنێودان بەوانەی کە ئامۆژگاری وڕەخنەتان لێ دەگرێ بۆ ئەوەی خۆتان چاک بکەن و بێنەوە هۆش خۆتان. ئەمە ئەوپەڕێ شکستە ئەوی کە ماوتانە تەنها دەمە لە ڕێگای دەزگای ڕاگەیەندنە شکستوخواردۆکەتانە ئەویش کورد ووتەنی ''دەمە چیت لێ کەمە''.
فەترەیک بوو بە پارتیتان دەگوت حیزبی بنەماڵە و دەربەگ ودواکەوتو کەچی ئەو حیزبە دەرەبەگە گۆڕانکاری لە خۆیدا دەکات وتوانی هەم ئێوە و بەشێکی باش لە بەناو نوخبەکان بکڕێ و کار بۆ سەرکەوتنی بکەن، ئەمە شتێکم وەبیر ئەهێنێتەوە جارێک لە لەندەن لە ماڵی لەتیف رشید ئاوەڵ زاوای خوالێخۆشبوسکرتێری گشتی یەکێتی بە مام جەلال ووتم ئێوە کارتان بۆ دروستکردنی سەرکردەی نوێتان کردوە بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامی بدەن بە حیزبەکە کەچی بەداخەوە بەهەڵە لە پرسارەکەم تێگەیشت زۆر پێی ناخۆش بوو هەر چەندە مەبەستی خۆمم بۆم ڕوونکردەوە بەڵام وادیاربوو هەر قەناعەتی نەکرد،ئەوکات من خەمی ئەمڕۆم بوو چونکە دەمزانی لە دوای ئەو پاشماوەکەی ناڵێم هەمووی بەڵام ئەوانی بە مەکتەب سیاسی ناسراون دڵنیابووم کە ناتوانن بەردوامی بە یەکێتی بدەن. وە کە گۆڕان دروست بو هەمان پرسایرم لە خوالێخۆشبوو کاک نەوشیروان کرد ئەویش دەمزانی کە پرسایرەکەی پێ ناخۆش بوو بەڵام ئەمیان وەڵامێکی دیپلۆماسی دامەوە و ووتی کەس ئەم پرسیارەی لێنەکردووم بیری لێدەکەینەوە. بەڵام نە ئەمیان بیری لێکردەوە ونە ئەویان بۆیە ئەوڕۆ دەبینین هەردوو حیزب چیان لێبەسەر هاتووە!
حیزب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بێ گومان بە کوردستانەوە حیزبی خودی سەرکردەیە بە خۆیەوە دەستپێدەکات و لە خۆشیا دەکوژێتەوە،یا دەبێتە حیزبی بنەماڵە و ئیدی نەوەکانیان جێگرەوەیان دەبن.لەم خاڵەیاندا بنەماڵەی بارزانی لەوانیتر سەرکەوتوترن لە بەر ئەوەی ئەوان بنەماڵەکەیان دابەش کردوە بەشێوەیەک هەموو بوارەکان بگرنەوە هەمووش یەک قاعدە دەزانن ئەویش کەس لەمان گەورەتر نیە وهەموو کەسێک بۆئەوە دروست بوون تەنها بۆ خزمەتکاری و لە ژێر فەرمانیان دەبن وەک دەیبینین، بەڵام یەکێتی و گۆڕان و لایەنکانی تر کەم ئەزموون ترن لەم بوارەدا بە هۆی ئەوەی نەوی دووەم زووتر جۆشنەدراون یا ئامادەنەکراون بۆ ئەم مەبەستە!
ئەگەر ئەحزابی سلێمانی بیانەوێ گۆڕانکاری لە مەترسی دەسەڵاتی ڕەهای پارتی بپارێزن ئەوا دەبێ بیر لە چوونە ناو حکومەت وەلانێن و هەموویان وەک یەک کوتلەی ئۆپۆسیزێۆن یەکبگرن و لە ئێستاوە خۆیان ئامادە بکەی بۆ هەڵبژاردنی ئایندە، من ناڵێم پارتی باشترە نە خێر بەڵام ئەوان پابەندن بە بڕیارەکانی سەرۆکەکەیانەوە بەڵام ئێوە لە بری سەکردەیەک پەنجا تان هەیە و کەس گوێ لە کەس ناگرێ هەر چەندە خۆتان بە شۆڕشگێڕتر ئەزانی و بە مۆدرێن و سۆسیال دیموکرات یا خۆت بە هەڵگری بەیداخی گۆڕانکاری یا …..هتد. ناکرێ بەم شێوەیە دژایەتی یەکتر بکەن وهەوڵی فەوتان ونەمانی یەکتر بدەن لە بری ئەوەی بە خۆتانا بچنەوە وە دەبێ لەوەش تێبگەن تا هەڵگری ئەم جۆرە رەفتار و کردارە بن گەرەنتی ئەوەتان دەکەم کە هەڵبژاردنەکانی ئایندە زیاتر کورسی پەرلەمان لە دەست ئەدەن.
بۆ ئێوەی بێ ئاگا لە دونیای سیاسەت دەبێ ئەوە تێبگەن کە گەیشتن بە لووتکە پێویستی بە کارزمە و هەڵوێست و هەوڵدان و تێگەیشتن و پێشبینی هەیە ولە هەمان کاتدا پێویستی بە کەسانێکە خاوەن جورئەتی بڕایاری ڕاست و دروستی سیاسی هەیە ، پێویستی بە سەرکردەیەکە کە لێکدانەوەی هەبێ بۆ ئەگەرەکان وگوێ لە هەڤاڵەکانی وخەڵکانی پسپۆربگرێ و تەنها ڕای خۆی فەرز نەکاتو دەبێ هەمیشە پەیام و پلانی هەبێ ، بەداخوە ئێوە ئاستی بیرکردنەوەتان زۆر تەسک بۆتەوە و هەموو ئومێد و ئاواتان بۆتە کۆکردنەوەی زۆرترین سفری بەدەم ژمارەکانتان وبۆیە پارتی بۆ مانەوەی خۆی لە لوتکە زۆر هاوکاری کردون بۆ ئەوەی بەبەردەوامی لە شکستابن کەچی ئێوە بێ ئاگا و کاڵ فام و بێ پلان.
ئەحزابەکانی سلێمانی بۆ ئەوەی ڕزگارتان بێ لەم گێژەڵوکە سیاسیە کە خۆتان تیا نقوم کردوە دەبێ دەست بکەن بە چاکسازیەکی بنە ڕەتی لە ناوەوە ولە دەرەوەی حیزبەکانتان ، بە شێوەیەکی واقعی هەوڵی بەرەنگاری کێشەکان ببنەوە و لە بوع بوعی ترس لە پارتی ودەرچوون لە سلێمانی نەجاتان بێ و ڕووبکەنە (هەولێر)ی پایتەخت ئەمە ئەگەر بتانەوێ هەنگاو بنێنێن بەرو دەسەڵات وەرگرتن نەک وەک پاشکۆی بمێنەوە، بۆ ئەوەی لوتکە نە گۆڕبەوە بە کورسی جارێکی تر.
بۆیە پارتی ئەمجارەش گۆڵی خۆی کرد ئەوان بە دەسەڵاتی ڕەها و ئێوەش هـــــــــــیچ بە دەستەوە…..!