Draw Media

هاوار بۆ كەركوكیەكی باش

هاوار بۆ كەركوكیەكی باش

2019-06-04 16:36:49


 هیوا سەید سەلیم                 
 كێشە لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك تەنیا ناونیشانە، هەروەها و بیانووگرتنە بە یەكتری لە لایەن پارتی و یەكێتی، ئەگیانا لە ناوڕۆكدا كێشەكان لەسەر شتی ترن، وەك كێشە لەسەر خێرو بێری ئەو شارە، كێشەی گرێبەستە ناشەفافەكانی نەوت، خۆ ئەگەركەركوك شارێكی ئاسایی بوایە لەمێژبوو پارتی و یەكێتی لەسەر دانانی پارێزگارێك ڕێكدەكەوتن، وە ئەو شارەش پارێزگاری داسەپاو حوكمی نەدەكرد.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە خاوەنی جەماوەری زۆرینەوە، براوەی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانە لە شاری كەركوك،  دەیەوێت كوردێكی یەكێتی بكرێتە پارێزگاری كەركوك، پارتی كە لە ئێستادا پشكی زۆری ئەنجومەنی پارێزگاری لەژێر كۆنتڕۆلە،  بە سەرۆكی كۆنی ئەنجومەنیشەوە،  نایەوێت بەبێ بەرامبەر لەسەر كوردێكی یەكێتی بۆ پارێزگار ئۆكەی بدات، هەر بۆیەشە تا ئێستا كۆسپی بۆ كۆبۆنەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ هەلبژاردنی پارێزگار لەو شارە درووست كردووە.
 لە نێو ئەو ململانێیەی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك،  براوەی ململانێكە نەیارانی كورد و لایەنگرانی تەعریب بوونە، واتا هەموو ئەو لایەنانە دەبێت بزانن،  درێژەدان بەو ملاملانێیەی كەركوك و رێكنەكەوتن لەسەر پارێزگارێك خزمەتێكە بەرهەمەكەی دەچێتە سەر خەرمانی شۆڤینیەتی عەڕەبی لە لایەك، وە بەدیهاتنی خەونی دەوڵەتی توركیایە لەو شارە كوردستانیە،  كە ئەگەر جاران توركیا بە نەهێنی دژ بە حوكمی كورد بووە لەو شارە،  ئەوا لە ئێستادا بە ئاشكرا دەستوەردان دەكات لە كێشەكان، كاردەكات بۆ چاندنی تۆی دووبەرەكی كوردی- كوردی، كوردی – توركمانی و عەڕەبی،ئەویش  بە پشتیوانیكردن لەوانەی كە نایانەوێت كورد حوكمی ئەو شارە بكات.
لە ئێستادا مەسافەی ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر كەركوك زۆرە، یەكێتی لە دوایین جار بە دانانی كۆنە یەكیەتیەك بۆ ئەو پۆستە بە تەزكیەی پارتی ڕازی نەبوو، تا ڕادەیەكیش یەكێتی ئەم جارەیان لەسەر حەق بوو، چونكە ئەگەر ڕاستە حساب بۆ دەرەنجامی هەڵبژاردن دەكرێت، دەبێت پارتی لە لای خۆیەوە یەكێتی بۆ كاندیدكردنی چەند كەسێك سەرپشك بكات،  پاشان مافی ئەوەی هەبێت تێبینی خۆی بدات نەك كاندید بسەپێنێت.
كێشەكان لەسەر پارێزگاری كەركوك گەیشتۆتە شوێنێك،  وا بڕوات دەرچوون لەو قەیرانە ئاسان نابێت، بۆیە حەقە یەكێتی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی كوردێكی باش بۆ پارێزگاری كەركوك كاندید بكات، وە واز لە بەشێكی مافی خۆی بێنێت كە ئیدعای بۆ دەكات لە ( كوردێكی یەكێتی كەركوكی)، لەبەرامبەریشدا پارتی دەبێت ئەو مافە بە یەكێتی ڕەوا ببینێت كە كەسێكی باش لە كەركوك كاندید بكات، وە لەوە زیاتر كۆسپ بۆ پركردنەوەی ئەو پۆستە درووست نەكات.
كەركوك لە دۆخێكی یەكجار هەستیار دایە، هەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەسەر ئاستی عێراق بەرێوەیە، ئەگەر جاران عەڕەب و توركمان بیانویان دەهێنایەوە بەوەی دۆخی كەركوك ئاسایی نیە، نابێت هەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای تیا بكرێت،  ئەوا ئەمجارەیان خودی كورد هۆكار دەبێت،  تا دۆخی ئەو شارە بە بیانووی باری نائاسایی هەڵبژاردنی تیانەكرێت، وە لە ناوەندەوە حوكمی ئەو شارە بكرێت، لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا تەعریب بە خشكەی بگەڕێتەوە ئەو شارە.
دوایین جار بینیمان لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، كە كێشەی كەركوك كاردانەوەی لەسەر ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان دانا، بۆیە بۆ ئەوەی رێگری لە ئاڵۆزبوونی زیاتر بگیرێت دەبێت ئەو پرسە هەرچی زووە چارەسەر بكرێت، ئەویش بە دانانی كوردێكی باش و شایستە لە لایەن یەكێتیەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand