Draw Media

حكومەتی باڵشكاو

حكومەتی باڵشكاو

2019-06-03 12:12:01


سەرتیپ جەوهەر 

دەست نیشانكردنی كاندیدێك بۆ پارێزگاری كەركوك، رێككەوتنەكەی یەكێتی و پارتی رووبەڕووی واقعێكی نوێ‌ كردەوە، لەگەڵیدا جۆرێك لە هێرشی راگەیاندن دەستی پێكردووە، ئەمەش دۆخێكی دەرونیی ناسەقامگیری بۆ خەڵك دروستكردووە، كاریگەری زۆری لە بازار و ژیانی خەڵك كردووە.
رەنگە پرسیاری گرنگ ئەوە بێت كە چۆن دەكرێت رێككەوتنێك هێشتا رەنگ و حیبری سەر كاغەزەكەی وشك نەبووە، لە جێبەجێكردنیدا رووبەڕووی گرفت و ئاستەنگ بێت؟! رەنگە ئەوەیان پەیوەندی نەبوونی متمانە و جۆرێك لە دڕدۆنگییەوە هەبێت لە نێوان هەردوولا. لەراستیدا ئەم رێككەوتنە بۆ دووبارە دروستكردنەوەی متمانە بوو لەنێوان هەردوولا، بۆ بەیەكەوە كاركردن لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو، دواتر دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتێكی درێژخایەنی هاوبەش بۆ ئیدارەدانی حوكمڕانی لە هەرێم و هاو كات تێگەیشتنی هاوبەش بۆ چارەسەركردن و رووبەڕووبونەوەی ئەو بارودۆخەی دوای رووداوەكانی ریفراندۆم رووبەڕووی هەرێم بویەوە، بەڵام پێدەچێت نەبوونی متمانە و گومانكردن لەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكە وایكرد، هەنگاوێك بەر لە راسپاردنی حكومەت، تەڵەكە بتەقیت و ئەوگومانە راست دەربچێت كە بەشێك لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەجێبەجێكردنی بڕگەی تایبەت بەكاندیدكردنی پارێزگاری كەركوك دەیانكرد.
بەپێی رێككەوتنەكە، لەگەڵ راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەنگاوی دانانی پارێزگاری كەركوك دەستپێبكات، بەڵام مقۆمقۆی چەند ناوێك و لێدوانە ناكۆك و دژەكانی بەشێك لەسەركردایەتی پارتی دەرهەق بەكەركوك، بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتی خستە گومان، بۆیە پێشوەختە گوشاریان كردو داوای یەكلاییكردنەوەی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوكیان هەم لە مەكتەبی سیاسی و هەمیش لەپارتی كرد، سەرەنجام دەركەوت ئەوەی بۆ پارێزگاری كەركوك پێشنیاركراوە، نە كەركوكییەو نە لەلایەن یەكێتیەوە پێشنیاركراوە، ئەمەش پێچەوانەی مەنتقی رێككەوتنەكە بوو كە پێویست بوو كەسێك دەستنیشانبكرێت لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتیش رەزامەندی لەسەربدات.
هەر لەسەرەتاوە رێككەوتنەكە بەناكامڵی لەدایك بوو، قەدەری پارێزگاری كەركوك و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی بەشێك لەگرفتەكانی شارەكە، بەرێككەوتنێكی زارەكی سپاردرا، كە ئەمە لەمەنتق و مێژووی رێككەوتنی سیاسیدا بونی نییە، چونكە دەرفەتی خۆدزینەوە یان شێواندنی رێككەوتنەكە دەدات.
پرسیاری هەموومان رەنگە ئەوە بێت ئەگەر پارتی بەردەوام بێت لەهەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت بەتەواوكردنی پارسەنگ بەبزوتنەوەی گۆڕان و كۆتای (پارتی) چارەنوسی حوكمڕانی هەرێم چی دەبێت؟ كاردانەوەو لێكەوتەی ئەم بارودۆخە چی دەبێت؟
رەنگە هێشتا دەرفەت مابێت بۆئەوەی پێشبینی ئاڵۆزیی و دۆخی نەخوازراو نەكەین، بەیاننامەكەی پارتی و یەكێتی لەیادی دامەزراندنی یەكێتیدا ئومێدێكی هێشتۆتەوە رێككەوتن بكرێت، نەخاسمە ناكۆكی هەردولا تەنها لەسەر (كاندید)ە نەك ناكۆكی سیاسی، بەتایبەت لەم دۆخەدا كە هەم ناوچەكە دەكوڵێت و هەمیش ناوچە جێناكۆكەكان گڕی گرتوە، بەڵام ئەگەر پارتی بەردەوام بێت لەپێكهێنانی كابینەو ئاوڕێك نەداتەوە، ئەوا لەلایەك سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت تەنها نوێنەرایەتی پارتی و ئەو چەند ئەندام پەرلەمانەی گۆڕان و كەمینە سەركردایەتیە (سەرلێشواوەی) گۆڕان دەكات. ئەمە لەكاتێكدا هیچ لایەنێكی سیاسی جگە لەگۆڕان ئامادەی دەنگدان و ئاڵۆزكردنی ئەم دۆخە نەبوون. لەلایەكی دیكە قەڵەمڕەوییەكەی سنوردار دەبێت، وەك حكومەتێكی باڵشكاو، سەرەنجام دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت، لەو ئاڵۆزییەشدا بزوتنەوەی گۆڕان دەكەوێتە داوێكەوە، لەوانەیە هەم لەزۆنی سەوزببێت و هەمیش پەرلەمانتارەكانیان ببنە نیشتەجێی هەولێرو رێگەی گەڕانەوەیان بۆ سلێمانی ئاسان نەبێت، ئەوكاتەش كورد وتەنی (هەم لەقەل دەبن و هەمیش لەكۆتر).

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand