چیمان لە گۆڕان ئەوێت!
2019-06-13 15:39:43
ئارام ئەحمەد
سەرەتا ئەمویست، بزوتنەوەی گۆڕان پابەندنەبونی یەکێتی بە ڕێکەوتنی دەباشان و تەقەکردن لە گردەکەو وێنەی نەوشیروان مستەفا نەکاتە بیانو بۆ چونە باوەشی پارتی، چونکە پێش یەکێتی، پارتی بارەگاکانی گۆڕانی سوتاند، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی لە حکومەت دەرکرد، بە تۆمەتی تیرۆریش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نەوشیروان مستەفا دەرکرد.
ئەوەم ئەوێ لە گۆڕان بزانم، کە ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی ئاوا ئاسان بوو، ئەی نەوشیروان مستەفا بۆ نەیکرد؟ تۆ بڵێی ئەقڵی پێنەشکابێت وەک یوسف محەمەد وعەلی حەمە ساڵح بەچوار دێر بە خێزانیکردنی سیستەمی سیاسی لەکوردستان بچەسپێنێت و ئاوێک بکات بەو ئاگرەدا؟ ئەگەر ئەمە خواستی کاک نەوشیروانە وەک خۆتان ئەڵێن، کەواتە یەکێکتان ڕاست ئەکات، یان ئێوە درۆ بە دەم کاک نەوشیروانەوە ئەکەن، یان نەوشیروان مستەفا لەگەڵ خەڵکدا راستی نەکردوە، ئەی ئەمە تۆمەتبارکردنی ناراستەوخۆی نەوشیروان مستەفا نیە بەوەی ئەو هۆکاری کێشەکان بووە لەگەڵ پارتی و،بە مردنی ئەو، ئێوە هیچ کێشەیەکتان لەگەڵ پارتی نەما، وەک هوشیار زێباری و فازل میرانی لە دوو چاوپێکەوتنی جیادا ئاماژەیان پێکرد کە دوای نەوشیروان مستەفا گۆڕان ئاقڵ ئەبێت.
ئەوەم لە گۆڕان ئەوێت بزانم، لەسەر کام پرنسیپ و مژدەو قسە خۆشەکانی جارانی ماوە، چۆن چۆنی سیستەمی حوکم ئەگۆڕێت؟ ئەی شەفافیەتەکەتان وەزعی چۆنە؟ لە کاتێکدا بەم دەستو بەودەست پارە لە پارتی و پێشتریش لە یەکێتیتان وەرئەگرت، دەمێکە گوێم لێنەبووە باسی گێڕانەوەی موڵک وماڵی گشتی بکەن؟ ئەوە لە دەستاو دەسکردنی دەسەڵات هەر ناپرسم، چونکە چوارساڵە هەڵبژاردنێکی شەقوشڕی ناوخۆیتان بۆ ناکرێ و دامەزراوە کارتۆنیەکانیشتان دوو ساڵە هیچ شەرعیەتێکی نەماوە، تەوریسی سیاسی و بەخێزانیکردنی حیزب لەولاوە بوەستێت، شتێکتان ماوە ناوی جیاوازی بێت لەگەڵ پارتی و یەکێتی؟.
پێش ئەمانەیش ئەمویست بزانم، کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا بەچی هەقێ، پاڵپشت بە کام بڕگەی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان بوون بە خەلیفەی باوکیان؟ نەوشیروان مستەفا نەیتوانی پەیام و بەرنامەکانی گۆڕان لە بارەی تەوریسی سیاسی بە باشی بگەیەنێتە مناڵەکانی یان منالەکانی گوێیان لێنەگرت؟ بۆ موڵک و ماڵی گشتیش بە هەمان شێوە، گردو تەلەفزیۆن وکۆی ئەو پرۆژە بازرگانیانەیان بە چ هەقێ لەسەر خۆیان تاپۆ کرد؟ لە کاتێکدا نەوشیروان مستەفا لەژێر ناوی گۆڕینی ژیانی خەڵک و سیستەمی سیاسیدا خاوەندارێتی مەعنەوی ئەکردن، هەر بەجدی خەونی نەوشیروان مستەفا ئەوەندە بچوک بوو یان کورەکانی وەک خۆیان بچوکیان کرد؟.
هەقێ خۆمە بزانم، ئەم کورانەی نەوشیروان مستەفا بۆچی وەک ئەو بانگەشەی باوکیان ئەیکرد، لەسەر بنەمای خولقاندنی دەرفەتی یەکسان لە نا وبزوتنەوەی گۆران نەهاتنە پێشەوە، یان ئەگەر هەر بە بەستەرەی خوێنیش هاتنە پێشەوە، بۆ لە بری ئەوەی بەیەک مەسافە لە تەواوی گۆڕانخوازان بوەستن و چەتری کۆکەرەوەی جیاوازیەکان بن، کەوتنە گردکردنەوەی کۆمەلێک قەرەچ وسواڵکەری هاوردەکراو وجوێنفرۆش و بەریانداونەتە گیانی خەلکە دڵسۆزو ماندوەکەی گۆران.
ئەمویست بزانم، ئەم بێمنەتی ودەرپەڕاندن و دەستبەرداربونە لەو هەموو خەڵکە دڵسۆزو خوێنەوارەی گۆڕان لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، حاڵی شەق وشڕی گۆڕان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە کۆمەلێک خەڵکی بێبەهرەو هیچ نەزان و خۆپەرست ئیدارەی بزوتنەوەکە ئەکەن کە لە خوار گیرفانی خۆیانەوە هیچی تر نابینن، حەزمەکرد بزانم ئەمانە نیازیان چییە وا بێمنەتانە بە گۆڕانە نارازیەکە ئەلێن بڕۆن حیزب دروست بکەن، بەڕاست لەمە خراپتر چی بەسەر گۆران ئەهێنن؟ ڕەنگە دڵیان بەوە خۆشبێت پارتی لە هەڵبژاردنی ئایندەدا تەزویریان بۆ ئەکات یان بە پارەی دزراوی خەڵک ئەوانیش ئەکەونە خەڵک کڕین، هەربەراست ئەمە هیچی بەسەر گۆرانەوە ماوە کە نەوشیروان مستەفا باسی ئەکرد؟.
ئەوەشم ئەوێت لە گۆران بزانم، ئەو کە لەسەر بنەمای ڕوبەرو بونەوەی گەندەڵی و بێدەنگنەبوون لە ناعەدالەتیەکان دروستبووە، چۆن ئێستا چاو لە وەزیرو بەرپرسە دزەکان ئەنوقێنێ، بگرە ستایشیشیان ئەکات لەبەر ئەوەی پارە بۆ بزوتنەوەکە پەیدائەکەن، بەلام لەسەر ڕەخنە گرتن خەڵکە دڵسۆزەکە دەردەکات؟ ئەمە چ فڕێکی بە گۆڕان و بیری گۆرانکارییەوە ماوە، دزیان پێباشترە لە ڕەخنەگر!.
ئەمەوێت بزانم، بۆچی بۆ گۆران ئاسایی بوو ڕەخنە لەئەرزو ئاسمان بگرێت، بەڵام ڕەخنە لە گۆران ڕەجم و خۆبەتاڵکردنەوە بێت! بۆچی ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی بۆ یەکێتی حەرام ودارشەقبونە،بەلام بۆ گۆران حەڵاڵەو لەپێناو خەڵکەو بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانیەتی، لە کاتێکدا گۆران ویەکێتی و خەلکیش ئەزانێت، کە پارتی یاری بە هەردوکیان ئەکات و دژ بە یەکتر بەکاریان ئەهێنێت.
ئەوەم ئەوێت لە گۆران بزانم، بێئومێدکردنی خەڵک و کوشتنی متمانەو بازرگانیکردن بەد ەنگیەوە خیانەتکردن نیە؟ باشە گۆران بۆ ئەوە دروست بو کێبرکێی ناشیرینی لەگەڵ یەکێتی و پارتی بکات، یەعنی هیچ نەماوە خیانەتکردن نەبێت تا خۆیانی پێبەراورد بکەن لەگەڵ یەکێتی وپارتی؟ لەو هەموو قسە زل و شیعاراتەوە هاتونەتە سەر ئەوە؟ جارێ ناتوانین لەوەیش دلنیا بین کە راست ئەکەن چونکە وەک یەکێتی و پارتی هێزی چەکدارتان نیە، ئەگەر بیانبێت دور نیە ئەوانیش وڵاتێک نەدۆزنەوەو کێشی کوردستانی نەکەن.
هەر بەجدی ئەمەوێ بزانم، بزوتنەوەی گۆران ئەوەندە خاڵی و بەتاڵ بووە لە خوێندەوار تا بە پاساونامەی کابرایەک لەژێر ناوی( چیتان لە گۆران ئەوێت) کە پڕەلە کوروزانەوەو شەرعیەتدان بە ڕاکشان و ملشۆڕی، ئاوا شاگەشکەیار بن و بەوخێراییە کۆستی گەنجێکی غەدرلێکراو لەبیر بەریتەوە، کە بەهیچ و خۆرایی خۆیکردە قوربانی بەرژەوەندی کۆمەلێک گیرفانخوازوساختەچی؟.
ئەم مەنتیقە لە قسەکردن و پاساوهێنانەوە بۆ شکست و تلۆر بونەوەی گۆڕان، هەمان ئەو مەنتیقەیە کە عومەری سەیدعلی و پیرو پەککەوتەو گەنجە گیرفانخوازەکان بۆ شکستەکانی گۆرانی دێننەوە، ئەوان خۆیان بە هۆکاری شکستەکان نازانن و ئۆبالەکەی ئەخەنە ئەستۆی خەڵک و ئەمو ئەو، کاکی نوسەریش سوژن لە چاوی خۆیدا نابینێت و باسی دەرزی ناوچاوی خەلک ئەکات.
ئەمجارە ئەمەوێت بزانم، هەربەجدی تا ئێستا نەگەیشتونەتە ئەو بروایەی شاری سلێمانی گۆرانی بەجێهێشتوە! بەراستی سەیرە لە 500 هەزار دەنگەوە ببیتە 180 هەزارو هێشتا پێتوابێت خەڵک بەجێینەهێشتویت، ئەی ئەو شەوەی بە قەولی خۆتان پەلاماردران هەر بۆتان ڕوننەبۆوە کە چەند دەورتان چۆڵە؟ بەوەشدا هەرنەتانزانی خەڵک خواحافیزی لێکردون؟.
ئەمەوێت ئەوەش بزانن، ئەگەر پارتی ویەکێتی جارێک شەرمەزار بن، ئەوا ئێوە دوو جار، ئەوان بە ئاشکرا دزو گەندەڵو سەرکوتکارن، بەڵام گۆران شەریکە دزو دەستبڕو متمانە کوژە، لەژێر ناوی عەدالەتخوازی و دژایەتیکردنی گەندەڵیدا بوە بە هێزیکی مەترسیدارو بار بەسەر شانو قوتی خەڵکەوەو، زۆر بێچاوڕوانە لەکێبەرکێی توندایە لەگەڵ یەکێتی بۆ جانتاهەلگری و پاشکۆیەتی پارتی.