پهرلهمان بهربژێری خۆی دیاریكرد
2019-06-12 08:38:36
سەلام عەبدوڵا
دوێنێ لە دانیشتنێكی ئاسایی پەرلەماندا فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەربژێری خۆی دەستنیشان كرد كە بەڕێز مەسرور مسعود مستەفا بارزانییە.
لە دەنگدانێكی ئاشكرادا لە كۆی 97 پەرلەمانتار كە ئامادەی دانیشتنەكە بوون بەربژێری پارتی 87 دەنگی هێناو بووە كاندیدی دەستنیشانكراوی خۆی كە بدرێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە داوای لێبكات كابینەی نوێی خۆی لە ماوەی یەك مانگدا پێكبهێنێت.
وا چاوەڕوان دەكرێت كە كاری پێكهێنانی حكوومەت درێژە نەكێشی، چونكە نوێنەرانی پارتی ماوەیەكی دوورودرێژە لە دانوستاندابوون لەگەڵ لایەنەكان، بۆیە هیوا زۆرە كە كابینەی نوێ لە ماوەیەكی كورتدا دەستبەكار بێت.
بەڕێز مەسرور بارزانی خاوەنی ئەزموونێكی سیاسی دوورودرێژە و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە و لە دەستگایەكی گرنگی هەرێمدا بەرپرسیاری گرتۆتە ئەستۆ كە ئامانجی پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و دانیشتوانی بووەو بە دانپێدانانی یارو نەیاری بەڕێزیان لە كارەكانیدا سەركەوتوو بووەو چەندین تۆڕی تیرۆریستی و سیخوڕی هەڵوەشاندۆتەوەو هەمیشە چاوێكی بە ئاگاو بە ئەزموون بووە بۆ پاراستنی هەرێمەكەمان، ئەمە جگە لە مێژووی دوورودرێژی خانەوادەكەی كە زیاتر لە سەدەیەكە خەبات دەكەن و قوربانی بۆ گەلەكەمان دەدەن و هەمیشە داكۆكیكارێكی سەرسەختی دوژمنانی كوردستان بووەو گەورە پیاوی مەزنی وەكوو شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی و سەرۆكی نەمر مستەفا بارزانی و كاك ئیدریسی شەهیدی هەمیشە زیندوو و سەركردەی هەمیشە پێشمەرگە سەرۆك مسعود بارزانی و دەیان سەركردە و سیاسەتمەدار و خەباتگێڕو پێشمەرگەی قارەمانی تێدا هەڵكەوتووە كە جێی شانازین و بوون بەلایەنێكی گرنگی مێژووی گەلەكەمان. لە ئاستی دیبلۆماسیشدا كارامەیی خۆی نواندووە، چونكە هەر شاندێكی باڵای دیبلۆماسی و سەربازی سەردانی هەرێمی كردبێت سەردانی بەڕێز مەسرور بارزانی و دەستگا گرنگەكەی كردووە، ئێمەش لە دڵەوە داوای سەركەوتنی لەم كارە نوێیە بۆ دەكەین كە دڵنیاین بە ئەزموون و شارەزایی و كارامەیی خۆی لەم كارەشیدا سەركەوتوو بێت و لە بواری حوكمڕانیشدا كارامەیی و توانای سیاسی خۆی بخاتە خزمەتی دۆزی رەوای گەلەكەمان بكات.
كاری سەرەكیشی دەبێ دابینكردنی ئەمن و ئاسایشی تێكڕایی هەرێم و دانیشتوانی بێت و هەوڵی بێوچان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و شڕەخۆر و دابینكردنی بژێوی خەڵك و بەرزكردنەوەی داهاتی كارمەندانی مووچە نزم و كەمكردنەوەی جیاوازی نێوان مووچە زۆر و نزمەكان كە ئێستا هەستی پێدەكرێ، بێگومان هەموان پشتیوانی و پشتگیری دەبین.