لە یادی یەکێتیدا
2019-06-01 11:21:31
پەیكار عوسمان
- ناوخۆی پارتیش هەر وەکو حیزبەکانی ترە، فەرقەکە هەرئەوەیە، کە پارتی توانیویەتی هەرسێ جەمسەرەکەی خۆی بکات بە سەرۆك، بەڵام حیزبەکانی تر بوارو توانای ئەوەیان نیە کە حەزی سەرۆکایەتی هەموو جەمسەرەکانیان تێرکەن، ئەم حەزەش کە لە سەرۆکبووندا شکڵی نەگرتوو نەگیرسایەوە، ئیتر لە باڵ و کوتلەو ترازاندا شکڵ ئەگرێ و ئەتەقێتەوە.
- وەکچون دەزگاکەی مەسرور حکومەتێکی تەریبی حکومەتەکەی نێچیربوو، لەمەولا دەزگاکەی نێچێریش حکومەتێکی تەریبی حکومەتەکەی مەسرورەو ئێمە لەناو دووئیدارەییە تەقلیدەیەکەدا، لەبەردەم دووئیدارەییەکی تریشداین، چونکە نێچیر هەربەوە دەسەڵاتدار نیە، کە قانون دەسەڵاتێکی زۆری پێداوەو سەرۆکایەتییەکەی تەشریفاتی نیە.. بەڵکو ئەو بە حوکمی ململانێکەی ناو پارتی جەمسەرو دەسەڵاتدارە.
- یەعنی ئێمە هەر لەبەردەم ئەوەدانین، کە حکومەتەکەی مەسرور، سەرۆکایەتییەکەی نێچیر سنوردار بکات، بەڵکو لەبەردەم ئەوەشداین کە سەرۆکایەتییەکەی نێچیریش حکومەتەکەی مەسرور سنوردار بکات، حیزبەکانی تریش جگە لەوەی خۆیان لەناو ململانێیەکی هاوشێوەدان، ئەشبنە پارسەنگ و کەرەستەی ئەم ململانێیەی ناو پارتی و دووای دابەشبوونەکانی خۆیان، دابەشی ئەم دووەی پارتیش ئەبنەوە!
- جا لە یادی یەکێتیدا کە باسی پارتی ئەکەم، ئەمەوێ بڵێم کە فرە مینبەری یەکێتی هەر لە سەرەتاوە، پەیوەندی بە خودی فرەیی و کاری پێکەوەییەوە نەبووە، (چونکە بیری باوکایەتی هەڵنەوەشاندۆتەوە)! بەڵکو هاوشێوەی ئێستای پارتی، هەر فۆڕمێکی باوکایەتی سیاسییبووەو مام جەلال مەساحەیەکی بچوك باوکایەتی داوە بەوانیترو مەساحە گەورەکەی باوکایەتی بۆ خۆی بردوە!
کێشەکەش ئەم کولتوری باوکایەتییەیە نەك خودی باوکە سیاسییەکان، ئەم باوکایەتییەش لە پەروەردەو خێزان و یاسای ئەحوالی شەخسییەوە دەسکاری ئەکرێ، نەك لە گۆڕینی سەرۆکەکان و یاسای سەرۆکایەتی!!
- با بچینە لای گۆڕان، تۆ شەڕ بۆ قایەرو عوسمان ئەکەیت دژی نماو چیا کە وەرەسەی باوکی سیاسی یەکەمی گۆڕانن.
ئێ بە کلیکێك هەموو نەیارەکان لابەو بەس قایەرو عوسمان خۆیان بهێڵەرەوە، ئەوکات ئینجا شەڕی ئەو دووانە دەستپێئەکات لەسەر باوکایەتی حیزبەکە!
ئێ عوسمانەکەش لابەو بەس قایەرەکە بهێڵەرەوە، ئەوکات ئەو ئەبێ بە باوکی سیاسی گۆڕان، دوای مردنیشی گۆڕان ئەبێ بە هی وەرەسەی ئەو!
یەعنی تۆ ئێستا شەڕ لەگەڵ وەرەسەی باوکی یەکەم ئەکەیت، بۆئەوەی دوای دە ساڵ گۆڕان بچێ بۆ وەرەسەی باوکی دووەم! جا ئەم دوو نەتیجەیە فەرقی چیە؟؟
- با سەرێکی یەکگرتووش بدەین، ئەرێ یەکگرتوو بۆ بەپەلە مامۆستا سەڵاحەدینی هێنایەوە؟ خۆ ئەسڵەن دۆخی یەکگرتوو دوای هاتنەوەی خراپتربووە!
مەسەلەکە هەر ئەوەیە کە هاتنەوەی مامۆستا، شەڕی باوکایەتی کۆتایی پێهێناوە، ئەو نەبێ لەنێون کادرە باڵاکانی یەکگرتوودا شەڕی باوکایەتی یەکگرتوو دەستپێئەکاتەوە.
- بزوتنەوەش هەر جێ ی باوکایەتی ماڵی مەلا عەلی تێدائەبێتەوە، بۆیە عەلی باپیرو مەلا کرێکار ماڵیان بۆ باوکایەتی خۆیان دروستکردو جیاکردەوە.
- نەبوونی شەڕی باوکایەتی لای پەکەکەش، تەنیا هی ئەوەنیە کە لەڕووی فیکرییەوە کاریان بۆ تێپەڕاندنی کردوە، بەڵکو هی ئەوەشە کە هێشتا باوکی یەکەم ماوەو زیندانیش لەڕووی مەعنەوییەوە باوکایەتییەکەی ئەوی بەهێزترکردوە، بۆیە هیچ باوکێك ناوێرێ سەردەربێنێ!
- کۆمەڵەو دیموکراتیش، بۆچی هەریەکەیان دوو سێ نوسخەی هەیە؟ بێگومان لەبەر زۆریی باوکە سیاسییەکان.
- ئەوانەی کە ئەتوانن دەساودەسی سیاسی بکەن، ئەوانەن کە پێش دەساودەسەکە کاری پێکەوەییان کردوەو پەیوەندی نێوانیان تەواوکارییبووە نەك تەبەعیەت و جێبەجێکاریی!
ئەوانەی کاری پێکەوەییش ئەکەن، ئەوانەن کە فرەیی ئەفامن، ئەوانەشی کە فرەیی ئەفامن، ئەوانەن کە مناڵی پەروەردەیەکی نانەریتی و خێزانێکی نانەریتین!
- کولتوری باوکسالاری لە پەروەردەو خێزانەوە دەسکاری ئەکرێ و کولتوری فرەییش لەو دەسکارییەوە لەدایك ئەبێ!
تا پەروەردە هی مامۆستابێ و مناڵ هەر وەرگرو پاشکۆبێ و نەبێ بە کائینێکی بیرکەرەوەو قسەکەرو هاوبەشی پرۆسەکە!
تا خێزان هی پیاوبێ و نەبێ بە موئەسەسەی (دوو تاکی ئازادو یەکسان).
تا ئەو دوو شتە ڕوونەدا، فرەیی و کاری پێکەوەیی هەر دروشمەو نەبووە بە ژیان!!
- کولتورەکە خۆی باوکسالارییەو تا مامۆستاش چەقی پەروەردەبێ و تا شتێك هەبێ بە ناوی سەرۆکی خێزان، باوکایەتی هەر تۆخئەبێتەوەو ئەڕوا تا سەری سەرەوە بۆ باوکایەتی سیاسی و باوکایەتی سیاسیش یان ئەگوازرێتەوە بۆ وەرەسە وەکو ئەوەی مام جەلال و بارزانی و نەوشیروان، یان وردئەبێتەوە بۆ هەزار باوکی سیاسی تر، وەكئەوەی سەدام!
- بۆ تێپەڕاندنی دۆخێکی واش، کاری ئێمە ئەوەنیە باوکی تری وەکو شاسوارو لاهورو کێ وکێ.. دروستبکەین، کاری ئێمە ئەوەیە لە بنی بنەوەو لە کولتورو نەریت و پەروەردەو خێزانەوە، خودی باوکایەتی هەڵتەکێنین.
شەڕی دروستی ئێمە، شەڕکردنە لەگەڵ کولتوری (خێلەکی دینی) باوکایەتی، نەك ئەوەی ببینە بەشێك لە شەڕی باوکەکان.