بۆچی بەسەرۆکی نوێ خۆشحاڵ نەبم ؟
2019-05-30 15:28:09
ئەمین بەكر بەرزانی بۆ جارێکی تریش بۆوە بەسەرۆک وئەمجارەیان لەجێی مامیی سەرۆکی هەرێمە:
نێچرڤان بارزانی کە لەتەمەنی 23ساڵیدا لەبەر ئەوەی کوڕی گەورەی ئیدریس بارزانی وکوڕەزای مصگفی بارزانیە دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمکراتی کوردستان، تائێرە بۆمن گرنگ نیە ومافی ڕەخنە گرتنیشم نیە چونکە کارێکی ناوخۆی حزبەکەیەتی و ئەندام ولایەنگرانی ئەو حزبە بەوە ڕازین، بەڵام کاتێک نێچیرڤان بارزانی پۆستی گشتی حکومەت وەردەگرێت وبەتەسکیەی بنەماڵەوە زیاتر لەدوو دەیەیە سەرۆکایەتی حکومەت دەکات و لە ساڵی 1996 ەوە دەبێتە جێگری سەرەک وەزیران لە 1999ەوە دەبێتە سەرۆکی حکومەت--ئیدارەی هولێر--و لەساڵی 2006یشەوە دەبێتە سەرەک وەزیرانی هەردوو ئیدارەکەو تا ساڵی 2019، بێجگە لەدوو ساڵی 2009 تا 2011 ، سەرەک وەزیرانی ئەم هەرێمە بووە وئێستاش لەدوای چۆڵکردنی پۆستەکە لەلایەن مامیەوە دێت ودەبێت بەسەرۆکی هەرێم ، بۆیە مافی خۆمانە کەبزانین کامانەن ئەو دەسکەوتانەی کەلەماوەی بیست وئەوەندە ساڵەی ڕابردودا بۆئەم هەرێمە بەدەستی هێناون تا ئێستاش دڵ خۆش بین بەوەی کە جارێکی تریش تاجی شاهانە لەسەر بنێتەوە،
--لەڕوی سیاسیەوە : نێچیرڤان بەرزانی لەماوەی حوکمڕانی زیاتر لەدوو دەیەیدا نەیتوانی دابەش بونی هەرێم بۆ دو ئیدارە کۆتایی پێ بهێنێت و بەردەوام هەرێمی کوردستان --ئیدارەی هولێر وئیدارەی سلێمانی دوو حکومەتی جیایان هەبووە بەشێوازی سەرەک وەزیران وجێگرەکەی حوكمرانیان کردوەو، خۆی سەرەک وەزیرانی دێگەڵە تا زاخۆی کردوەو جێگرەکەشی لەدێگەڵە بۆ کلار دەسەڵاتداری ڕاستەقیە بوە، بۆوەزارەتەکانیش هەمان پێودانگ، لەلایەن وەزیرو جێگر وەزیر بەو شێوەیە حکومەت دازەشکراوبوە؟وبەڕێوە براون ، تەنانەت وەک سەرۆکی حکومەت نەیتوانی سەندیکاو دەزگا بەناو سەربەخۆکانیش لەو دابەش بونە حزبی وناوچەییە دەربهێنێ ، وکاتێکیش دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی عێراق وبەفشاری هاوپەیمانان حکومەتەکەیان لەڕوکەشدا کردەوە بەیەک ، لەواقعدا دوئیدارەی حزبی جیاواز بون و تا ئەم چڕکە ساتەش سلێمانی وهولێر دوو ناوچەی نفوزی حزبی وبنەماڵەین .
نزیکەی 30ساڵە ئەم هەرێمە سەربەخۆیە بەڵام تائێستا حکومەت و دامەزراوە جۆڕاوجۆرەکانی بەدەسەڵاتی دادوەریشەو لەژێر فەرمانی حزب وحزبەکانیش لەدەستی بنەماڵەکاندان، بۆیە مافی خۆمانە کە بپرسین کامە کاری گەورەی نێچرڤان بەرزانیە کە بۆکۆتایی هێنان بەو دۆخە کردویەتی ،ڕاستە ئەو بەتەنها بەرپرس نیە بەڵام ئەو سەرەک وەزیرانێک بوە کەنەیتوانیوە کۆتایی بەو دۆخە بهێنێت و بەپێچەوانەوە شەرعیەتی بەتۆخ کردنەوەی داوە.
. لەڕوی دبلۆماسیەوە لەماوەی درێژی دەسەڵاتی ئەودا نەک نەیتوانی سەرکەوتنی دبلۆماسی بەرامبەر بغدا بەدەست بهێنێت ولەدۆسیە گرنگە چارەنوس سازەکاندا چارەسەری پرسە گرنگەکانی خاک وپێشمەرگەو ئابوری ودارایی وڕێکخستنی دەسەڵاتەکان و شێوازی پەیوەندی نێوان هەرێم وبغدا بکات ، بەڵکو خۆی بۆ پرسە حزبیەکانی حزبەکەی دەگەیشتە بغداو زۆرجار ململانێ حزبیەکانیان دەبردە ئەوێ.
لەپەیوەندیە دەرەکیەکاندا زۆر ڕۆڵی گەورە پیشان ئەدرا بەڵام لە دوای ڕیفراندۆما دەرکەوت چەند کوردیان بێ دۆست کردوەو لەیاری نێوان بەرژەوەندی زلهێزاندا زۆر ناموەفەق بون.
-- لە ڕوی سەربازی و ئەمنیەوە زیاتر لەدوو دەیەیە وەزیری پێشمەرگە لەبەردەستی ئەودا بوە،بەڵام تائێستاش هێزێکی نیشتمانی ناحزبی نیەو پێشمەرگە پێشمەرگەی پارتی ویەکێتیەو مافی خۆمانە بپرسین کامانەن ئەو هەنگاوانەی حکومەتەکانی ئەو بۆ بێ لایەنکردنی پێشمەرگەو دروستکردنی هێزێکی نیشتمانی هاویشتونی، چەند پڕۆژە یاسایان لەو بوارەدا داوەتە پەرلەمان وچەند بەرپرسی ئەمنی سزادراون ، ئایا توانراوە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەک پڕچەک بکرێن و لەفرمانی حزب دەربهێنرێن ولەسەر بیروباوەڕی بەرگری لەبەرژەوەندی نیشتمانیە باڵاکان پەروەردە بکرێن.
ئایا توانراوە ئامانج وستراتیژی هێزی پێشمەرگە دیاری بکرێت تا پیاوەتی بەخوێنیانەوە نەکرێ، شەڕی موسڵ وتکریت ودیالەیان پێ بکرێت و دواتریش پاشەکشەیان پێ بکرێ، ئایا لێرەوە بەرپرسیارێتی شکستی هێزی پێشمەڕگە بەشێکی بەرئەو ناکەوێ؟.
لەڕوی ئابوریەوە ،تەنها لەساڵی 2004ەوە نزیکەی سەد ملیار دۆلار لەبغداوە هاتۆتە هەرێمی کوردستان ،بێجگە لەداهاتی ناوخۆو باجی هاوڵاتیان و فرۆشتنی نەوت، بەڵام هەموو ئەم هەرێمە بگەڕێیت ناتوانیت بایی 5 ملیار دۆلار بەژێرخانی ئەم وڵاتەوە ببینی.،ئەوی تری کەس نەیزانی بەقوڕگی چ ئەهریمەنێکدا کراوە تەنانەت ڕاپۆڕتە نێو دەوڵەتیەکان دەڵێن هەر کۆمپانیایەک بیەوێت بچێتە بازاڕەکانی هەرێمەوە پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم بکات بەشەریک.
بەفرمانی ئەو بانکەکان تاڵان کران و بانکەگەورەو جیهانیەکان، ترسێنران بەبڕیاریکردنەوەی لقەکانیاندا لەهرێمدا چونەوە
تەنانەت پارەی هاوڵاتیان وبەرهەم هێنە ناوخۆیەکانیش بردراوافلاس بەسەدان کۆمپانیا کرا
دەسکەوتی حوکمڕانی ئەو بۆ چارەسەری کێشەی دارایی کەم کردنەوەی موچەی موچەخۆران بوو بۆنیوەو ،تەنانەت ئەو پارەش کە لەبغداوە بۆ موچە خۆران دەهات لێیان زەوت دەکرا وقەرزی کۆمپانیا گەوورەکانی پێ ئەدرایەوە ، ویاخود بەسەر موچەخۆرانی حزبیدا دابەش دەکرا.
هەر لەسەردەمی حوکمڕانی ئەودا حکومەتی هەرێم زیاتر لەبیست ملیاردۆلاری قەرزی لەسەر خەڵکی ئەم هەرێمە کردە ماڵ و دەبێت تا عەیامێکی زۆر مناڵەکانیشمان باجی ئەو سیاسەت چەوتە بدەین.
ئابوری هەرێم لەماوەی ڕابردودا بێجگە لەئابوریەکی بەکاربەر نەیتوانی ببێتە خاوەنی ژێرخانێکی ئابوری وبازاڕی ساغ کردنەوەی کاڵای تورکی وئێرانی بوە، چونکە دەسەڵاتدارە حزبیەکانی ئەم هەرێمە نازانن بەرهەم هێنان،بکەن بەڵام ئاسانە،بۆیان لەڕێگای قۆرغ کاریەوە بازرگانی بکەن، بەجۆرێک ئەگەر پارەیەکیش دەست خەڵک دەکەوت دەدرا بەکاڵای تورکی وئێرانی ودەچوە گیرفانی ئەوانەوە هەربۆیە حکومەتەکەی بەرگەی بچوکترین قەیرانی ئابوری نەگرت .
، لەڕوی ئاستی ژیانەوە ئاستی هاوڵاتیانی لەگەڵ ئاستی ژیانی هاوڵاتیانی سۆماڵی وئەفغانیدا بەراورد دەکرێ،وڕۆژانە لەسۆشیال میدیاو تەلەفزیۆنەکانەوە وێنەی ژیانی کولەمەرگی ونەبونی خێزان و پیرو پەک کەوتەو کەم ئەندام ونەخۆشەکانی پیشان ئەدرێ و داوای هاوکاری وبەدەمەوە هاتن لەخێرخوازان دەکرێت، ڕوی دەمیان ناکەنە حکومەت چونکە نەک هەر دەزانن حکومەت هیچیان بۆناکات بەڵکو ئەزانن ئەوەی توشی هاتون دەرئەنجامی سیاسەتی چەوتی ئەو بەناو حکومەتەبوە. ولەڕوی مافەکانی مرۆڤ وئازادیشەوە لەڕیزی پێشەوەی ئەو وڵات وناوچانە دێت کەپێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی تێدا دەکرێ.
-- لەسەردەمی حوکمڕانی ئەودا زۆربەی سامانی ژێر زەوی ئەم هەرێمە بەخاکەکەیەوە بەکۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت فرۆشراو بەشێکیکشی کرایە دیاری ڕەزامەندی دەوڵەتی تورکیا ودەسەڵاتەکەی، بەجۆرێک کە زۆر غەشیمانە گرێبەستەکانی دەرهێنان وفرۆشتنی نەوتیان ڵەگەڵ کۆمپانیاکان لەسەر حسابی سامانی گشتی و ئایندەی خەڵکەکەی واژوکردوە.
بێجگە لەوەی کە هەر لەمیانەی گرێبەستە نەوتیەکاندا و بەڕەزامەندی ئەو چارەنوسی ئابوری وسیاسی ئەم هەرێمەش خراوەتە قومارێکی دۆڕاوەوە.
-- ئەو سەرەک وەزیران بوو دەیزانی پرۆسەی ڕیفراندۆم کارەساتی گەورە بەسەر ئەم پارچەیەی کوردستاندا دەهێنێت، بەڵام ڕازی بوو چارەنوسی ئەم وڵاتە بخاتە ئەو قەیرانەوە کە بێجگە لەتێرکردنی حەزی چەند کەسانێک ، نەک هەر دەسکەوتی بۆ خەڵک بەدەست نەهێنا بەڵکو پاشەکشەیان بە هەرێمی کوردستان و ئەزمونی حوکمڕانی کرد بۆ دەیان ساڵی تر.
هەر لەسەردەمی ئەودا بوو 51% خاکی کوردستان هەر لەجەلەولاو خانەقین ودووزو کرکوک وشنگارو مخمورو دەشتی موسڵ تەسلیم بەحەشدی شعبی کران و خوێنی ڕژاویی دەیان هەزار گەنج ولاوی ئەم وڵاتە کە لەژێر ختوکەی سۆزی نەتەوەیی وڕزگارکردنی خاکی کوردستاندا ڕژێنرا بەبادرا .
من هیچ ڕقێکی شخصیم نیە بەڵام دڵخۆش نیم وگەش بینیش نیم بەوەی کە سەرەڕای ئەو هەمو شکستانەو ماڵ وێرانیەی بەسەر خەڵکی کوردستانی باشور هاتوە لەماوەی دەسەڵاتی ئەوو بەهۆی بێ توانایی ئەوەوە ،جارێکی تریش لەسەر کورسی سوڵتانی دائەنیشنەوە ، تەنها خەم بۆ ئایندەی میلەتەکەم دەخۆم.