Draw Media

ئایا یەكێتی لە نیوە رێگەدا لادەدات !

ئایا یەكێتی لە نیوە رێگەدا لادەدات !

2019-05-28 21:37:18


 گۆران عەلی کەریم
یەكێك لەرەخنە دیارە و باوەكانی لەسەر یەکێتی ئەوەیە لەنیوەرێگا لادەدات، بۆیە بەردەوام لەم دەساڵی رابردووەدا وەك پاشكۆی پاریتی و یان شەریكێكی گوێ رایەڵ دەركەوتوە. 
گلەیی و گازندەی بەشی خوارەوەی یەكێتی لەسەركردایەتیەكەی ئەوەیە ئەم قیادە سیاسییەی یەكێتی بەرێوە دەبەن خاوەنی ئەجەنداو كاری سەربەخۆی خۆیان نەبوون و زیاتر وەك پەرچەكرداری لایەنەكانی تر خۆیان نمایش كردوە و لەسێبەری پارتیدا نەخشەی سیاسەتیان دارشتوە. 
لەپرسی سەرۆك كۆمار و ئەمجارەش لە پرسی گفتوگۆی نێوانیان، بەتایبەت لەبەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا، یەكێتی جۆرێك لەسەربەخۆی گەراندەوە و تارادەیەك هەناسەیەكی بەبەر جەماوەرەكەیدا كردۆتەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا یەكێتی ئەم سیاسەتەی تانیوەی رێدەبات، یان تاكۆتایی رێگاكە لەسەر ئەو هەڵوێستەی دەمێنێتەوە؟،  یان خۆ ئەگەر سیاسەتی نەرمی ئێستای یەكێتی، تەنها بۆ وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازبێت، ئەوا هەق نییە خۆیان و خەڵكیش ماندوو بكەن  چونكە  ئاكامی ئەم نەخشەیەش بەرهەمەكەی هەر نائومێدی دەبێت و دەرئەنجامەکەشی هەردەچێتەوە گیرفانی پارتی. خۆ گەر یەكێتی بەراستی دەیەوێت سود لەو فەراغە سیاسییەی ناوچەی سەوز وەربگرێت، دەبێت نێوانی خۆی پارتی بە ملی مەتر بپێوێت نەك كیلۆمەتر، ئەمە جگە لەوەی پێویستی بەبەرنامەیەكی تازەو بە پلانێكی تازەیە كە بتوانێت هیچ نەبێت دەساڵی ئایندەی حوكمرانی رابردووی تێپەرێنێت، بۆئەمەش پێویستی بەپیداچوونەوەی خۆیەتی پێش لەقەپان و لەمەحەكدانی راستگۆی سیاسەت و بەرنامەی ئەوانی تر..
  
پارتی تا ئێستا بروای بەوە نەكردوە كە یەكێتی هێزێكە دەتوانێ‌ لە سەعاتی سفردا یاریەكە بگۆرێت، راستە  پارتی بەردەوام باس لەشەراكەتی یەكێتی دەكات، بەڵام شەراكەت لای پارتی بەتەعبیرو خوێندنەوەی دەساڵی رابردوە، شەراكەت لە حكومەتدایە نەك لە دەسەڵات و بریاردان، شەراكەت لای پارتی یانی رازی بوون بە گۆرینی چەمكی راوێژ  بۆ گوێرایەڵی و جێبەجێكردن، یان ملدان بە بەشداری لەحكومەت و جێبەجێكردنی بریاری سەروی حكومەت. بۆیە یەكێتی پێش هەر شتێك پێویستی بەوەیە بە پێناسەی شەراكەتی لەگەڵ پارتیدا بچێتەوە،  چونكە گەروانەبێت و خۆی بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە نەكات، ئەوا رەنگە نەخشەی پارتی ئەوە بێت یەکێتی لەشەریكییەوە  سەرقاڵ بكات بەململانێی خۆ خۆیی.  
ئاشكرایە دۆخی ئێستای كوردستان  بەباش و خراپییەوە بەرهەمی پێكەوە بوونی پارتی و یەكێتییە، كێشەكە هەق نییە لەوەدا كورت بكرێتەوە، كێ چ پۆستێكی بەردەكەوێت، بەڵكو كێشە سەرەكییەكە ئەوەیە  یەكێتی خۆی سەرقاڵی حكومەتێك كردوە كە لەراستیدا دەسەڵاتی راستەقینە  و بریاری گرنگ و ستراتیژی لای ئەو نییە، بۆیە دەبێت یەكێتی ئاراستەی ململانێیەتیەكە بگۆرێت بۆ ئەو شوێنەی كە تەواوی دەسەڵاتەكانی تیا چركراوەتەوە، نەك بۆ حكومەت و وەزارەتێك كە زیاتر لە ماف و ئەركی شارەوانییەكی راستەقینەیان پێنەبراوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand