Draw Media

لای پارتی کەرکوك هێڵی سورە

لای پارتی کەرکوك هێڵی سورە

2019-05-29 12:35:42


دانا حەمەعەزیز 

بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو، تەنها کەرکوك خاڵی بنەڕەتی ململانێی خوێناوی نێوان کورد و بەغدا بوە. بەڵام ناشیرینیی ئەزمونی حوکمڕانیی کورد لە هەریمی کوردوستان و ڕواداوەکانی دوای ڕاپەڕین، سەلماندی کە نەك کەرکوك، بەڵکو کۆی ئەوەی پێی ئەوترێ کوردایەتیی، پرۆژەیەکی بازرگانیی خێڵەکیی بوە و لە بەرژەوەندی بنەماڵەدا کورتکراوەتەوە.
تاکو ئێستاش برایم خەلیل تاکە دەروازەی ستراتیژی سیاسی و ئابوری هەریمی کوردودوستانە، ئاماژەکانی پشت دەسبەسەراگەتنی ئەم شوێنە لە یەکی ئایاری ١٩٩٤ دا لەسەر ئەوەی شەڕ و دەمەقاڵێ لە قەڵادزە ڕویدابوو، زۆر مەترسیدار بوو. کاتێکیش لەپادشتی ٣١ی ئابدا حزبێکی کوردی قەزای مەخمور پێشکەشی سەدام ئەکا و ئەخرێتە سەر موسڵ، باسکردنی کەرکوك بێ مەعنایە. 
کەرکوك تاکە ئومێدی ڕاستکردنەوەی ئەو لاسەنگیە بوو کە جوگرافیا و برایم خەلیل و ٣١ی ئاب بۆ پارتی دروستکردوە، بۆیە ئەوەی لە دوای روخانی سەدام، پارتی لە کەرکوك کردویەتی، گەڕکردن بوە بەیەکێتی و بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخی ئەم شارە و کارکردن بوە لەسەر بەتەواوی دورخستنەوەی لە هەریمی کوردوستان. ئەگەر کەرکوك لەسەر هەرێم بوایە نە ٣١ی ئاب سەرکەوتن و نە هەولێر پایتەخت و نە برایم خەلیلیش موقەدەس ئەبوو. کەواتە دەسکەوتی ڕیفراندۆم بۆ پارتی لە دەسکەوتی ٣١ ی ئاب کەمتر نەبووە. 
ڕیفراندۆم ئامانجی خۆی پێکا، سەری کەرکوی خوارد و پێگەی پارتی بەهێزتر کرد. لەبەرامبەر چاکەی کۆتایی هێنان بە کەرکوك و کۆتایی هێنان بە نیوسەدە ململانێیی کوردو بەغدا، پارتی ئیمتیازی گەورەتری پێدرا و بە رەزامەندی تاران و ئەنقەرە و بەغدا، ئێستا پارتی رۆژانە یەك لەسەر چواری نەوتی عێراق بۆخۆی ئەفرۆشێ و لەبەغداشەوە مووچە وەرئەگرێ. لەبەر ئەو دەسکەوتانە و سەودای ژێربەژێری لەگەڵ تورك و فارس و عەرەب، مەحاڵە پارتی ڕێگە بدا کەرکوك پارێزگارێکی کوردی بە غیرەتی هەبێ. ئەوەی یەكێتی لە پارتی داوای ئەکا، تەنها خۆ خەڵەتاندنە، کەی پارتی هەولێر و برایم خەلیل و داهاتی نەوتی تەسلیم بە ئیرادەی خەڵکی کوردوستان کردەوە، شتێك نامێنێ بەناوی کێشەی کوردوستان و کەرکوك.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand