Draw Media

راگرتنی نەزیفی کەرکوک ژەهرنۆشینی دەوێت!

راگرتنی نەزیفی کەرکوک ژەهرنۆشینی دەوێت!

2019-05-31 18:05:16


شوان داودی    
 

بە پێویستی نازانم لێرەدا بڕۆمە سەر نەهامەتییەکانی کەرکوک بە درێژایی مێژوو بە دەست سەرکردایەتی دروشمبازی کوردییەوە، خۆمیش لەباسی تاریخ و جوگرافیا بە دوور دەگرم ... تەنها لەسەر ساڵێک و شەش مانگ و چواردە ڕۆژ دەوەستم.
دوای ئەوەی لە قومارێکی دۆراودا کەرکوک کرا بە قوربانی حەزەکانی کورسی کەسێک و گیرفانی چەند کەسێکی تر، لە کاردانەوەیەکی حیزبی بەرتەسکی بەرژەوەندخوازی دور لە بەرژەوەندیە باڵاکانی نیشتمان و نەتەوەو کورتبینی ئەم سەرکردایەتییە لە نەخوێنەوندنەوەی بابەتیانەی هەلومەرجی نێوخۆیی و دەوروبەرو نێو دەوڵەتی و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بە گشتی، یاری بە هەستی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان کرا، جگە لە دۆراندنی کەیسەکە و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردان لە ناجوامێری ئەم سەرکردایەتییە لە تەحمول نەکردنی بەرپرسیارێتی بڕیارەکەیان و خۆدزینەوەیان لە هەر لێپرسینەوەیەک دەستی چەوری خۆیان بەسەری یەکتردا سڕیەوە، لەو کاتەوە لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017وە ئەم شارە دووچاری نەزییفێکی بەردەوام بووە، غروری سیاسی خێڵەکیانە ئەوەندەی تر لەبەرپرسیارێتی بەرانبەر خاک و نەتەوە دوری خستونەتەوە.
لە سەر ئەو نەهاماتیانەی بەسەری گەلی کورد بە گشتی و کەرکوک و ناوچە دابراوەکانی تر بە تایبەتی هاتووە لە ئەنجامی بریارە نامەدروسەکان، جارێکی تر ناڕۆمە سەر گێرانەوەی حەکایەتی عەلی بابا و چل دزەکە، چۆن بوو، کێ کردی، بۆ وا کرا؟ چونکە ئاو زۆر دەکێشێت.
ئەوەی بە پێویست دەزانم ئەویە ئەو نەزیفە بەردەوامە ڕابگیرێت چونکە، درێژەکێشانی ئەو نەزیفە کەرکوک بەرەوە مردن دەبات.
جا کێ دڵسۆزی ئەم شارەیە و دەستبەرداری بەشێک لە حەزە نەگریسەکانی دەبێت لەپێناو گەرانەوەی ژیان بۆ ئەم شارە خێر لە خۆ نەدیوە؟
بۆ ئەمەش دەبێت لە و راستیە بگەین کە پارتیناسەکان دەیڵێن...بەوشەی دیموکراتی لکێنراو بە پارتیەوە مەخەڵتێن ، چونکە هاوشێوەی وشەی (البصیر)ه كه عەرەب بۆ رێزگرتن لە نابینا بە کاری دێنی ... هەزار رێکەوتن لەگەڵ پارتی بکەو بە ئاوی زێڕش ئیمزای بکات، پارتی هەر ئەوە دەکات کە خۆی دەیەوێت، بەرژەوەندیەکانی خۆیشی لەسەرووی هەموو بەرژەوەندیە باڵاکانی ترەوەیەو خۆی بە کوێخای کوردایەتی دەزانێت و بۆ خۆی هەرچی دەکات ڕەوایە، هەرچیش لە دەرەوەی خواستی ئەو بکرێت جا هەر کەس و لایەنێک بیکات ئەوە لادانە لە کوردایەتی و ناپاکییە.
بۆیە دەبێت رێکاری پێویست بدۆزرێتەوە بۆ مامەڵە کردن لە گەڵ ئەم عەقڵیەتە.
لە مێژوی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردیدا هیچ کەس وەکو رەحمەتی مام جەلال نەیتوانیوە بەربەرەکانی ئەم عەقڵیەتە بکات و لەهەمان کاتدا سیاسەتی لەگەڵ بکات و هاوسەنگی بپارێزت و بە عەقڵی خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکات، چونکە کەس وەکو ئەو نەیتوانیوە پارتی بناسێت .
