سیاسیە بێ شەرمەکان
2019-05-31 17:56:22
شەپۆل عەلی عەسكەری
لە مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاری گەلی کورد بە کۆمەڵێ هەوراز ونشێودا ڕۆیشتوە لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان بە بێ جیاوازی و تا ئەمڕۆشی لە گەڵدا بێت، ئەم بزوتنەوانە پێکهاتبوون لە مرۆڤی خاوەن بیری و بۆچوون و ئایدۆلۆژیای جیاواز لە هەمان کاتدا ئەم مرۆڤانە لایەنی دەرونی و فەسلەجی جیاوازیشاین هەبو و هەیە وەک حاڵەتێکی سروشتی مرۆڤ، تیایاندایە پاک و دڵسۆز و خەمخۆر ڕەوشت بەرز خاوەن هەڵوێست و بۆچوونی بەرز بۆ ڕزگاری خاک و نیشتمان و بەڵام بە داخەوە لایەنێکی ڕەشی تێدایە شان بە شان دڵسۆزەکان خەڵکانێکی ١٠٠٪ پێچەوانەی بەرانبەرەکانیانن.
ئەوەی زیاتر جێی داخە کورد ووتەنی " کێ ئەیکا و کێ ئەی خوا " ئەمانەن کە هەوڵی زۆر دەدەن بۆ ڕوخان و تێکدانی ئەوەی هاوڕێکانیان بنیادیان ناوە کار و وویستی ئەمانە خۆی لە یەک شتدا دەگرێتەوە ئەویش "بەرژەوەندی خودی خۆی وبەس" کێشە نیە بەلای ئەوانە نۆکەرایەتی دوژمن بکات یا کار ئاسانی بۆ تێکچوونی بارودۆخێک وخیانەت و دزی لەم بارودۆخەی ئەمانە ئاسانترین کارە کە بیکەن ئەم جۆرە سیاسیانە پێان ئەوترێ سیاسی بێ شەرم ، و لە بەر بێ شەرمێکەیان و پێشئەوەی کە دەست بە کارە قێزونەکانیان بکەن جۆرەهایجۆر پلان دادەنێن یا خود بۆیان دادەنێن بۆ ئەوەی بگەنە دەسەڵات و هەنگاوەکان یەک لە دوای یەک دەنێن و فەزایەک بۆ خۆیان دروست دەکەن کە خەڵکانێکی زۆر بڕوایان پێ دەکەن و فەریادڕەز و پاڵەوان ناویان دێنن، لەو حاڵەتەدا دەزانن کە بارودۆخیان لە بارە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانیان و پاراستنی خۆیان و بنەماڵەکانیان.
لە دوای ناوەڕاستی شەستەکانەوە ململانێەکی سەخت سەری هەڵدا لەدوای ساڵانێک لە قوڵپەی ڤایرۆسی دەسەڵات وسەرۆکایەتی حیزب ،بو بە کێشەیەکی گەورەی لە نێوان دووکەسایەتی ناو پارتی دواتر بە دوو بەرە ناسرا و دەستی پێکرد وتا ئەمڕۆ میللەتی کورد پێوەی ئەناڵێنێ ، پڕشکی ئاگری ناکۆکی نێوان ئەم دوو بنەماڵە تەنها لە باشوور نەمایەوە بەڵکو تەشەنەی کردو پارچەکانی تریشی گرتەوە بەداخەوە ئەم دووبنەماڵەیە بوونە ڤایرۆسێکی خۆێناوی پیس و بوون بە هەوێنی برا کوژی لە وڵاتدا لە نێوانیاندا بە هەزارەها گەنج وخەڵکانی تێکۆشەر بونە سووتەمەنی، دوای ئەوەی یەکتریان بۆ لە ناونەبرا و بەهەوڵی چەندین کەسایەتی توندرا کە دوو باڵەکە یەک بگرنەوە تا ساڵی ١٩٧٥.
دوای ئەوەی کە لە ١٩٧٥ کە کورد بۆ یەکەم جار یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بوو خاوەن چەک و بڕوایەکی بەرز بوو بوە قوربانی سەرکردەیەک هەموو غەم و وویستی ئەو مانەوەی خۆی و بنەماڵەکەی و ئەو بڕە پارە زۆرەی کە دەستیکەوتبوو و بە دەست ماچکردنێکی شای ئێران هەموو خەونو ئارەزو و خوێنی شەهیدانی کردە قوربانی خۆی و بنەماڵەکەی و بە ئاشبەتاڵێک چرایەکی پڕشنگداری کوردایەتی کوژاندەوە.
سەیری یەکێتی دوێنێ و ئەمڕۆ چ جیاوازیەکی گەورە بەسەریا هاتووە، حزبێک خاوەنی هەزارەها شەهید و جێ دەستی لە هەر چوار پارچەی کوردستان دیار بوو ببوە نموونەی خەبات و تێکۆشان ئەمڕۆش بوونەتە حزبێکی لۆکەڵ کە تەنها لەبەشێکی هەرێم خۆیان قەتیز کردوە کۆمەڵێ خاوەن بەرژەوەندی تایبەت و بێشەرم لە لووتکەی دانیشتوون و بڕیار لە ئەمڕۆ و ئایندەی ئەدەن. باسی پارتی ناکەیەن لە بەر ئەوەی ئەوان لە ئەوڵەوە بەم جۆرە هێناویانە.
لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە و بە تایبەتی لە دوای ڕێکەوتنە ستراتیجێکەی نێوان تاڵەبانی و بارزانی یەکێتی بە تەواوی چارەنووسی خۆی خستە ژێر دەستی پارتی و دواتر پاش سەردانی تاڵەبانی بۆ سەر قەبری مەلا مستەفا و ئیدریس و پەشیمانی و بێئاگایی خۆی لە سەر هەموو بەسەرهاتەکانی ڕابوردووڕاگەیاند، لەوکاتە هەموو ئەوکەسانەی لە بیرچووکە بوونە سووتەمەنی مانەوەی هەردووبنەماڵە و دەوڵەمەندبوونیان لە سەر خوێنی هەزارەها تێکۆشەر وهەزارەها منداڵیان بێ باوکرد لە نێوانیاندا لەو کاتەوە سیستمێکی نوێ لە سیاسەت دەستی پیکرد ئەویش سیستمی سیاسەتی بێ شەرمی.
ئێوە شەرمتان لە میللەت نەکرد لەوکاتەی کە شەڕی برا کوژیتان دەست پێکردەوە،شەرمتان لە کەسووکاری شەهیدان نەکرد کە لێتان پاڕانەوە کە چیتر مەبن بە باعسی نەهامەتی زیاتر و جەرگسووتانی دایکانی دیکە لەوە زیاتر کە جێی شەرمەزاری بوو کە بە شەقی ئەمریکا دانیشتن دوای گوێڕاکێشان و ترسی لە دەستدانی پایەی خۆتان ناچار ڕێکەوتن بەڵام دایکی شەهیدان هاتن بۆلاتان شەرمتان لەوان نەکرد بەڵام ملتان بۆ مادلن ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دانەواند..! ،ئێوە ٣١ی ئابتان کرد سەدامتان هێنایەوە بۆ سەر خاکی ڕزگارکراو، بەمەش نەوەستان (تورکیا و ئێران)تان هێنا، هەر سوودی نەبوو شەرمی ئەوەتان نەکرد کە بە درێژایی ٣٥ساڵ حوکمرانی سەدام نەیتوانی میللەت جیابکاتەوە بەڵام ئێوە ئەمەشتان کرد کردتانە ئەمبەر دێگەڵە و ئەوبەر دێگەڵە، شەرمی دەستبەسەراگرتنی بیرە نەوتەکانی هەرێم و دابەشکردنی سەروەت و سامانی وڵات بەسەر خۆتاندا ،مرۆڤ نازانێ باسی چی لە شەرمەزارێکانتان بکات لە دزینی داهات و بڕینی مووچەی فەرمانبەران بۆ نیوە یا بە ڕفراندۆمە بێ بنەماکەی بارزانی یا ١٦ی ئۆکتۆبەری نەوەکانی تاڵەبانی یا لاوازی و کەم تەرخەمی ئۆپۆسیزێۆن یا شەرمەزاری لە دەستدانی هەموو ناوچە دابڕاوەکانی هەرێم خەڵک نازانێ کە ڕێکنەکەوتنی ئێوە لەسەر پارەی نەوت ئەو ناوچانەتان لە دەستدا واتان کرد کە حەشدی شەعبی سووکایەتی بە کوردانی دانیشتووی ئەو ناوچانە بکات،و تازەترین شەرمەزای بارودۆخی کەرکوکە و سووتانی دەغڵ ودانی جوتیاران و تەقینەوەکانی دوێنێ شەوو٣٠-٥-٢٠١٩.
سنووری تەماعتان نازام گەیشتۆتە لوتکە یا هێشتا ماوتانە لەوە زیاتر کاولی بکەن ،هەموو هێڵە سوورەکانتان بەزاند و نرختان بۆ هیچ شتێک نەهێشتەوە و ناخی گەنجەکانتان شکاند پیش بە ساڵاچووەکان ئەمڕۆیەکی شکستخواردووتان بە دیهێنا و بەرو ئاسۆیەکی نادیار ئەم میللەتە بەڕێوە دەبەن ،لیرەدا دەبێ ئیستێک بکەن تۆزێک بیر بکەنەوە شەرم بتانگرێ ئەگەر بۆ جارێکیش بێ چونکە بەڕاستی سیاسەت ئەگەر ڕەوشتی تیا نەبێ دەبێتە جەنگڵستان ووەک ئێستا کە ئێوە بەرپایدەکەن بێ بەرهەم دەبێ لە نەهامەتی زیاتر هیچیتر نابێ.
ئمڕۆش ئەو ناکۆکی و قسە و قسە لۆکانەی کە لە میدیاکانەوە بە یەکتری دەڵێن هەمووی قسەی بێ ئەرزشن هیچ قورسای نیە و بڵقی سەرئاون لە بەر ئەوەی هەموو میللەت لێتان شارەزا بووەو دەزانن کە کەستان ئامادەنین واز لە بەرژەوەندیە تایبەتێکانی خۆتان بهێنن بۆ هیچ مەبەستێک لەبەر چاوی ڕەشی یەکتری نا بەڵام لە بەر قەبارەی دەسکەوتە مادێکان لە کۆتایی ئەم درامایە ڕێکەوتنێک واژۆ دەکەن ئەیخەنە خانەی بەرژەوەندی میللەتەوە وەک هەموو جارێک میللەت قەرزاربار دەکەن.
ئێستا بۆتان دەرکەوت کە ئێوە سیاسی بێ شەرمن...!