Draw Media

مردن و چەق بەستویی ژیانی سیاسی

مردن و چەق بەستویی ژیانی سیاسی

2019-06-11 14:09:27


جەمال حەمەرەشید

هۆکار چیە حیزبی کوردی لە دواجاردا هەمویان لەیەک دەچن و شتێکی نوێ یان پێ نیە بۆ کۆمەڵگەی کوردی؟

یان بۆچی ئەو حیزبانەی جاران بە ئۆپۆزسیۆن ناسرا بون، شکستیان هێنا لە بەردەوامی دان بەو رَێگەیەو ئێستا جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە لەگەڵ حیزبەکانی دەسەڵاتدا؟

یان ئایا بۆچی حیزبی کوردی بە کۆن و نوێ وە لەلایەن دەسەڵاتەوە قوت دەدرێت و ڕۆحی بەرگری کردن تا ماوەیەکی زۆر بڕ ناکات؟

تا واقعی سیاسی ئەم هەرێمە گەیشتە ئەوپەڕی نا ئومێدی لە ئێستادا ؟

پێم وایە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە چەندین هۆکار هەیە، بەڵام بە ڕای من سەرەکی ترین هۆکار و گرنگترینیان مردویی ژیانی سیاسی ناو خودی حیزبی کوردیە. 

بەو پێیەی حیزبەکان خولقێنەر و پێکهێنەری سەرەکی ژیانی سیاسی هەر وڵاتێکن، ڕادەی زیندوێتی ژیانی سیاسی هەر وڵاتێکیش پەیوەندی ڕاستەخۆی هەیە بە چەندێتی زیندویی مومارەسەی سیاسی لە ناو خودی حیزبەکانی هەر وڵاتێک.

با بزانین بۆچی مومارەسەو ژیانی سیاسی نێو خودی حیزبی کوردی مردوە؟

ئەوەی دەیبینین لە حیزبی کوردی، هەمویان، بە ئیسلامی و عەلمانیەوە، زۆر بە ئاستەم سەرکردایەتیان نوێ دەبێتەوە، گۆڕانکاری لە سەرکردەو بڕیار بەدەستی حیزب ڕوو نادات مەگەر بە مردن، کە جاری وا هەیە لە دوای مردنی کەسی یەکەمی حیزب پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتی بڕیار بە میکانیزمی سروشتی خۆیدا ناڕوات.

 ئەم حاڵەی حیزبی کوردی کە تەمەنی سەرکردایەتی و بڕیار بەدەستی ئەم حیزبانە بۆ زیاتر لە بیست ساڵ و بگرە زیاتریش درێژ دەبێتەوە و  پێگەو پۆستەکانیان بۆ کادری گەنج و توانای نوێ چوڵ ناکەن. ئەمەش وا دەکات لەگەڵ پیر بون و لاوازی توانای سەرکردەکان، حیزبیش پیر و لاواز بێت و نەتوانێت وەک پێویست وەڵامدەرەوەی پێویستی و داخوازیەکانی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگە بێت.

بە سروشتی حاڵ کاتێک مرۆڤ پیر دەبێت و تەمەنی هەڵدەکشێت بەرەو ژوور، ڕۆحی بەرگری واقعی باوی تێدا کەم دەبێتەوەو ناتوانێت وەک سەردەمی گەنجی تەحەددای واقع و خراپیەکانی واقعی کۆمەڵگە بکات و زیاتر هەوڵ دەدات موسایەرەی واقعی باو بکات و دەسەڵات لە خۆی ڕازی بکات و بە بانگەشەو بیانوی جۆرا و جۆر سازش لە سەر مافەکانی خەڵک دەکات بۆ دەسەڵات.

ئیتر ووردە ووردە ئەم حیزبانە میسداقیەتیان لای جەماوەر دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و متمانە لە دەست دەدەن.

لە کاتێکدا کە سروشتی گەنج پێچەوانەیەو زیاتر ڕۆحی بەرگری و هەوڵی گۆڕینی واقعی باوی تێیدا بەهێزە.

حیزبیش کاتێک لە کاتی سروشتی و پێویستی خۆیدا سەرکردایەتیەکەی نوێ نەکاتەوە و سەرکردە پیر و بێ تواناکانی نەگۆڕێت بە کادرە گەنج و بە تواناکانی، ئەو کاتە ژیانی سیاسی لە ناو خودی ئەو حیزبەدا دەمرێت و ئەم مردنەش کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر مراندن و نوێ نەبونەوەی کۆی ژیانی سیاسی لە وڵاتدا.

بۆ نموونە دەبینین لە باشوری کوردستان ئەو حیزبانەی کە جاران ئۆپۆزسیۆن بوون و جێگەی ئومێدی خەڵک بوون و دواتر رۆژ لە دوای ڕۆژ متمانەی جەماوەریان لە دەستداو ژیانی سیاسی ئەم هەرێمەیان دوچاری چەقبەستویی و نا ئومێدی سیاسی کرد، دەبینین زۆربەی سەرکردایەتیەکانیان ئەوانەن کە زیاتر لە بیست ساڵە لەو پێگەو پۆستانەدان یان ئەو دەموچاوانەن کە لە حیزبە کۆنەکانیشیاندا هەر خاوەن بڕیاڕ بوون. 

ئەمە جگە لەو ڕاستیە کە لە زانستی کارگێڕیدا دەڵێت مانەوەی هەر کەسێک لە پێگەو پلەو پۆستێکدا بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ هۆکارە بۆ گەندەڵ بونی ئەو کەسە و جگە لە لاواز بونی توانای بەرەو پێش بردنی کارو داهێنان لە کارەکەیدا.

لە لایەکی ترەوە مانەوەی زۆری کەسەکان لە پێگەو پلەو پۆستەکانیاندا ئەو هەلەیان بۆ دەرەخسێنێت کە کە بە چەندین هێڵی بەرژەوەندی جیاوازەوە بە دەسەڵاتەوە ببەسترێنەوە، ئیتر بەرژەوەندی حیزبیش ببێتە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی تایبەتی کەمینەیەکی خاوەن بڕیاری حیزب و حیزب لە جیاتی ئەوەی هۆکاری بەرەوپێش بردن و خزمەتی گشتی بێت، دەبێتە هۆکاری خزمەتی بەرژەوەندی تایبەتی سەرکردەکانی.

بەم شێوەیە حیزب بەرەو سازش و تەسلیم بونی تەواو بە دەسەڵات دەڕوات.

لێرەوە ئەگەر دەمانەوێت واقعی چەق بەستوی ژیانی سیاسی وڵات ڕزگاری بێت دەبێت سەرەتا خودی ژیانی سیاسی ناو حیزبی کوردی لە مردن ڕزگار بکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand