Draw Media

دەربارەی کۆبونەوەکەی (١٠) ی مانگ

دەربارەی کۆبونەوەکەی (١٠) ی مانگ

2019-06-05 18:42:45


ئادەم ئاودەل

(١٠ )ی حوزەیران بریار وایە سەرۆکی نوێی ھەرێم سوێندنی یاسایی بخوات ، سەرۆکێک کە نەک کێشەکانی ھەرێمی قوڵتر کردەوە بگرە پێشکەوتنەسیاسیەکانی  ھێنایەوە خاڵی سفر . بارزانی باوک بێ باک بوو لەوەی دوای ئەو دۆخە چی دەگوزەرێ و ھەر بۆیە نە رەزامەندی لەسەر یەکێک لە  (٣٩) کاندیدەکەی  یەکێتی نیشاندا بۆ پارێزگاری کەرکوک ، نە ئامادەش بوو کۆبونەوەکەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بۆ سەرۆکی ھەرێم دوابخات . لە سیاسەتدا دەوترێ (نە دۆست و نە دوژمنی ھەمیشەیی) ،  دەشوترێ (سیاسەت بە رق و تۆڵە سێندنەوەوە ناکرێ).  بەڵام رەنگە ئەم چەمکانە بۆ  کۆمەڵگەی کوردی و حیزبێکی وەکو پارتی دروست نەبێ ،  لۆژیکە رەسەنەکەی کورد کە دەڵێ (ھەموو کەسێک ئەبێ وەکو خۆی قسەی لەگەڵ بکەی) رەنگە باشترین و فریادرەسترین رێگا بێ کە پێویستە لەم دۆخەدا دژی پارتی بگیرێتە بەر .  کە بێ گومان بە سودی میللەت و کۆمەڵگە دەشکێتەوە . 
لە دیاریکردنی سەرۆک کۆماردا پارتی نە پیرۆزبایی کرد و نە ئامادەیی سوێندخواردن بوو ، جگە لەوەش سەرۆک کۆمار بە سەرۆک نازانێت و تەنانەت بەرپرسانی پارتی کاتێک سەردانی بەغدا دەکەن کە دەزانن سەرۆک کۆمار لە دەرەوەی وڵاتە ، سەردانەکەی ساڵی رابردوی بارزانی باوک بە نمونە. 

