لەسەر بەهەرێمکردنی سلێمانیی و کەرکوک
2019-06-05 10:46:30
كامیار سابیر
هەندێ گەنج و دۆست لە گۆڕان، دەپرسن، بۆچی شتێک لەسەر ئاڵتەرناتیڤی بەکانتۆنکردنی سلێمانیی، نانووسم؟ راستییەکەی کەم نووسەر وەکو من، بە وردیی و بە درێژیی، قسەی لەسەر ئەم باسە کردووە. ئەوسای لەسەر ئەم پرسەم دەنووسی، شەپۆلی تەخوینکردن لە لووتکەدا بوو. حەماسی دەوڵەتی کوردیی لەوپەڕی گەرموگوڕییدا بوو، زۆر تەنیاباڵ بووم، بەڵام من وەکو فیکری سیاسیی قسەی خۆم کردووە و ئێستاش لەجاران، مکوڕترم لەسەر ئەم پرسە. لە ئێستادا، بە باوەڕی من، دەبێ پشتی هەموو ئەو دەنگانە بگیرێت کە ئەم بانگەوازە دەکەن، بەڵام دەبێ زۆر بە حەذەرەوە، زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا بکرێت. هەرکەسێ ئەم خاڵانەی خوارەوەی تێدا نەبێت، دەبێت بە گومانێکی قووڵەوە، لێی بڕوانیت:-
١- بۆ ئەوەی نیشتمانێک لە بەشێکی کوردستانی عێراقدا دروست بکەیت، بۆ ئەوەی بناغەی دەوڵەتێک بە دروستیی و عەقڵانیی دابنرێت، دەبێ هەرێمی پارێزگاکانی کوردستان دروست بکەیت. ئەمە رێک وەستانەوەیە دژ بەم ئابوورییە چەتەگەرییەی کوردایەتیی و مافیاکانی دەوڵەتی کوردیی. هەرکەسێ ئەمە دەڵێ، دەبێ تەجاوزی ئەو ناسیۆنالیزمە نەژادیی و طائییفیەی کوردایەتیی کردبێ. دەبێ مەعدەنەکانی نیشتمانسازیی و قوڕوچڵپاوەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی، تێکەڵ نەکات. بە کورتییەکەی دەبێ" کوردایەتیی" تێپەڕاندبێت.
٢- هەرێمی سلێمانیی، هەڵەبجە، کەرکوک و دواتر هەولێر، یەعنی سنووردارکردنی دەسەڵاتی مافیاکانی کوردایەتیی و لێسەندنەوەی مەلەفی نەوت لە دەست مافیاکانی نەوت و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی کۆنترۆڵکردنی لەلایەن خەڵکەوە. ئەمە بەبێ هاوکاریی، حکومەتی عێراق، بەبێ رەزامەندی دەوڵەتی ئێران و ئەمێریکا، زۆر ئەستەمە. ناکرێ تۆ بە قیڕەقیڕەی نەژادیی و طائیفیی، حەماسی نەتەوەیی و کوردایەتییت هەڵسێت و رق و حیقد بەرامبەر شیعە، بەرامبەر عەرەب و بەرامبەر ئێران...تاد بڕێژیت و باسی بەهەرێمبوونیش بکەیت.
٣- ئەم مەلەفە قورسە، پێویستی بەوەیە، سەرلەبەر خورافییاتی نەژادیی و طائیفیی، مۆتیڤە پرۆکسییەکانی دەوڵەتی کوردیی بۆ تورکیا، بنێژیت و لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئیقلیمییەکان، لە باڵانسی هێز و جیۆگرافیای سیاسیی، هەروەها لە رۆڵی کاریگەری وزە و سامانە سروشتییەکان، تێبگەیت. هاوکات، ناکرێ ئەمە وەکو رەد فیعل بەرامبەر پارتیی بەکاربهێنرێت، بەڵکو وەکو ئاییندەی سیاسیی نیشتمان، بەرژەوەندیی گشتیی و چارەنووسی نەوەکانی ئاییندە، بە کامیل قوەتی فیکریی و سیاسییەوە، بەوپەڕی جورئەتی سیاسییەوە، بچیتە پشتی و کاری بۆ بکەیت( ئەمە ئیشی سیاسییەکانە)
لە ٢٠٠٩، توێژینەوەیەکم لەسەر بەکانتۆنکردنی کەرکوک، زۆر بە درێژیی نووسیوە. ئەم سێ لینکەی خوارەوەش( لە رێی فەیسبووکەوە) دۆزییانمەوە،( سێ نووسین) دوو نووسینی کورت و نوسینێکی درێژی منن لەسەر بەهەرێمبوونی سلێمانیی وکەرکوک، لە ( لە ٢٠١٣ و ٢٠١٤ ) دا، نووسراون.
بەهەرێمکردنی سلێمانیی، پێویستییەکی هەنووکەییە
https://www.facebook.com/rebwar.b.chomani/posts/232978276866677
لە رووی مەبدەئییەوە، بەتەوایی هاوڕای ئەم کادیرەی پارتییم!
https://www.facebook.com/…/a.538130986252…/901765509889239/…
بە کانتۆنکردنی سلێمانیی: دیسێنترەڵایزی دەسەڵاتێکی نانیشتمانیی
http://dengekan.info/%D8%A8%DB%95-%DA%A9%D8%A7%D9%86%D8%AA…/
ئەوەی سەرەوە نووسیینی دوو ساڵ لەمەوبەر بوو