بەكاتی كوردستان
2019-06-09 12:13:16
ئاریان فەرەج
بەرلەوەی سەرۆك داوای پێكهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی سەربەخۆیی لە حزبەكان بكات، بەرلەوەی گەلی كوردستان لە رێی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانیەوە و بە رابەرایەتی سەرۆك لە ٧/٦/٢٠١٧ بڕیاری ریفراندۆم بدات، شۆڤێنی و ناحەزان دەمێك بوو ژووری ئۆپەراسیۆنی دژایەتی كورد و بچوككردنەوەی كوردستانیان پێكهێنابوو. دەمێك بوو شەڕی سیاسی و ئابورییان لە دژی كورد بەرپا كردبوو، كاروانی پەرەسەندن و گەشەی كوردستانیان راگرتبوو و خۆیان بۆ شەڕی لەشكری ئامادە دەكرد و چاوەڕێی كاتی گونجاو بوون.
لەسەروبەندی شەڕی موسڵ و دواخستنی ئازادكردنی حەویجەدا، بە ئاشكرا دیار بوو هێزیان بۆ پەلاماردانی كەركوك كۆدەكردەوە. هەوڵەكانیان بۆ ئەوەی بەرەیەكی فراوان لە ناوخۆدا بكەن بە گژ بارزانی و كوردپەروەراندا، زۆر پێش ریفراندۆم بوو. هێشتا كورد باسی ریفراندۆمی نەكردبوو كە ئەوان بڕیاریان دابوو گەشە و پەرەسەندنی كوردستان و سەركەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا ئاماژەی ترسناكن و دەبێ بەریان پێ بگیرێ و كوردستان بخرێتەوە قاوغەكەی جارانی و پشت هێڵی سەوز.
ریفراندۆم دەبوا لەو ئان و ساتەدا بكرێ تا كورد بە یەك دەنگ بە شۆڤێنییەكان و بە دونیاش بڵێ: ئەگەر ئێوە فدرالیتان بۆ كورد پێ زۆرە، ئەوا كورد بە كەمتر لە سەربەخۆیی قایل نییە و خۆی لە هیچ میللەتێكی دنیا بەكەمتر نازانێ.
لەسەد ساڵی مقاوەمەتی نەتەوەی كورددا دژی بندەستی و داگیركاری، هیچ دەنگ و سەڵایەكی لە ریفراندۆم بەرزتر و یەكگرتوانەتر نەبووە. هەرگیز تا ئەوكاتە جیهان بەو زوڵاڵییە دەنگی ئازادیخوازانەی كوردی نەبیستبوو. یەكەم جار بوو لە مێژوودا رۆڵەكانی كوردستان بە رەغمی ناكۆكی حزبەكان و بە رەغمی هەڕەشە و فشار، بەیەك دەنگ بەڵێ بۆ یەك ئامانج بكەن. ئەو (بەڵێ)یە سەلماندی ئێمە نەتەوەین، نەك دابەشی خێڵ و تیرە و ئەحزاب و گروپ و ناوچە و ئامانجی جیاجیا. ریفراندۆم بڕیاری یەكگرتووی نەتەوەی كورد بوو بە تەوقیتی كوردستان.
ئەوانەی بە ریفراندۆم دەڵێن سەقەت و كەتن و ناوەخت، بەتاڵن لە كوردبوون و خۆبەمرۆڤ زانین، دەستەمۆ وسەركز و چاوشۆڕ و تەسلیمی بندەستین. دەنا ریفراندۆم ئازادیخوازی بوو، هیچ كاتێك بۆ ئازادیخوازی ناوەخت و زوو نییە، وەك چۆن هەموو كات و زەمان و سەردەمێك بۆ بندەستی، ناڕەوا و درەنگ و ناوەختە.