ئێستا قاعیدە و جەماوەری یەکێتی و شەقامی  زۆنی سەوز بەگشتی لەگەڵ ئەو لۆژیکەدایە کە نەرمی نواندن  لەگەڵ پارتی  زەرەرمەندیان دەکات،  ھەربۆیەش  لە ئێستا نیوەی شەقامی ھەرێم لەگەڵ  ئەوەیە دژی ئەو کەڵەگاییە بوەستنەوە کە پارتی پیادەی کردووە .  
ئێستا چاوەکان ھەمویان لەسەر یەکێتین کە ھەڵوێستێکی ئەوتۆی ھەبێ ھەم ھاوسەنگی بگێرێتەوە و ھەمیش کۆتایی بە ھەژمونی کەڵەگایی پارتی بھێنێت ،  لەم چەندرۆژەی دوایدا  مسعود بارزانی وتویەتی ( با یەکێتی بێ پارتی پارێزگاری کەرکوک دابنێ گەر پێی دەکرێ و دەتوانێ سەرکەوتوی  بکات) ئێ خۆ یەکێتی دەتوانێ بێ پارتی پارێزگاری کەرکوک دابنێ ھەم بە رێککەوتن لەگەل عرەب و تورکمان ھەمیش بە دامەزراندنی لە بەغداوە ، بەڵام یەکێتی پێی وایە بێ پارتی ناکرێ پارێزگار دابندرێ و پێویستیان بە رەزامەندی ئەوانە و بەم جۆرە کورد لەشارەکە زەرەرمەند دەبێ ، ئێ خۆ پارتیش راستە دەتوانێ بێ یەکێتی سەرۆکی ھەرێم ھەڵبژێرێت و دەست بەکار بێ ، بەڵام ئایە بێ یەکێتی سەرکەوتوو دەبێ؟؟؟ کەوایە وەک چۆن پارتی ئامادەنیە پاڵپشتی پارێزگارێک بکات کە خۆی دەنگی پێ نەدات ، حەقیش بە یەکێتیە کە پاشتیوانی نێچرڤان بارزانی نەکات کە یەکێتی دەنگی پێ نەداوە . پارتی دەنگی بەسەرۆک کۆمار نەدا، بەڵام سەرۆک کۆمار پێویستی بە دەنگی پارتی نەبوو ، ھەر وەک چۆن سەرۆک کۆمار بێ پارتیش دەتوانێ ئیشەکانی خۆی بکات و بگرە ھەر پێویستیشی بە پارتی و ناوچەکانی قەڵەمرەوی ئەو حیزبە نیە . بەڵام ئایە نێچیرڤان بارزانی پێویستی بە قەڵەمرەویی ناوچەی یەکێتی نیە ،؟؟؟ بێ گومان بێ ئەم ناوچەیە ناتوانێ ھیچ بکات و بەھۆی ئەو دۆخە واقیعیەی لە ناوچەکە ھەیە سەرۆکی نوێی ھەرێم تەنھا سەرۆکی ھەولێر و دھۆک دەبێ ، بەم پێیەش لە ئێستادا یەکێتی زۆرترین کارتی فشاری لەبەردەستە کە بەرامبەر پارتی بەکاری بھێنێ ، تا بەشدارنەبون لە حکومەت و زیندوکردنەوەی دوو ئیدارەیی ، چونکە ئەوە رەفتارەکانی پارتیە وا دەکات زۆنی سەوز حەز بە ئیدارەی جیا بکات نەک یەکێتی ئەوەی بوێ ، دوای ئەوەش خودی مسعود بارزانی بوو کە یەکەمجار و دوای ١٣ ساڵ بابەتی دوو ئیدارەیی ھێنایەوە ناو مەنھەجی سیاسەتی کوردی ، دوای ئەوەی دوو رۆژنامەنوسی کورد لەسەروبەندی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا دیداری بارزانیان کردبوو بۆ کشانەوەی کاندیدەکەی پارتی ، بەڵام بارزانی ئامادەنەبو بو کاندیدەکەی بکشێنێتەوە و وتبوی گەر دووئیدارەیش دروست بێتەوە کاندیدەکەی خۆمان ناکێشینەوە . کەوابێ ئەوانەی ئێستا باسی دوو ئیدارەیی دەکەن دواین کەسن کە تانە و تەشەریان لێ بدرێ . 
پارتی زۆرجار داوای ھەنێ شتی کردووە کە لەگەڵ واقعدا زۆر لێک دوورە بەداخەوە لە ماوەی رابردوشدا چەندینجار بۆی چۆتە سەر ، بەڵام ئێستا دۆخەکە بە جۆرێک گۆراوە کە شەقام و قاعیدەی یەکێتی مەحاڵە ئەوە قبوڵ بکات بەسەر حیزبەکەیاندا تێ پەرێ ، یەکێک لە داوا ھەرە سەیر و سەمەرەکانی ئێستای پارتی کە بۆتە ھۆی دواکەوتنی حکومەتی نوێ بۆ ماوەی ھەشت مانگ ، بابەتی پارێزگاری کەرکوکە ، کە بە کاندیدەکانی یەکێتی رازی نیە ، وەک ئەوەیە لە کەرکوک دەنگی پارتی ھاوتای دەنگی یەکێتی بێ ، کە ناگاتە نیوەی یەکێییش . کە پارتی ئەمەی لا ئاسایی بێ کاندیدەکانی یەکێتی بۆ پارێزگاری کەرکوک رەت بکاتەوە ، کەوایە با لاشی ئاسایی بێ کە یەکێتیش کاندیدی ئەوان بۆ سەرۆکی حکومەت و پلە باڵاکان رەت بکاتەوە . 
پێویستە سەرکردایەتی یەکێتی ئەوەی لەبەرچاو بێ، ئەو شەرەی ئێستا لە بەردەمییەتی بە ئەمانەتەوە ئەنجامی بدات و ئایندەی نەوەکانی لە بەرچاو بگرێ ، چونکە ئێستا گەر ئەوشەرە سیاسیە نەکرێ لە ئایندەدا ھەر دەبێ بکرێ  ، کەوایە دەبێ یەکێتی داخوازی قاعیدە و جەماوەرەکەی جێ بە جێ بکات و کۆتایی بە تاکرەویی لە ھەرێم بھێنێت . 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand