کۆڵەپـشت
2019-05-30 17:12:55
ئەرسەلان بایز
دەسپێك:
ژیان هیلاكی كردووم، سیاسەت و «ی.ن.ك»یش زیاتر. خۆر لە دەم كەلە، بۆیە پێش ئاوابوونی ڕۆژ، دەمەوێ هەرچی لەو ماوەیەی تەمەنمدا دیومە، بەرچاوم كەوتووە، گوێم لێبووە، ڕوویداوە یان بەسەرم هاتووەو كۆڵە پشتەكەمی لێوان لێو كردووە، بەزنجیرە بۆ مناڵەكانم و نەوەی ئایندەی گەلەكەم هەڵبڕێژم. دڵنیاشم بەشێكی ڕەتدەكەنەوە، پێكەنینیان بە بەشێكی تریشی دێت. ئەو بەشە كەمەش كە دەمێنێتەوە هیوادارم سوودبەخش بێت بۆیان.
كەلەپچە
(1)
شەڕی ناوخۆ گەرم بوو. تۆپ بەر تۆپ دەكەوت. لە پڕ بروسكەیەك دەهات یەكە قارەمانەكانی «ی.ن.ك» لە (كەپكی حەمەد ئاغا) كە (قومێ ئاوی تێدانییە بۆ خواردنەوەش) دوو سەنگەریان لە هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان پاككردەوە، كوژراوو برینداریشیان هەیە. ئێمە هەموو لە خۆشییان هەلهەلەمان لێدەدا. پاش چەند سەعاتێكی تر بروسكەیەك دەهات: بەداخەوە هێزەكانی پارتی هەردوو سەنگەرەكەیان لێوەرگرتینەوە، شەهیدو برینداریشمان هەیە. بێگومان هەمان ڕووداوو هەواڵ و دیمەن لای پارتیش دەبیسترا.
رۆژێكیان مقۆمقۆ لەناو هەڤاڵانی (مەكتەبی سیاسی) بڵاوبووەوە گوایە (مام جەلال) لە خەیاڵی ئەوەدایە سنورێك بۆ ئەو شەڕی براكوژییە دابنێ و یەكلایەنە دەستپێشخەری بكات، دەیەوێ بەتەنیا سەردانی سەرۆكی پارتی بكات.
ئەو هەواڵە وەكو زەنگێكی مەترسیدار لەناو هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی بڵاوبووەوە (چۆن دەبێ مام جەلال كاری ئاوا بكات. ئەمە تەنازولە بۆ پارتی. چۆن دەبێ بەتەنیا سەفەر بكات. ئاخر بۆ كەسایەتی و هەیبەتی مام جەلال و «ی.ن.ك» خراپەو زۆرمان لەسەر دەكەوێ).
رۆژێكیان بەسەردان چوومە ماڵی (كاك كۆسرەت) بەڕێكەوت (عیماد ئەحمەد)یشی لێبوو. هەرسێكمان باسێكی ئەو نیازەی (مام جەلال)مان كرد. دواتر بڕیارماندا بە سێقۆڵی سەردانی بكەین و هەوڵی پەشیمانبوونەوەی لەگەڵدا بدەین. هەر لە سلێمانیەوە تاكو دوكان بەرنامەڕێژیی ئەوەمان كرد بە چ شێوەیەك قسە بكەین و لەو سەفەرە ساردی بكەینەوە. كاتێ گەیشتینە دوكان (مام) لە ژێر سێبەری دارێك لە باخچەكەی پشتی ماڵی خۆیان بەتەنیا دانیشتبوو. دوای سڵاوو چا خواردنەوەیەك. (كاك كۆسرەت) باسەكەی هێنایە پێشەوە. من و كاك (عیماد)یش قسەی خۆمان كرد. دیارە زیاتر لە قسەكانی من ناڕەحەت بوو. بۆیە كاتێ پێشمەرگەیەك بەوێدا تێپەڕی، بانگی كرد وەرە كوڕم بڕۆ كەلەپچەیەكم بۆ بێنە. ئێمەش هەرسێكمان حەپەساین (مام) كەلەپچەی بۆ چییە؟! كاتێ پێشمەرگەكە بەكەلەپچەكەوە هاتەوە، (مام) هەڵسایە سەرپێو وتی: فەرموو (ئەرسەلان بایز) كەلەپچەم بكەو هەموو قسەو جوڵەیەك و دەسەڵاتی سكرتێریشم لێ قەدەغە بكە. منیش گورج كشامەوە دواوە. استغفر اللە استغفر اللە (مام جەلال) من حەدی وام نییە. ئەم قسەیە چییە دەیكەیت.
(مام) دانیشتەوەو وتی:
ئەگەر ئەو ڕووباری خوێنەی شەڕی نەگریسی ناوخۆ بەسەردانێكی من بوەستێ، ئەوا سەد سەردانی وا دەكەم. ئێمە ئامادەین بۆ دوژمنانی كورد سەد سازش بكەین و بە عەیبیشی نازانین، ئەی بۆچی بۆ كورد تەنازول و عەیبەیە. ئەی بۆچی من سكرتێری گشتیم..؟