جەماعەتی ڕیفراندۆم
2019-06-08 09:18:13
ئاوات عەبدوڵا
كێشەكە لای من ئەوەنیە، بڕیاری ڕیفراندۆم تاچەند هەڵەبوو، دوای ئەو هەموو كارەساتەی بەسەرمان هات هیچ یەكێك لەسەركردەكانی ڕیفراندۆم نەهات داوای لێبوردن بكات، لانی كەم خۆی بخاتە ژێرباری كێشەكانەوە، هەموان بێمنەتی خۆیان نیشان دەدەن، باشە ئەی ئەگەر ڕیفراندۆمەكە سەری بگرتایە ئەوكات چی، وەك دەڵێن سەركەوتن خاوەنی زۆرە، بەڵام ئەی كێ تەحەمولی شكستەكان دەكات، بۆچی تائێستا كەسێك نەهات پێمان بڵێت سەبەب چی بوو ئەو مەینەتیو كارەساتەیان بەسەرهێناین، ئەی نابێت بزانین بۆ وایان لێكردین ؟ لەهەموو شوێنێكی ئەم دنیایە كاتێك شتێك ڕودەدات كەسێك هەیە بێتو هیچ نەبێت ڕونكردنەوە بدات، بەخەڵكەكەی بڵێت هۆكاری ئەو مەینەتیەی بەسەریان هاتووە چیەو چی نیە.
من تەنیا مەبەستم لەڕووە هەرە دیارەكەی ڕیفراندۆم نیە كە دەكاتە مەسعود بارزانی، هەمووان دەزانین خەتاباری سەرەكی ئەوە، بەڵام ئەوانەی بەدزیەوە دیفاعیان لەڕیفراندۆم دەكردو خۆیان دەرنەدەخست، ئەی ئەوان لەكوێن ؟ ئەوان بۆچی ڕونكردنەوەیەك نادەن بۆ پێمان ناڵێن ڕاست بوون یان هەڵە ؟!
بێگومان دەزانن وەڵامەكەیان بێ پاشكۆ تێناپەڕێت، ئەگەر هەڵەبوون گوناهمان چیە ئەو هەموو هەڵەیەمان لەسەر تاقی دەكەنەوە، ئەگەریش ڕاست بوون، كوا دەرئەنجامە باشو پۆزەتیڤەكانی ڕیفراندۆمەكەیان ؟
لەكۆتاییدا دەبێت ئەوەش بڵێم هیچ میلەتێكی دنیا بەهێندەی كورد زەلیلو بێ دەسەڵات نیە، هیچ میلەتێك نیە بەهێندەی كورد لەبەرانبەر سەركردەو بنكردەكانیدا هێند بێدەسەڵاتو بێچارە بێت، هیچ گومانیشم نیە لەسایەی ئەو زەلیلیو بێچارەییەی ئەم میلەتدا كارەساتی زۆرترو گەورەتر چاوەڕێمان دەكات، بەمەبەست دەڵێم لەسایەی زەلیلیو بێچارەیی میلەت نەك گوندەییو ملهوڕی دەسەڵاتو سەركردەكان، چونكە ئەوەی بەسەرمان هاتووەو بەسەریشمان دێت هۆكاری سەرەكی زەلیلی خەڵكە نەك زۆرداری دەسەڵاتو حزبو سەركردەكان ؟!