هاوڕێكانی مام جەلال بە ئەمەك نەبون
2019-05-29 10:40:14
ژوان ئەحمەد
یەكێتی خاوەن شەرەفی هەستانەوەو ملكەچ نەبون بۆ ئاشبەتاڵ، بەڵام.....
دەبەنگو گێلە یان خۆی وا لێدەكات ئەوەی پێی وابێت ئێستا یەكێتی لە دۆخێكی باشو پێگەیەكی بەهێزدایە.
لە دوای نەخۆش كەوتنی جەنابی مام جەلالو پاشانیش كۆچ كردنی ئەبەدی، ئیدی هیچ بیمو لەمپەرێك لەبەردەم ئاستی باڵای یەكێتیدا نەما بۆ ئەوەی یاری بە موقەدەراتی ئەم حزبەوە بكەنو بیكەنە بوكەڵەی دەستی خۆیانو لەپێناو گیرفانی خۆیان حزبەكەیان ناشرین كرد. ئیدی لە ناوەندی بریار تا جیابونەوەو باوەخون بونەوە، تا رێكەوتنە لێڵەكان
بەو لەو مێژووە بەشێكی زۆر لە مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی توانای قسە كردنیشیان نەبوو نەك كردەەكانی ئێستایان، چونكە مام وتەنی: ئەوانە میزەڵداننو دەرزیەكە لای مام جەلال بوو هەركاتێك سنوریان ببەزاندایە وەك پفدانك فش دەكرانەوە.
ئێستا!!
ئێستا یەكێتی وەك شیعرەكەی فەرهاد پیرباڵی لێهاتوە، یەكێك ئەڵێت ئا، ئەویتر نا، ئەوی تر ئا، ئەویتر نا..
ئەجێندایەكی گشتگیر نیە كۆیان بكاتەوە.
گەندەڵیو بێسەروبەریو تێوەگلان لە سەفقەی گوماناوی بڵاوە
تا دێت هێڵی بنەماڵەییو خێزانیو خزم خزمێنە لەناو یەكێتی تۆختر دەبێتەوە
بەخشینەوەی پلە بە خێرو سەدەقە، بە پاداشتی تەكەتولو باڵباڵێن تادێـ زیاتر دەبێت بە جۆرێك زۆرینە بونەتە خاوەن پلەو كەمینەیەك ئەندام، كە خۆی پێچەوانەیە.
پەیرەوی ناوخۆو پرۆگرامی كاری یەكێتی بەجۆرێك فەرامۆش كراوە، كەس بیری نیە، لە جێگری سكرتێری گشتی تا خوارەوە، پەیڕەو پێشێل دەكەنو باكیشیان نیە.
بۆ ئایندە چی؟؟
وەك چۆن دامەزراندنی یەكێتی سەخت بوو، ئایندەش پێویستی بە سەرلەنوێ دامەزراندنەوە هەیە، یەكێتی لایداوە لە هێڵی گشتی كاركردنو ستراتیژی خۆی، پەیوەندیەكانی تەواو پچراوە لەگەڵ حزبو پێكهاتەكانی تر.
بۆیە:
یەكێتی پێویستی بە كۆنگرەیەكە سەرلەنوێ پەیكەرەو پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دابڕیژێتەوە، گشت ئەو گیاكەڵانە هەڵكێشێت كە یەكێتیان لاواز كردوە.
یەكێتی پێویستی بە ئامانجی رونو رێبازە دێرینەكەی مام جەلال هەیە.
گشت هاوڕێكانی مام جەلال، لە كاك كۆسرەت تا خوارەوەی سەركردایەتی، بە كوڕەكانیشیەوە، بەداخەوە بەئەمەك نەبون بۆ رێبازی مامو بە ئێستاشەوە زیان بە خۆیانو یەكێتی دەگەیەنن، چونكە:
یەكێتیان نەپاراست، یەكێتیان لاواز كرد
درود بۆ گیانی مام جەلالو تەواوی شەهیدانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان