ئه‌نفال ته‌واوبوو ئیتر مه‌رگ ته‌نیا ژماره‌یه‌كه
2018-04-15 13:42:31
نیاز عه‌بدوڵڵا
هه‌موو ساڵێك ده‌ستێكی زبری پڕ له چرچ و لۆچ تووند باوه‌ش به وێنه‌یه‌كی ره‌ش و سپی یان چه‌ند وێنه‌یه‌كی بچوكراو له چوارچێوه‌یه‌ك ده‌كات و تووند له باوه‌شی ده‌گرێت و پڕ به چاوه‌كانی ده‌گریێت و به ده‌نگه خه‌مناكه‌كه‌ی ده‌لاوێنه‌ته‌وه. ئه‌وان به هه‌مان شێوه‌ی وه‌ك یه‌ك ژماره‌یان سه‌دان تێده‌په‌ڕێنێت. له پێش خۆره‌تاوی به‌هار له سه‌ر زه‌وییه‌كی بێ سه‌وزایی به جله ره‌شه‌كانیان كه خه‌م له‌گه‌ل یه‌كتری كۆیانده‌كاته‌وه، زه‌وییه‌كه وه‌ك ناخه پڕ له ئازاره‌كه‌یان به دیمه‌نی ئه‌وان له دووره‌وه ره‌ش ده‌چێته‌وه.
به‌رپرسێكی پرچ و سمێل بۆیاغكراو به ره‌نگی ره‌ش كه پێشتر خێرایی تایه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌یان پڕ كردووه له ته‌پ و تۆز، به زمانه كوردییه ناپاراوه‌كه‌ی پرۆژه‌ی نوێی حكومه‌ت بۆ زیادكردنی مووچه و زیادكردنی دوو ریزه بلۆكی تر له پرۆژه‌ی خانووه ته‌واو نه‌كراوه‌كان بۆ كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌نفال ده‌خاته روو.
هه‌شت شاڵاوه‌كانی پرۆسه‌ی ئه‌نفال هێشتا خوینیان لێده‌تكیت و بۆنی خۆڵی بیابانه‌كان هه‌ناسه‌ی ژیانی له كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌نفال ته‌نگ كردووه. حوكمڕانی 27 ساڵی خۆماڵی له هه‌رێمی كوردستانیش ته‌نیا له كاتی مه‌زادخانه‌ی پرۆژه سیاسییه‌كانیدا ئه‌نفال و كیمیاباران و كۆی كۆمه‌ڵكوژی گه‌لی كورد و گه‌لانی كوردستان ده‌كاته كه‌رسته‌یه‌كی بازاڕی سیاسی و ئابووری.
ئه‌و ژن و پیاو و منداڵانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ستڕێژی گوله و هاواری كاتی زینده به چاڵكردنیان تائێستا به گه‌رووی پڕ له خۆڵیانه‌وه له بیابانه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق ماونه‌ته‌وه. مه‌رگی 182 هه‌زار مرۆڤ له شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال نه‌یتوانی یه‌كسان بێت به نرخی ده‌ستگیركردنی یه‌ك كه‌س له‌و 433 كه‌سه‌ی به فه‌رمی له 20/5/2007 به بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌رچوو.
پارێزبه‌ندی پارتی دیموكرات و یه‌كێتی نیشتیمانی به به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له تۆمه‌تبارانی تێوه‌گلاو، له جاش و مو‌سته‌شاره‌كان و وه‌زیر و به‌رپرسه پله باڵاكانی سوپای زه‌مینی و ئاسمانی و ده‌زگای ئیستخبارات و ئه‌منییه‌كانی عێراق به ته‌نیا هه‌رێمی كوردستانی نه‌گرتۆته‌وه به‌ڵكو به‌هۆی خۆ به‌خاوه‌ندارێتی نه‌كردنی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژی گه‌لانی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی حكومه‌تی عێراقیش داواكراوانی به ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب-ی راده‌ستی دادگا نه‌كرد.
دكتۆر كه‌نداڵ نزان سه‌رