بە تەنها جێیان مەهێڵن
2019-06-08 08:52:17
هێمن عەبدولقادر
ئۆشۆ لەیەکێک لە ووتارە بە ناوبانگەکانی خۆیدا چیرۆکێکی سەرنج ڕاکێشمان بۆ دەگێڕێتەوە ، چیرۆکەکە ئایا وەک میتافۆر و لەبری دانانە یان هەر راستیە ئەوە هیچ لە راستی ناوەڕۆکەکە و ماناکانی پشت چیرۆکەکە کەم ناکاتەوە ، دەڵێ :-
لە هیندستان ناوچەیەک هەیە ، خەڵکی ئەم ناوچەیە ئەگەر بیانەوێت درەختێکی گەورەی پێگەشتوو لە سەر ڕێگاکانیان لابەرن ، درەختەکە نابڕنەوە ، نایسوتێن ، تەور و مشار ناخەنە جەستەیەوە و دەمارەکانی بپچڕێنن ، گەڵاک و لقەکانی لێناکەنەوە تا گەشەنەکات، نەوت ناکەنە ناو ڕەگەکانیەوە هەتا ووشکی بکەن ،
خەڵکی ئەم ناوچەیە ، ئەگەر بیانەوێت درەختێک لە دارستانەکە داببڕن یان لەناوی بەرن ، سەرەتا ماوەیەکی زۆر ڕۆژانە دەچنە بنی درەختە کە و پێ ئەکەنن ، هەموو ڕۆژێک دەچنە بنی درەختەکە و گۆرانی دەڵێن ، بەسەرهاتی خۆش دەگێڕنەوە ، سفرە رادەخەن ، شادی دەردەبڕن ، لە پاش خۆیان ، بەدەنگی بەرز سوپاسی درەختەکە دەکەن ، بەجۆرێک هەتا درەخەتەکە لە گەڵیان ڕادێت و بە تەواوی هۆگریان دەبێت
پاشان کە کاتی بڕینی درەختەکە هات ، چەند کەسێک لەوانەی کە ڕۆژەنە نوکتە و گۆرانی و پێکەنین و شادی و هۆگریان بە درەختەکە بەخشیوە ، توند توند باوەش بە درەختەکەدا دەکەن و پاشان و ڕای دەوەشێنن و ئیتر بۆ ماوەیەکی زۆر ، بەجێی دەهێڵن و بەم کارە ووردە ووردە درەختە دەست دەکات بە فەوتان و ووشک بوون و لە بن دێت.
بەشی زۆری ئەوانەی دەبنە کەسێکی توندو تیژ ،
بەشی زۆری ئەوانەی کە دەکەونە کونجی زیندانەوە ،
بەشی هەرە زۆری ئەوانەی دەبنە تریاکی یان ئەفیونی یان تاوانبار
بەشی هەرە زۆری ئەوانەی کێشەی خێزانیان بۆ دروست دەبێت
لە بنەڕیتدا هیچ کرۆمۆسۆمێکی تاوانیان نیە ، ئەسڵەن ئەوانە هەموویان مرۆڤی بێ تاوانن ،
تاوانبار ئێمەین کەهەمیشە بەچاوی گومانەوە سەیریان دەکەین
تاوانبار ئێمەین کە یارمەتیان نادەین
لەگەڵیان تێکەڵ نابین ، نایان لاوێنینەوە
چەندین جار ئەو حاڵەتانەمان بینیوە (ئێمە حاشامان لێکردووە)
درەختێک ئەگەر هۆگری خۆشەویستی و ڕێز بێت و پاش ماوەیەک لێی بگریتەوە ووشک ئەبێت ، ئەی مرۆڤێک کە خێزان و هاوڕێ و کۆمەڵگا هەرهەموویان فڕێیان داوە ئەبێت چی بەسەر بێت ؟
فەرهاد ووتەنی :- (قەرەجەکان هیچ کەسێکیان لێ زیاد نیە، هەر بۆیە کاتێک قەرەجەکان کۆچ ئەکەن ، شێتەکانی خۆشیان بە جێناهێڵن ، ئەوان شێتەکانی خۆشیان لەگەڵ خۆیان دەبەن)
کەچی ئێمە
( منداڵەکانمان .. عاقڵەکانمان .. کەسە نزیکەکانمان) بەجێ هێشتووە ، هەتا شێت دەبن
نوقتە سەری دێڕ ...