ئەمڕۆ یەکێتی 44 ساڵ لەتەمەنی تەواو دەکات بە درێژایی ئەم مێژووە لە شاخ و لەشار لە شەڕ و لە ئاشتیدا یەکێتی لە گەڵ پارتیدا لە ململانێی سەختدا بووە... بەردوام سەرکەوتوو بووە لەوەی هاوسەنگی بپارێزێت، تا مام لە ژیاندا بوو یەکێتی ئەو کێشەیەی ئێستای نەبوو ، ئێستا یەکێتی بێ مام جەلالە، هیچ کام لە هاوڕێکانی مام، خوێندکارەکانی مام ،کوڕو برازاکانی مام ، نەیانتوانیوە تۆسقاڵێک پارتی ناسی لە مامەوە فێر بن و لە گەڵیدا هاوتەریب بڕۆن ، بە پێچەوانەوە پارتی سەرکەوتوو بووە لە ناسینی یەکێتی و دەستێوەردانی لە کایە حزبییەکان و سەرکردەکانی یەکێتی و کەرت وپەرت کردنیان بەجۆرێک بەشێکی خستۆتە گیرفانی خۆیەوەو شەڕی بەشەکەی تریشی لە رێی ئەوە بەشەوە کردووە و کردویانیەتی بە ناپاک و لادەر .
بۆ راگرتنی نەزیفی کەرکوک نابێت چاوەرێی هیچ لەپارتی بکرێت لە خوار خواستەکانی خۆی ، چونکە وەک ئاماژەمان پێیکرد بەرژەوەندی خۆی لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییە باڵاکانەوەیە .
یەکێتی دەبێت لەو راستیە بگات کە بە تەنها ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بنێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و راگرتنی ئەو نەزیفە، بۆیە تەنها دوو رێگای لە پێشە سێهەمی نیە .. 
یان دەبێت لە گەڵ پارتی رێکەوێت و لانی کەمی خواستەکانی بۆ دەستەبەر بکات و پێکەوە وەکو کورد برۆنە گفتوگۆوە لە گەڵ كپێکهاتەکانی تر ، یان دەبێت بە تەنها لە گەڵ پێکهاتەکانی تر بگاتە رێکەوتن ..
لە هەردوو حاڵەتەکەدا بۆ یەکێتی ژەهرنۆشینە، چونکە دەبێت سازش بکات، بەرێکەوتنی لە گەڵ پارتی پێویستی بە تەنازولاتی حزبی هەیە و بە رێکەوتنی لە گەڵ پێکهاتەکانی تر بەبێ پارتی پێویستی بە تەنازولاتی نەتەوەیی هەیە.
مێژووی یەکێتیش پرە لە خواردنەوەی ژەهری حیزبی و دەستبەرداری ئیستحقاقەکانی خۆی لەپێناو بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەو نیشتمان.
سیاسەت نە بە عاتیفە دەکرێت نە بە کاردانەوە ، نە جنێودان و تەخوین کردن هیچ لە دۆخەکە دەگۆرێت سیاسەت ( فن ممارسە الممکنات) ە واتە هونەری راییکردنی ئەو کارانەیە کە دەکرێ بکرێت.. من پێموایە راگرتنی ئەو نەزیفەی کەرکوک نۆشینی ژەهری حیزبی لە یەکێتی دەخۆازێت .
لە ماوەی نەخۆش کەوتنی مام و دواتر کۆچکردنی، بە گشتی و بەتایبەتی لە 10مانگی دواییدا یەکێتی لە پاشەکشەی بەردەوامدایە چی لە هەرێم چی لەبەغدا چی لەکەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و زنجیرەیە هەڵەی یەکبەدوای یەکی کردووە هەر لە دیاری کردنی کاتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و دواتر قەبوڵ کردنی ئەنجامەکان بێ گەرانەوە بۆ حیزب و دواتر بایکۆت کردنی پەرلەمان و جارێکی تر گەرانەوەی بۆ پەرلەمان و دەنگدانی بۆ کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و دواتر بایکۆت کردنی دەنگ دان بۆ سەرۆکی هەرێم و ئیمزا کردنی چەند رێکەوتنێک بە تەلەفۆن و بەڵێنی زارەکی و تەخویلکردنی جێگری سکرتێری گشتی بۆ ئەو رێکەوتنانەو دواتر ئیلتزام نەکردن بەو ئیتفاقیانەی جێگری سکرتێر بێ گەرانەوە بۆ رەفیقەکانی کردونی ...یەکێتی تووشی دۆخێکی وا بۆتەوە کە یەکێتیەکان نایناسنەوە.
جێگای خۆیەتی لەم یادە پێرۆزەدا ئیستێک بکەین...روبارێک خوێن و دەریایەک سەروەری بێنینە پێش چاوی خۆمان و ئاوڕێک لە حیکمەتەکانی مام بدەینەوە و بەخۆماندا بچینەوە ، بۆ وامان لێ هاتووە بۆ خۆمان ناناسینەوە، هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی دور لە بەرژەوەندی کاکەکان و منداڵەکانیان بۆ ئەمڕۆی یەکێتی بکەین و خاڵ بخەینە سەر پیتەکان بە پێچەوانەوە هەم قەوارەی هەرێم لە بەردەم ناهاوسەنگی هێزدا مەترسی گەورەی دەکەوێتە سەر ،هەم کەرکوک دەمرێت، هەم یەکێتیش لە ئاودەچێت .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand