حیكایەتی ریفراندۆم
2019-06-07 12:42:00
سەرتیپ جەوهەر
كۆبونەوەكان بەردەوام بوون
لەگەڵ بەردەوامبونی مشتومڕی پرسی راپرسیكردن لەكوردستان، كۆبونەوەو ئامادەكارییەكانی ئەو پرۆژەیە گەرمتر دەبوو، پارتی رشتتر دەبوو لەسەر پرۆژەكەو دۆخی ناوخۆی یەكێتیش لەبارەی ئەو پرسە ئاڵۆزتر دەبوو، مشتومڕی بڕیاردان لەسەر ئەو پرۆژەیە گەرمترو داختر دەبوو، كەمینەیەكی دیاریكراو لەمەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی سوربون لەسەر چونە ناو پرۆژەكەی پارتی و بەشدارییان لەكۆبونەوەكانی بەناو لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا دەكرد، زۆرینەی سەركردایەتیش نەیدەتوانی رێگریی بكات لەبڕیارو جموجۆڵەكانی بەشێك لەمەكتەبی سیاسی، لەهاوبەشی و شەراكەتیان لەگەڵ پارتی، بەشێوەیەكی گشتیش بنكەی جەماوەری یەكێتی لایەنگری زۆرینەی سەركردایەتی دەكرد، لەنەیاربون و رەتكردنەوەی راپرسیی لەوكات و لەو قۆناغەدا.
ئەو مشتومڕە هەر لەناوخۆی یەكێتیدا نەبو، حزبەكانی دیكە بەپارتیشی گرتبۆوە، لەناوخۆی پارتی باڵێكی سنوردار دژایەتی راپرسیان دەكرد، دەتوانین بڵێین شەرمنانە تەنها نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، دژی پرۆژەكە بوو، بەڵام هەژمونی مامی (مەسعود بارزانی) بەسەر بڕیاردان لەناوخۆی پارتی، ئەو ناڕەزاییەی نێچیرڤانی بەتەواوی داپۆشی بوو، بەپێی ئەو چاوپێكەوتنانەی لەوبارەیەوە كردم، بەشێك لەوانەی نزیك بوون لەبڕیاردانی راپرسیكردن لەلایەن پارتی و بەشێك لەیەكێتی، نێچیرڤان بارزانی لەهەندێ بارودۆخدا تكای كردووە رێگری لەمامی (مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن، پەشیمان ببێتەوە، بەڵام سودی نەبووە.
لەناوخۆی حزبەكانی دیكە بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان مشتومڕ لەسەر ریفراندۆم دروستبو، ئەوەی دەبینرا یەكگرتووی ئیسلامیی هیچ رێگرییەك یان تێبینی و سەرنجێكی نەبوو لەسەر پرۆژەكەی بارزانی، بەبێ دەنگی بەشداری هەموو هەنگاوێكی پرۆژەكەی دەكرد، بەحزبێكی بێ هەڵوێست ناسراو بوو، هەندێك پێیانوابو یەكگرتوو وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر هێڵی بەرژەوەندییەكانی توركیایە، بۆیە لەهەموو پرۆژەیەكدا هاوڕای پارتی دیموكراتی كوردستانە.
لەناو بزوتنەوەی گۆڕان مشتومڕو باسێكی زۆر لەسەر ریفراندۆم هەبوو، گرفتی گۆڕان لەگەڵ پرسی داخستنی پەرلەمان بوو، خۆیان بەبریندار دەبینی لەبەرامبەر هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015 رێگریان لێكرد بچێتەوە پەرلەمان و وەزیرەكانیشی لەحكومەت دورخستەوە، بۆیە زۆرتر سەرنجیان لەسەر پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان و گەڕاندنەوەی سەرۆكی پەرلەمان بوو بۆ پەرلەمان، بەجۆرێك قەرەبوی حزبەكەیان بكاتەوە لەو شكۆ شكاندنەی پارتی لەسەروی قانون و هەموو مەنتقێكی سیاسی دژی بزوتنەوەی گۆڕان و دامەزراوەی قانون دانان لەكوردستان كردی.
ئەگەر تەماشای میدیای گۆڕانت كردبا، جۆرێك لەدژبون هەبوو، بەڵام دژی ریفراندۆم نەبوو بەڵكو دژی میكانزم و شێوازی خستنەڕوی ریفراندۆم و بەقانونی كردنی ریفراندۆم بوو.
ئەوەی دەبینرا تەنها كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان هەڵوێستێكی روون و جێگیری هەبوو، بەڵام بەشێوەیەكی گشتیی زۆربەی لایەنەكان بەوانەیشی لەناوخۆی یەكێتی ئەوەندەی پێیانوابوو پرۆژەیەكە بۆ سەرقاڵكردنی خەڵك و پرۆژەو پێشنیارێكی كاتییە، لەوباوەڕەدا نەبوون ببێتە پرۆژەیەكی جددی و سەرەنجام دۆخی كوردستان ئاڵۆز بكات، بەتایبەت شەڕی داعش كۆتایی دەهات و پێیانوابوو بارزانی ئەو پڕۆژەی خستۆتە رۆژەڤ بۆ زیاتر مانەوە لەپۆستی سەرۆكایەتی هەرێم.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەكەش، هیدی هێدی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا بەنهێنی و ئاشكرا دژایەتی خۆیان بۆ راپرسی و سەربەخۆبونی كوردستان دەردەبڕی، بەبێ ئەوەی بچنە وردەكاریی هۆكاری دژبونیان، بەڵام دیارە بەرژەوەندیان لەمانەوەی عیراق بوو بەو سنورەی ئێستا هەیەتی، بەبێ گوێدانە مافی كوردو مافی چارەی خۆنوسینی گەلان!
لە كۆتایی نیسانی 2017 سەردانی بەغدام كرد، بۆ نوسین لەسەر رەوشی كورد لەبەغدا، سەرەنجام كتێبێكم نوسی بەناوی (كورد لەبەغدا)، زیاتر لەهەفتەیەك لەوێ مامەوەو ژمارەیەكی زۆر لێپرسراوی حكومەت و پەرلەمانتارو كاربەدەستی عیراقییم بینی، لەبارەی بارودۆخی كوردستان و عیراق و ئایندەی ناوچەكە ئالوگۆڕی بیروڕمانكرد، یەكێك لەو پرسانەی لەو گەشتە رۆژنامەوانییە گرنگیم پێدا، پرسی سەربەخۆیی كوردستان و پڕۆژەی ریفراندۆم بوو. لەوێدا زۆربەی پەرلەمانتارانی یەكێتی و گۆڕان و تەنانەت جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش بەزانیارییەوە تەئكیدیان كردەوە كە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا و ناوچەكە بەتەواوی دژی پڕۆژەی راپرسیكردنی كوردستانن.
سەردانەكەم ئەوكاتە بوو، كە ژمارەیەك ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا نامەیەكیان بەنوێنەرایەتی زیاتر لە 28 وڵاتی ئەوروپا، بەڕەسمیی رادەستی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كردبوو. لەخاڵی یەكەمی نامەكەدا، تەئكیدیان كردبۆوە كە ئەوان وەك وڵاتانی ئەوروپا پشتیوانی لەیەكپارچەیی خاكی عیراق دەكەن، بەو مانایەی دژی پارچەبونی عیراق و جیابونەوەی كوردستانن.
ئەوكاتە شەڕی داعش لەكۆتایی نزیك دەبویەوە، زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای موسڵ و سەڵاحەدین كۆنترۆڵكرابویەوە، وەفدێكی زۆری وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكاو وڵاتانی دراوسێ سەردانی عیراق و كوردستانیان دەكرد، كوردو پێشمەرگە ناونیشانێكی دیاری رۆژنامەو میدیای جیهانی بوون، تەنانەت لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتیش كوردو پێشمەرگە بەبەرەنگاربونەوەی تیرۆرستانی داعش لە ئەوروپا ناسرابوون، سەرۆك و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی دەرەوەو بەرگریی ئەمریكاو ئەوروپاو دەرودراوسێ رویان لەكوردستان دەكرد، رۆژ هەبوو سێ وەزیری وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا بەسەردان دەهاتنە كوردستان و لێپرسراوانی كوردستانیان دەبینی، پێشمەرگەو سەنگەرەكانی روبەڕوبونەوەی تیرۆرستانی داعشیان بەسەردەكردەوە.
لەو ماوەیەدا، كە وەفدێكی زۆری وڵاتان رویان لەكوردستان دەكردو میدیای ئەوروپاو ئەمریكا رویان لەپێشمەرگەو كوردستان كردبو، سەركردایەتی كورد نەیتوانی سود لەو دۆخە وەرگرێت و بەقازانجی خەڵكی كوردستان ئاراستەی بكات، لەلایەك كێشەو گرفتی جددی لەكوردستان هەبوو كە مایەی جۆرێك لەشەرمەزاریی بوو بەرامبەر وەفدو نێردەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا، بەتایبەت ئەوكاتە پارتی دیموكراتی كوردستان رێگری لەسەرۆكی پەرلەمان كردبو، وەزیرەكانی گۆڕانی لەكار دورخستبوەو بارودۆخی سیاسی بەتەواوی چەقبەستو ببو، هاوكات ئەو وەفدانەی دەهاتن بەرنامەی كاریان لەلایەن كادرانی پارتی لەحكومەت بۆ دادەنراو زیاتر كاربەدەستانی پارتیان لەحكومەت و حكومڕانی كوردستان دەبینی، بۆ نمونە دەبینین وەفدێكی پەرلەمانی ئەوروپا لەسەرەتای 2016 هاتە كوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم و جەعفەر ئیمنیكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و مەسرور بارزانی و كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی بینی و گەڕایەوە، ئەگەر تەماشا بكەین لەو پێنج شوێنەی وەفدەكەی سەردانیان كرد، هەر پێنجیان لێپرسراوانی پارتی بوون، ئەمەش نیگەرانیی و بێزاری لای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و حزبەكانی دیكە دروستدەكرد، بەو پێیەی هەم سەرۆكایەتی هەرێم ماوەكەی بەسەرچوەو ناكرێت لەبری خەڵكی كوردستان هیچ كەسێك بەناوی سەرۆكی هەرێم وەفد ببینێت و هەمیش حكومەتی هەرێم نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵكی كوردستان ناكات.
هەر ئەوكاتەی لەبەغدا بووم لە كۆتایی نیسانی 2017، شەوێكیان لێپرسراوێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عیراقم بینی، دانیشتن و گفتوگۆی زۆرمانكرد، پێی باش نەبوو چاوپێكەوتن یان بە ناوی خۆیەوە زانیاریم پێبدات، زۆر بەوریاییەوە لە بارەی بارودۆخی كوردستان و هەڵوێستی وڵاتان لە لەمەڕ كوردستان و هاوكات فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێم قسەی دەكرد، گفتوگۆیەكی كراوەم لە گەڵیدا كرد.
ئەو پێی وابوو داخستنی پەرلەمان و دورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان و كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم كاریگەریی نەرێنی كردووەتە سەر هەڵوێستی وڵاتان و ڕوونیكردەوە كە بەشێك لەو وڵاتانەی پشتیوانی كوردیان دەكرد بە هۆی شەڕی داعشەوە لە پشتیوانیەكەیان ساردبوونەتەوە و وەكوجاران گەرموگوڕ نین.
ئەوكاتە پێشبینی دەكرا دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش ئەو سەردان و هاتوچۆیە بۆ كوردستان كەمتر ببێتەوە، چونكە بەشێك لەوانەی دەهاتن تەنها سەردانی بەرەكانی شەڕیان دەكرد یان سەربازگەی مەشقپێكردنی هێزی پێشمەرگەیان بەسەردەكردەوە.
نەك تەنها ئەو ئاگاداركردنەوەیە، بەڵكو لەژمارەیەك دیداری رەسمیی و نا رەسمیی ئەوروپییەكان و ئەمریكاییەكان بەوەفدو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و تەنانەت بزوتنەوەی گۆڕانیشیان وتوە كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك پشتیوانی لەریفراندۆم یان سەربەخۆیی كوردستان ناكەن لەو قۆناغەدا، ئەمەش لەبەرەنجامی بەرژەوەندی خۆیان.
لەیەكێك لەو دیدارانە وەفدێكی پەرلەمانی عیراق كە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد تێدادەبێت، لە سەرەتای حوزەیرانی 2017 كاتێك لەگەڵ لێپرسراوانی ئەلمانیا كۆدەبنەوە، بەڕۆشنی پەیامێكیان پێڕادەگەینن كە بەبێ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا ئەوان پشتیوانی لەپرۆژەی جیابونەوە لەعیراق ناكەن! لەوبارەیەوە شوان داودی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە لەو وەفدەبوو ئەو نامەیەی ئەوكاتە بۆ ناردم و نوسیبوی: