دابەشبکە و حوکم بکە
2018-04-15 15:11:42
دابەشبکە و حوکم بکە
(Divide and rule)
عەبدوڵا حەوێز: رۆژنامەنووس لە كەناڵی بی بی سی
- دابەشبکە و حوکم بکە یەکێکە لە تەکتیکە کۆنەکانى سیاسیەت بەماناى بەدەستهێنانی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتدێت لەرێی دابەشکردن و پارچە پارچەکردنی نەیارەکانەتەوە بۆ چەندین پارچە کە ئەمەش دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى دەسەڵات و کاریگەریان بەرامبەر بەوە کەسە یان حیزبەى کە پلانەکە جێبەجێ دەکات.
- ئەم تەکتیکە لەلایەن زۆرێک لە حوکمڕانە سەرکەوتووەکانى پێشوو بەکارهێنراوە، لەنێوشیاندا ناپلیۆن بۆنەپارت و جۆلیۆ سیزار و چەندانی تر، تەنانەت ئێستا لە سوریاش لەلایەن بەشار ئەسەد لە دژی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەکاردەهێنرێت.
- ئێستا لە کوردستان پارتی هەمان شت بەرامبەر بە یەکێتی دەکات و باری ناوخۆی یەکێتیش یارمەتیدەر بووە بۆ سەرکەوتنی ئەم پیلانەى پارتی: بۆ نموونە جیابوونەوەى سەرکردەکانى گۆران لە یەکێتی بە پلەى یەکەم بەهۆى ناکۆکی ئەم سەرکردانەبوو لە شێوەى مامەڵەکردن لەگەڵ پارتی، ئینجا هەرچەندە لەدواى وەفامی مام جەلال رەوشی یەکێتی بەرەو خراپی زیاتریش چوو بەڵام بەشێکی هۆکاری جیابوونەوەى بەرهەم هەر دەستەوەردانی پارتی بوو لە ململانێکانى ناو یەکێتی بە پشتیوانیکردن و نزیکبوونەوەى لە بەشێک لە سەرکردەکانى یەکێتی و دژایەتی بەشێکی تر، ئینجا مەوزوعی دروستبوونی لیستەکەى شاسواریس لەناوچەى جێ نفوزی یەکێتی پەیوەندی بە دەستەوردانی پارتی هەیە، تەنانەت لە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتیش پارتی کردوونی بە دوو پارچەوە بە پیشتیوانی و نزیکبوونەوە لە بەشێکیان کۆسرەت و نەجمەدین کەریم و تاراددەیەک مەلا بەختیار و دژایەتی قوتبەکەى تری ناو یەکێتی کە لەلایەن بافیل و لاهورەوە سەرکردایەتى دەکرێت
- وەک دەبینین ئەم تەکتیکی دابەشبکە و حوکم بکەی کە پارتی جێبەجێ کردووە تەواو سەرکەوتوو بووە چونکە پێشتر یەکێتی هەرەشەیەکی گەورەبوو لەسەر دەسەڵاتی پارتی چونکە هێزیان تەقریبەن بەقەدەریەک بوو و بەڵام ئێستا دواى پارچە پارچەبوونی ئەم حیزبە بۆ چەندین حیزبی بچووکتر دەبینین کە پارتی لە چاو ئەم حیزبانە زۆر بەهێزترە بە هەموویانەوە
- تەبعەن بەشێکی تری ئەم تەکتیکە ئەوەیە کە نەهێڵێت ئەم حیزبانە دواى پارچە پارچەبووین هیچ هاوپەیمانیەتیەکى بەهێز پێک بهێنن چونکە ئەمەش رەنگە ببێتە هەرەشە بۆ سەر حوکمى ئەم پارتە، بۆیە دەبینین بۆ نموونە کە یەکێتی و گۆڕان هەوڵی هاوپەیمانیەتیاندا، بەشێکی سەرەکی سەرنەکەوتنی ئەم هاوپەیمانیەتیە پارتی بوو کە بێگومان بۆ ئەوەش دەبێت گلەیی لەم حیزبانە بکرێت نەک پارتی چونکە ئەم تەکتیکە لە سیاسەت تەواو شەرعیە و ئەم خەتایە لەم حیزبانەیە نەک پارتی.