Draw Media

پارتی سەرمەشقی بچووککردنەوەی هێزەکانی دی

پارتی سەرمەشقی بچووککردنەوەی هێزەکانی دی

2019-06-01 10:54:39


جەعفەر عەلی
لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە تا ئێستا، دەیان هەزار کەس بەشێوەی جیاجیا بوونەتە قوربانی سیاسەتی هەڵە و ناکۆکی نێوان (جەلالی- مەلایی)، دواتریش (یەکێتی- پارتی).
یەکێتی تا راپەڕینیش، هێزێک بوو لە رووی پێگەی جەماوەرییەوە، نە تەنها لە سنوری سلێمانی، بەڵکو لە سنوری پارێزگای هەولێریش، جگە لەوەی لەلایەن نوخبەی خوێندەوارەوە پشتیوانی دەکرا، تا ئەندازەیەکی گەورەش دەتوانین بڵێین بێ رکابەر، یان ئەگەر هەڵە سیاسییەکانی خۆی نەبوایە، رکابەرێکی ئەوتۆی نەبوو، بتوانێت مەترسییەکی راستەقینە بۆ سەر پێگە و نفوزە سیاسی و جەماوەرییەکەی دروستبکات.
خیانەتی ٣١ ئابی ١٩٩٦ و چەندین هۆکاری دیکەی تایبەت بە سیاسەت و دۆخی ناوخۆی یەکێتی خۆی، وردە وردە یەکێتیان لە بەردەم پارتیدا بچووک کردەوە. یەکێتی نەک نەیتوانی وەبەرهێنانی سیاسی و جەماوەری لە خیانەتی ٣١ ئابدا بکات، بەڵکو رێک چەند ساڵێک دوای خیانەتەکە، پێیانگووتین، "ئەزموون فێریکردووین، هەڵەیە هیچ کەسێک ململانێی ماڵی بارزانی بکات". ئەم رستەیە ئەژنۆ شکانێکی سیاسی تەواو ترسناک بوو لە ململانێی دیموکراسی و هەوڵدان بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەی کوردستانی، دواتریش کاڵکردنەوەی هەژموونی بنەماڵەیی و خێڵەکی لە کایەی سیاسی و ئیداری لە هەرێمی کوردستاندا. یەکێتی بەمەشەوە نەوەستا، لە دوای پرۆسەی پێکهێنانی سەرۆکایەتی هەرێم، لە یەکەم هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆکی هەرێم لە ناو خەڵکدا (٢٠٠٩)، کە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کاندیدی ئەو پۆستە بوو، شەخسی مام جەلال وەک سکرتێری گشتی یەکێتی، کۆسرەت رەسول وەک جێگری یەکەمی سکرتێر، بەرهەم ساڵحیش وەک جێگری دووەم و سەرۆکی لیستی کوردستانی (لیستی هاوبەشی پارتی و یەکێتی)، زۆرێکی دیکەیش لە سەرکردایەتی ئەم حیزبە، شار بە شاری سنوری دەسەڵاتی یەکێتی کەوتنە گەڕان و دەرۆزەی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ بارزانی، تا کورسی سەرۆکی هەرێمی بە رێژەیەکی شاهانە و لەسەر سینییەکی ئاڵتونی پێشکەش بکەن.
خیانەتی ٣١ ئاب، پارتی گەورە و یەکێتی بچووک کردەوە. یەکێتی لەو کاتەوە بە ئاگا یان بێئاگا بەشێکی گرنگ لە هەوڵەکانی بۆ ئەوە بوو لە رووی سیاسی و رەفتاری سیاسییەوە لە پارتی بچێت، هێندەی خەریکی مەشقکردن بۆ نواندنەوەی وێنەی هێزێکی سیاسی کۆنزەرڤاتیڤ بوو، هێندە بە دوای بەهێزکردنی رەگەزەکانی حیزبێکی سۆشیال-دیموکراتی چەپەوە نەبوو. یەکێتی هێندەی خەریکی جێکردنەوەی خۆیبوو لە کوردستان، هێندە بە دوای قوڵکردنەوەی جیاوازییەکانی لەگەڵ پارتی و شوناسێکی سیاسی و نیشتیمانی تایبەت بەخۆی نەبوو، ستراتیژی کاری سیاسی لای یەکێتی چیدیکە بریتی نەبوو لە پارێزگاری لە شوناسێکی سیاسی و نیشتیمانی جیاواز. کورت و پوخت یەکێتی سەری خستبوویە نێو پرۆسەیەکەوە، کە دەشێ ناوبنرێ پرۆسەی لە (پارتیچوون و خۆبچووککردنەوە) لە بەردەم پارتی دیموکراتی کوردستاندا. 
بەڵام دوای خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر، پارتی جیاواز لە یەکێتی و مامەڵەی یەکێتی لەگەڵ خیانەتی ٣١ ئابدا، بە دیار دروێنەی دەستکەوتەکانی یەکێتی لە خیانەت دانانیشێ و لەم خیانەتە بێدەنگ نابێت، وەکچۆن یەکێتی و باقی هێزەکانی دیکەی باشور پاش ماوەیەک لە تراژیدیای ٣١ ئاب بێدەنگ بوون. ئێستایشی لەگەڵدا بێت، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، ئامادەیی راستەوخۆ دانیشتن و گفتوگۆی لەگەڵ ئەم گروپەی یەکێتیدا نییە، کە لە دیدی ئەوان و لە دیدی بەشێک لە بەرپرسانی باڵای یەکێتیش، تۆمەتبارن بە خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر. وێڕای هەموو ئەوانەش لەو کاتانەی کە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە دۆخێکی ئاساییدا بوون، هێشتا زۆرترین و قورسترین هێرشی میدیایی هەر لە دەزگا و میدیاکانی پارتییەوە کراوەتە سەر خیانەتەکەو گروپی بەشدار لە ١٦ ئۆکتۆبەر.
دیارە مەبەستمان نییە بڵێین، ئەوە سیحری سیاسی، یان قوڵی فیکری سیاسی و نەتەوەیی پارتییە وادەکات، نەیارەکانی لە بەردەمیدا بچووک ببنەوە، ئەم بچووکبوونەوەیە لە پلەی یەکەمدا پەیوەندی بە ناڕوونی دید و دونیابینی سیاسی هێزەکانی دەرەوەی پارتییەوە هەیە، پەیوەندی بەو دونیابینییە سیاسییەوە هەیە کە چیدی توانای داکۆکیکردن لە شوناسی سیاسی و نیشتیمانی جیاواز و تایبەت بەخۆی نەماوە، وێڕای ئەوەی کەشی سیاسی جوگرافیای دەرەوەی نفوزی پارتی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە (سلێمانی) و شپرزەیی و بەریەککەوتنی بەرژەوەندی و دۆخی ناوخۆی حیزبە سیاسییەکان تا رادەی شکاندنی ئێسقانی یەکدی، کۆمەکێکی گەورەتر بەم پرۆسەی بچووکبوونەوەیە دەکات. 
لە دیدی مندا، پارتی و هیچ حیزبێکی دیکەی کوردستانی بریتینین لە هێزی سیاسی شەیتانی، زۆر گرنگە ئەم دیدە سیاسییە سەرەتانییەی لەم ناوچەیە، کە پارتی وەک هێزێکی سیاسی دۆزەخی دەبینێ دەستکاری بکرێ، ناشێ چیتر بۆ ئەوەی دەنگی زیاتر کۆبکەیتەوە، بۆ ئەوەی ببی بە پەرلەمانتار، بۆ ئەوەی ناشیرینییەکانی خۆت بشاریتەوە، خەریکی هەڵڕشتنی قین و توڕەیی و قسەی بازاڕی بە پارتی، یان هێزێکی دیکە بین. ئاساییە لە قۆناغێکی سەرەتاییدا و وەک تەکتیکی ململانێی سیاسی، پەناببەیتە بەر گوتارێکی زبر، توند، لە بەرانبەر رەفتاری سیاسی حیزبی ئەلیف یان بێ، بەڵام گەرەکمان بێت تا ئەبەد لەسەر بنەمای ئەم گوتارە پۆپۆلیستییە ناعەقڵانییە پڕ لە تەشهیر و حەماس و هاوارە، درێژە بە کاری سیاسی بدەین، لە بڕوای مندا کارێکە خزمەتێک بە سیاسەت و ئازادی ئینسان و ململانێی دروستی سیاسی ناکات. 
لە باشوردا، هیچ هێزێکی سیاسی، تایبەت دوای راپەڕین، هێندەی پارتی لە دروستکردنەوەی وێنەی خۆیدا سەرکەوتوو نەبووە، هەر هێزێکی سیاسی لەگەڵ پارتی چووبێتە ململانێ و بە یەکدادانی چەکدارییەوە، سەرەنجام تای تەرازووەکە بە لای پارتیدا لاسەنگ بووە، هەر هێزێکیش وەک هاوپەیمانێک لێی نزیک بووبێتەوە، خستوویەتییە نێو خەواندنی موگناتیسییەوەو بە کامی دڵی خۆی ئاراستەی کردووە. ئەگەر لە رابردوودا یەکێتی نموونەیەکی ئەم دۆخە بووبێ، لە ئێستادا بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەر زۆر ورد و عەقڵانی مامەڵەی سیاسی نەکات، دەبێتە نموونەیەکی دیکەی نێو ئەم پرۆسێسی زیاتر خۆ بچووککردنەوەیە.
عینادی زۆربەی کات بابەتێکی نێگەتیڤە، تایبەت لە سیاسەتدا، بەڵام عینادی بارزانی نەک هەر توانی خیانەتی ٣١ ئاب لە خەیاڵی نەیارە مێژووییەکانیدا تەواو کاڵبکاتەوە، بەڵکو وەبەرهێنانی سیاسی گەورەشی بۆ پارتی لەسەر بناغەی ئەو رووداوە کرد، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، وەکچۆن بە هەمان عینادییەوە خەریکی پرۆسەی بە نەفرەتکردنی گروپی ١٦ ئۆکتۆبەری یەکێتییە لە مێژوودا، هەمانکات کۆی نەخشە و پلانەکانی ئەوانەی کە ناونراون (گروپی ١٦ی ئۆکتۆبەر)، بۆ وەبەرهێنانی سیاسی لەڕێی ئەم رووداوەوە، ژێرەو ژوور کرد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand