Draw Media

نهێنی سوتاندنی دەغڵودان

نهێنی سوتاندنی دەغڵودان

2019-06-01 11:32:42


دڵشاد ئەنوەر

وروژاندنی زیاد لە حەدی مەسەلەی سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیارانی کورد لەلایەن میدیاو پەیجەکانی نزیک لە یەکێتی و پارتی ، پەیوەندی بە خەمخۆری ئەو دوو حیزبەوە بۆ جوتیارەکان نیە، بەڵکو پەیوەندی بە ململانێ شاراوەکانی نێوان ئەو دوو هێزەوە لەسەر کەرکوک هەیە.
یەکێتی و پارتی تا لەکەرکوک بوون، بەململانێی ناشەریفانە نەیانهێشت خەڵکەکەی بەکورد و عەرەب و تورکمانەوە ئیسراحەت بکەن، ئێستا کە لەوێ شار بەدەر کراون، لەرێگەی موزایەدەوە واز لەو خەڵکە ڕەش و ڕووتە ناهێنن.
بۆیە ئەو هەڵایەی لەسەر سوتاندنی دەغڵ و دان دروستبووە بەقەد ئەوەی بەشێکە لەو ململانێ حیزبیە ، نیو بەقەدەر رەبتی بە خەمخۆری و واقیعیەتی دۆخەکەوە نیە.
پارتی بەبەردەوامی موتابەعەی یەکێتی دەکات، بزانێت هەر مەسئولێکی عێراقی لەگەڵ یەکێتی عیلاقەی باشە لەبەغدا پێوەی دەدات، نمونەشمان بۆ ئەمە گواستنەوەی مەعن سەعدە لە کەرکوک، کاتێک پارتی زانی لەگەڵ یەکێتی نێوانی باشە و بووەتە شەریک لەگەڵیان لەهەندێک شت دا، دایان بە قولیەوە. (مانگێک پێش نەقڵ کردنی مەعن سەعد، بەرپرسێکی باڵای پارتی لەکۆبونەوەیەکی تایبەتدا وتبووی نەقڵ دەکرێ).
ئاخر مەنتق لەکویدایە، پارتی رۆژ تا ئێوارە جنێو بە راکان جبوری دەدات، کەچی ژیر بە ژێر پەیوەندیان باشە، ئاخر مەنتق لەکوێدایە، بەرپرسی ناوچەی ...لە فەرمانگەیەکی حکومی مۆزەفە، مانگانە بەسەیارەی هێزە عێراقیەکان دێت بۆ موچەکەی!
یەکێتیش بەهەمانشێوە، شینی کەرکوک دەکات ، شینەکەی بۆ خەڵکە رەش و ڕووتەکەی نیە، شینەکەی بۆ قاچاخچێتی و داهاتە.
یەکێتی کاتێک دەیەوێ پارێزگارێکی سرف حیزبی دابنێت، دەیەوێت دەستی بە بازرگانی و قاچاخچێتی و پارە مۆڵەکەی پێش ١٦ ی ئۆکتۆبەر بگاتەوە، بەرپرسانی یەکێتی لەخەمی کەرکوکدا نین، بیریان لای داهاتەکەیەتی .. 
بۆیە لێرەوە، گرنگە جوتیارە رەش و ڕوتەکەی کەرکوک ئاگادار بن ، نەبنە دار دەستی ئەم دوو حیزبە و ئەجێندا گەنیوەکانیان پێ جێبەحێ بکەن.
بەشێک لە سوتاندنی دەغڵ و دانی کوردەکان ، دەستی عەرەبە هاوردەکانە، ئەگینا نە داعشەو نە هیچ، بەڵام سوتاندنی دەغڵ و دان هەموو عێراقی گرتۆتەوە ، کەواتە پلانەکە لەوە گەورەترە لە زەوی کورددا قەتیس بکرێ.
شەوانی رابردوو بەسەدان دونم زەوی عەرەبەکانی حەویجە سوتینراوە، بەسەدان دۆنم زەوی عەرەبەکانی سەڵاحەدین و دیالە سوتێنراون، لەهەندێک ناوشەی دیالە زەوی چەندین گوندی عەرەب سوتێنراوە بەڵام گوندی کوردنیشین هەبووە لە نزیکیان و دەست بۆ هی ئەوان نەبراوە.
دەغڵ و دان سوتاندن گەرمیانیشی گرتۆتەوە ، هەر ئەمرۆ بەدەیان دونم زەوی جوتیارانی دەوروبەری کەلاریش سوتێنراون، بۆیە مەسەلەکان تێکەڵ و پێکەڵن.
دەغڵ و دان سوتاندن هۆکاری زۆری هەیە، گەر بەشێکی کێشەی خاوەندارێتیکردنی زەوی لەنێوان کورد و عەرەبی هاوردە بێت، بەشەکەی تری رقی شەخسی و کێشەی کۆمەڵایەتی یە، بەڵام دواجار دەغڵ و دان سوتاندنی ئەمساڵ بەو فراوانیە، مەحاڵە ئەجێندایەکی گەورەی لەپشتەوە نەبێ!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand