Draw Media

حکومەتی نوێی کوردستان

حکومەتی نوێی کوردستان

2019-06-14 07:49:48


د. رێبوار فەتاح

ئەوەی ناویانناوە حکومەتی نوێی کوردستان، تەنیا حکومەت نیە؛ بگرە داڕشتنەوەی هەموو ڕژێمی حوکمڕانی کوردستانە، لە ئەقڵیەتی تەسکی عەشایەری و ناوچەپەرستیەوە. ئەقڵیەتێکی ئەندازیاریە دەیەوێ کۆمەڵی کوردستان بە گەندەڵی، برسیکردن، ترساندن، کڕین، درۆکردن و ئەقڵ شتنەوە لەسەر ئەوە ڕابهێنن کە عەشیرەتێك سەروەرە و دەبێ و هەمیشە حوکمڕانی ڕەها دەبێ. عەشیرەتێك کە جگە لە شکست، سازشکرن و ئارەقەی شەرمەزاری ڕشتن هیچی دی نە بە کورد، نە بە کوردستان، نەبەخشیووە، ناتوانێ هیچ پەیامێکی مرۆڤانەی پێ بێ. ئەم عەشیرەتە هەمیشە بەخشندە بووە لە سڕینەوەی ناوی گەل و هەلسانەوەی عەشیرەتدا، هەرچەندێك لەسەر گەلی کوردستان کەوتبێ. 
.
دەسەڵاتێکی لەمجۆرە، جێی لە دنیای بەرفراوانی ئەمڕۆدا نابیتەوە و شکستی خراپتر لەوانەی ئاشبەتاڵ، شەڕی خۆکوژی و ڕیفڕاندەمەکەیان دەبیننەوە. تەنیا ناوێك کە بتوانرێ لێی بنرێ، دەسەڵاتی بێهیواکردنە. گرفتی گەورە لەوەدایە کە ئەمانیش وەك ڕژێمی قەزافی، سەدام و ئەسەد تەنیا خۆیان شکست ناخۆن، بەڵکو ماڵکاولی مەزن بۆ گەلی کوردستانە و بۆ هەموو ئەوانەیە بە خوێنیان خواستیان بەختەوەی و سەرفرازی بە گەلی کوردستان ببەخشن.
.
دەسەڵاتێك کە تاقە بنەماڵەیەك بەڕێوەی بەرێ، دابەشکردنی دەسەڵاتی بۆچیە؟ خۆ هەر ئێواران لەسەر خوان حوکمڕانی دەکەن و بڕیار دەدەن کێ ترۆ بکرێ. نە پەڕلەمان، نەحکومەت، نە دەسەڵاتی دادوەری، نە حزبی درۆزنە، نە میدیا هیچیان پێویست نین. بگرە ئەمانە هەموویان دێوجامەن، ڕازاونەتەوە بۆ سەرشێواندنی خەڵك و کۆمەڵگەی دیمکراتی جیهان.
.
ئەو حزبانەش کە بەشدارن لەم دەسەڵاتەدا، بەشێکی گەورە دەبن لەو شکستە. نە یەکێتی، نە گۆڕان هیچ ڕۆڵێکی دیکەیان نیە جگە لە بەشداریکردن نەبێ لەم تاوانە گەورەیەدا. گومانم نیە، هەموویان باجەکەی دەدەن. خۆ گەر ئەم حزبە درۆزنانە تاقە پەیامێکی مرۆڤانەیان هەبووایە، نەدەکەوتنە زۆلکای هەڵسانەوەی شکست و ڕازاندنەوەی حوکمی بنەماڵەوە.
.
ئەمانە حزبی بێمۆڕاڵن. لە نەوەدەکاندا، 5000 کورد دەکوژن و یەکێتی پارتی تاوانبار دەکات بە خیانەت، کەچی دواتر دەکەونەوە سەر خوانی دەسەڵات. لە 2017دا، پارتی یەکێتی تاوانبار دەکات بە خائن، دواتر خائنەکان هەموو پێکەوە دەسەڵاتی ئەمڕۆ پێكدێنن. بە وەسفی خۆیان، ئەمەی ئەمڕۆ لە حوکمدایە، دەسەڵاتی خائنەکانە.
.
گۆڕان لە هەموویان قێزەوەنترە، چوون خۆی لە قەرەی پڕۆژەیەکی زۆر گەورە دەدا و خۆی کردە پێشەنگی دەنگی ناڕازی خەڵك؛ دەبووایە لە ئاستێکی بەرپرسیاری زۆر بەرزدا ڕەفتاری بکردایە. هەموومانی بێهیوا کرد. لەسەر پێداگرتن لە ڕیفۆرم، پارتی بە تەنیا سەعاتێك لە دەسەڵاتدا پاکی کردنەوە، کەچی ئێستا دەهۆڵ، نەك تەنیا بۆ هەمان دەسەڵات، بەڵکو بۆ ئەو چەندە کەسە لێ دەدەن، کە ژێرپێیان خستن. گۆڕان لە وەڵامی ئەم پرسیارە ڕزگاری نابێ؛ چ گۆڕانکاریەك بووە لە دەسەڵاتدا، وا ئێوە هیواتان پەیدا کردووەتەوە پێی. دیارە هیوا نیە؛ ئێوەی گۆڕان لە پڕۆژەیەکی سیاسی ڕیفۆڕمخوازەوە، گۆڕان بۆ هێزێکی بازرگانی و بەشدار لە گەندەڵیدا.
.
ئەم ڕژێمە چیدی نیە، سەرکەوتن نەبێ بۆ ئەقڵیەتی تەسکی عەشایەری بەسەر ئەقڵیەتی کراوەی شاردا؛ کتومت وەك سەرکەوتنی ئەقڵیەتی عوجە بەسەر ئەقڵیەتی بەغداددا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand