گەڕەلاوژێی سیاسی لە هەرێمی كوردستان
2019-06-09 11:44:37
كەمال چۆمانی
- مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانیی لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا دەبێت، زۆر رونە کە ئامانج لێی ریسواکردنی پارلەمانی کوردستانە. بارزانی لە تەواوی ژیانیدا حیسابێکی بۆ پارلەمان نەکردوە تا ئێستا بچێت لەوێ سوێند بخوات.
- پارتی لەبەر خاتری گەلی کوردستان و عێڕاق و باشترکردنی پەیوەندییەکانیان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ یەکێتیی هەرگیز دانی بە بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆمار نەنا. کەچی تەنها بۆ بەهێزکردنی شەرعییەتی نێچیرڤان بارزانی، وەک کوڕی بنەماڵە، ئامادەن پێشوازییەکی گەرم لە بەرهەم ساڵح بکەن. بەرهەم ساڵحیش ساڵێکە رێی هەولێری پێنادرێت، کەچی ئامادەیە ئێستا تەنها بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەتی سەرۆکایەتیی کۆمار لەلایەن پارتییەوە، سوکایەتیی یەک ساڵی رابردوی قبوڵ بکات.
- تەنها نەوەی نوێ ئامادە نییە بچێتە هۆڵی سەعد عەبدوڵا -تا ئێستا-، تەنها نەوەی نوێش سبەی رۆژێ هەقی ئەوەی هەیە کە گلەیی لە نێچیرڤان بارزانیی بکات کە هیچ حیسابێک بۆ پارلەمان ناکات و قانونەکانی جێبەجێناکات.
- یەکێتی زۆر کۆمیدیی بو لە ماوەی رابردو لە دەنگدان بە بارزانیی و پرسیی کەرکوک. جەماوەری ئەو حیزبە زۆر گوناهن، جێی بەزەیی پێدا هاتنەوەن. هەر رۆژێک هەڵوێستێک لە حیزبەکەیان دەبینن، حەماسەتی یەکێتییایەتییان دەچێتەوە ساڵانی سەرەتای نەوەدەکان، کەچی دوای دو رۆژ بەتەواوی بێهیوا دەکرێن. ئەو جەماوەرە زۆر سەیرە بۆچی لە حیزبەکەی تێناگات؟
- گۆڕان ئێستا بۆ شەرعاندنی بێهەڵوێستییەکانی گەڕەلاوژێی یەکێتیی دەکاتە پاساو. دوای هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانیی و دەستنیشانکردنی مەسڕوڕ بارزانیی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت، گۆڕان چەند کەسێک دەستنیشاندەکات بۆ پۆستەکان، دوای ئەمە، ئەوانەی لە گۆڕان پۆستیان بەرناکەوێت خراپ دەکەونە کەوڵی گۆڕان. گۆڕان هێندەی لە رێبازی یەکێتیی دوای دەستەلکارکێشانەوەی کاک نەوشیروان لە یەکێتیی نزیکە، چارەکێک لە رێبازی کاک نەوشیروان نزیک نییە دوای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان.
- ئیسلامییەکان هێشتاش وا دەزانن رێکخراوی خێرخوازیی و چاککردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانن. ئۆپۆزسیۆنبونی ئیسلامییەکان بەو جۆرە ئامانجێک ناپێکێت. پێویستە قبوڵینەکەن کۆبونەوەکە لە دەرەوەی پارلەمان بێت.
ئەوانەی سەرەوە بەشێکن لەو گەڕەلاوژێ و بێئەخلاقیی سیاسییەی هەرێمی کوردستان. ئەوەی ئەو هێزانە دەیکەن، هیچی لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتیمان نییە، هەر بۆیە هیچ کاتێک نە دۆستایەتییان و نە ململانێکانیشیان دەکەونە خزمەتی خەڵک و نیشتیمانەوە. پێویستمان بە جۆرێک لە هێز و سەرکردەیە کە خاوەنی ئیرادە و پرەنسیپڵ و دونیابینیی و ئایندەبینیی بن کە لەسەر ئەو بنەمایانە پەیوەندیی و سیاسەتیان رێکبخەن تا بەڵکو هەنگاوێک بچینە پێش.