Draw Media

شەڕی بوک وخەسوو

شەڕی بوک وخەسوو

2019-06-02 13:05:37


د. ئیسماعیل نامیق     

لەکۆمەڵگەی کوردیدا وا سەیری پەیوەندی نێوان بوک وخەسوو دەکرێت، کەپەیوەندییەکی ناسەقامگیر وناجێگیرە، لەهەڵکشان وداکشانی بەردەوامدایە، وە لەعورفی کۆمەڵایەتیدا ئەوکەسانەی کەبەردەوام ناکۆکن ودەمەدەمێیانە پێیان دەوترێت ئەڵێی بوک وخەسوون.
چونکە بوک وخەسوو نەئەتوانن بەیەکەوە بژین، وەنەئەشتوانن بێیەک بژین، قەت دانویان بەیەکەوە ناکوڵێ، پەیوەندیان لەباشترین حاڵەتیدا موعەڕەزە بۆ شەڕ ولەخراپترین حاڵەتیشدا موعەڕەزە بۆ خۆبەختکردن لەپێناو یەکتریدا، لەوکاتەی موو بەنێوانیاندا ناچێ، بەئەندازەی رۆژهەڵات ورۆژئاوا لەیەکدی دوورن، لەوکاتەش کەبەئەندازەی رۆژهەڵات ورۆژئاوا لەیەکدی دوورن بەتاڵە مویەک بەیەک دەگەنەوە. بەکورتی لەحاڵەتی شەڕو ئاشتیەکی هەمیشەیدان.
شەڕ وناکۆکیەکانیشیان بەوە دەستپێدەکات کە لەپاشملە بەخراپە باسی یەکدی دەکەن، بەتوانج وپلار ودەمەبۆڵێ وروبەڕوبونەوەی راستەوخۆدا تێپەڕدەبێت تا دەگاتە تۆران وجیابونەوە، جارێکی تر ئاشتبونەوە وپێکهاتنەوە، ئەمە سروشتی پەیوەندی نێوان بەشێکی زۆری بوک وخەسووەکانە، بەڵام زەرەر مەندی یەکەم لەم پەیوەندیە ناجۆر وناجێگیرە تەنها خێزانە، چونکە بەهۆی ئەم پەیوەندیەوە خێزان بەدۆخێکی دڵەڕاوکێی بەردەوامدا گوزەر دەکات.
شەڕی نێوان یەکێتی وپارتیش کت ومت لەشەڕی نێوان بوک وخەسوو دەچێت. تەماشا کەن لەبەرەی کوردستانیەوە، بۆ یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەساڵی 1992 ودابەشکاری پەنجا بەپەنجا وحکومەتی هاوبەش وپاشان شەڕی ناوخۆ وجیاکردنەوەی ئیدارە و دواتر ئاشتەوایی وپێکهاتنەوە تا ئەندازەی یەک لیستی ویەک گوتاری. جارێکی تر لەیەک دورکەوتنەوە، پاشان پێکهاتنەوە. ئەنجامدانی ریفراندۆم بەیەکەوە، بەڵام 16 ی ئۆکتۆبەر دژی یەکتر. ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەیەکەوە، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆماری عێراق دژی یەکتر. بۆ دانانی سەرۆکی حکومەت بەیەکەوە، بەڵام بۆ سەرۆکی هەرێم مەگەر خودا بۆ خۆی بزانێت بەیەکەوەن یان نا. بۆ دانانی پارێزگاری هەڵەبجە بەیەکەوەن، بەڵام بۆ پارێزگاری کەرکوک دژی یەکترن. لەهەولێر کۆکن، کەچی لەسلێمانی ودهۆک وبەغداد وهەڵەبجە وکەرکوک ناکۆکن وهەریەکە ولەڕێیەکە.
ئەم دوو حیزبە لەوکاتەی یەکتر تەخوین دەکەن وهەڕەشەی ئەوە لەیەکتر دەکەن پێڵاوی لاستیک دەرخواردی یەکتر ئەدەن، بەیەک تەلەفۆن یان نامە دەکرێت ببنەوە بەبرا وئامادەیی پیشانبدەن بۆ ئەوەی خۆیان بەخت وفیدای یەکتر بکەن ومیللەت بەهۆکاری ناکۆکیان تۆمەتبار بکەن.
دیارە نابێت کەس خۆشحاڵ بێت بەناکۆکی نێوان دوو کورد، بەڵام لەهەمان کاتدا نابێت حەقیقەتی پەیوەندی ناجۆری نێوان ئەم دوو لایەنەش نادیدە بگیرێت وقسەی لەسەر نەکرێت، چونکە ئەم پەیوەندیە لەهەردوو حاڵەتی باشی وخراپیشدا هەر بەزیان شکاوەتەوە بۆ میللەت.
بۆیە رێگەی دروست ئەوەیە، هەموو لایەنەکان لەسەر بەرژەوەندیە بنچینەیی وباڵاکانی وڵات وپرەنسیپە گشتییەکانی حوکمڕانی ودەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات هاوڕا بن، لەسەر بابەتەکانی تر و ووردەکاریەکانی سیاسەت وبەڕێوەبردن لەململانێ وکێبرکێی بەردەوامدا بن، دەنگی خەڵکیش سەنگی مەحەک بێت لەوەی ئەم ململانێیانە بەسودی کام هێزی سیاسی بشکێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand