Draw Media

ئێمەش دەنگمان بەسەرۆک نەدا

ئێمەش دەنگمان بەسەرۆک نەدا

2019-05-30 19:21:20


 فارس نەورۆڵی

یەکێک لەخاڵە لاوازەکانی کورد یاخود نەخۆشییە درێژخایەنەکەی بەدرێژایی مێژوو نەبوونی سیمبول یان ڕەمزی ھاوبەشە ،  کە سیمبولی ھاوبەش  ڕۆڵێکی بنەڕەتی بۆ ھەرنەتەوەیەک ھەیە لەیەکانگیری سیاسی وکۆمەڵایەتیدا و لەھەمانکاتدا لەنەخشی ناسنامەی گشتی و نەتەوەییدا،  لەمێژووی گەلانی جیھانیشدا   نمونە زۆرن ، کە سیمبولەکان بوونەتە ھۆکاری پێگەشتن و تێگەشتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی. لە کۆمارەکەی  ئەفلاتون دا ، دووشت یان دوو ھۆکار ھەیە کە دڵسۆزی یان ئینتیما  پەرەپێدەدا، یەکەم  ھەستکردن بە شتەکان  دووەم  پەیوەستبوون پێیانەوە ، ئەمەش سیمبول ڕۆڵی بنەڕەتی ھەیە، ئێمە وەک کورد خاڵی ھاوبەشمان زۆرە  تراژیدیا یەکێکە لەو خاڵانە، بەڵام لەسەر خاڵە ھاوبەشەکان ڕێکناکەوین ، بەردەوام تراژیدیا بۆ خۆمان زیاددەکەین  بێ لێکدانەوە و بیرکردنەوە کە دەبوو ئێمە دیکارتی بیربکەینەوە، ئێمە سیاسەت دەکەین بێ ئەوەی بزانین پرسیاری فەلسەفەی سیاسی چییە، سیاسەت ئەخلاقە، پرسیارە، ئامرازە  بۆ پاراستنی ڕێساکان ، بەڵێنەکان و ڕێگرتنە لە پشێوی و پاشاگەردانی و بێ یاسایی ، بۆیە کورد و کەمەنەتەوەکانی دیکەی جیھان زیاتر  پێویستی بە ئەخلاقی سیاسییە، بەڵام کە مێژوو دەخوێنینەوە ، ئەوەمان پێ دەڵێ کە کورد چۆن یەکمان ھاڕیوە، دەبێ تێبگەین ئێستا لە دۆخێکی جیاوازداین  و ناوچەکە لەدۆخێکی ھەستیار و نادیاردایە بۆیە دەبێ کورد و ھێزە سیاسیەکان تەجاوزی زۆر مەسەلەیان بکردایە یان لەکەوانەیەکی داخراودا جیاوازییەکانیان دانایە ، نمونە پۆستی سەرۆکی ھەرێم دەکرا ھەر لەسەرەتاوە بکرێتە سیمبولی گشتی، بەڵام نەکرا بەڵکو لەچوارلاوە کرایە ئامانج  لە ٢٨ی ٥ ی ٢٠١٩ بەڕێککەوتنی پێشوەختە لەنێوان پارتی و یەکێتی وگۆڕاندا بڕیاربوو ھەڵبژێردرێت، ئەمەش بەگفتوگۆیەکی دوورودرێژدا تێپەڕی، بەڵام وەک نوسەرێک یێژێت (گفتوگۆکانی ناو کورد گفتوگۆیەک نییە بگەنە ئەنجام  بەڵکو گفتوگۆیەکە براکان زیاتر لەیەک دوردەخاتەوە). ئەوەتا دوای گفتوگۆیەکی دوورودرێژ لە نێوان لایەنەکان و ڕێککەوتنیان  کەچی لەکۆتاییدا  یەکێتی دەنگنادا بەڕێککەوتنەکە  ، من ناڵێم یەکێتی بۆدەنگی نەدا دەبێ لەسەر ئاستی باڵای ھەردوو لا قسەی لەسەر بکرێت، لەھەمان کاتیشدا ھەندێ فراکسیۆن  بەپەلە وتیان ئێمەش دەنگمان بەسەرۆک نەداوە وەک ھەنگیان لەداردا دۆزیبێتەوە  بۆیە دەمەوێت ئەوە بەو بەڕێزانە بڵێم ، ئەگەر پێتان وایە  دەنگدان بەکاندیدی پارتی ڕای گشتی بۆ خۆیان ڕادەکێشن، ئەوە تێنەگەشتنە لەئێستای شەقامی کوردستانی، چونکە چیتر شەقام بڕوا بەو وەھمە ناکەن  تەجاوزی ئەو جۆرە گەمەیەی کرد و ئەو سیحرە بەتاڵبوویەوە، ئێستا خەڵک ژیان و خۆشگوزەرانی دەوێ وتێگەشتوون، ئێوەش چیتان دەوێ. سەرەڕای گرفتەکان خۆشبەختانە پرۆسەکە بە پێوەری دیموکراتی  شەرعییەتی وەرگرت و ھەر یەک کاتژمێر دوای پرۆسەکە لەسەر ئاستی جیھان و ناوچەکە و عێراق و کوردستان پیرۆزبایی شەرعییەتیان لێ کرد لەلایەن ئەمریکاو بەریتانیا و فەرەنسا و ئێران و تورکیا و  وڵاتانی عەرەبی و ھێزە سیاسییە عێراقییەکان پیرۆزبایییان لەنێچیرەوان کرد و ئامادەیی ھاوکارییان دەربڕی بۆ قۆناغێکی نوێ، لەناو یەکێتی قوباد تاڵەبانی ھەر زوو پیرۆزبایی کرد و لەھەمانکاتدا پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی و پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێم ئاماژەی قۆناغێکی نوێیان گەیاند.  بۆیە پرۆسەکە لەبەرژەوەندی گشتی کۆتایی ھات.  ئەو وردە گرفتانەش لەمێژووی کورددا کەم نین وچارەش کراوە، ئەمەش وردە گرفتە و ئیرادەی گشتی بەسەریدا زاڵ دەبێت.

بۆیە واباشە لایەنەکان بەتێگەشتن لەسیاسەتی جیھانی وناوچەیی وعێراقی بۆ پڕۆسەکە و بۆ چاکەی گشتی کوردستانی و تێگەشتنیان نێچرەوان بارزانی لەلاپەڕەیەکی نوێدا سەرنجەکانیان بنوسنەوە و بزانن ئەمە کۆتایی دنیا نیە و گەمەی سیاسییە. 

ئەگەر ئێمەی کورد نەگەشتوینەتە ئاستێکی ڕاقی سیاسی ئەوەش پەیوەندی بەھۆشیاری سییاسیمانەوە ھەیە،  بۆیە نابێ بەگرژی بیربکەینەوە  دەبێ پەلە بکەین  بۆ پێکھێنانی حکومەت، چونکە خەڵک ماندووە، پێم وایە پارتی و سەرۆکی ھەرێم باش دەرکی  ھەستیاری دۆخی ناوچەکە و ژیانی خەڵکی کوردستان دەکەن. بۆیە بەگیانی وەرزشی  بارودۆخی ناوخۆ وەردەگرن، ئەقڵانی تەفسیری دەکات لەبەرامبەر ئەمەدا پێویستە لایەنەکانیش ڕوانینی پارتی بەھەمانشێوەی ئەرێنی لەچوارچێوەی چاکەی گشتی و پێوەری دیموکراتیدا وەرگرن ھەموولا تێبگەین کە باڵای کوردستان  لەباڵای حیزبەکان بەرزترە و پۆستی سەرۆکی ھەرێم سیمبولی کوردستانە و شەرعییەتی دیموکراتی و پاڵپشتی یاسایی و پشتگیری جیھانی و ناوچەیی وعێراقی و کوردستانی وەرگرتووە، پەیامەکانیان  ڕوون نیشانی ھەموولایەکیدا کەواتە پێویستە لەگەڵ ئەو دۆخەدا قوڵتر بیربکەینەوە و خۆمان بۆ ئەگەرەکانی گۆڕانکاری ناوچەکە ئامادەکەین و بیرێکیش لە حاڵی کەرکوک وخانەقین وشەنگال و دوزخورماتوو بکەینەوە وەک تیمێک لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم دا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand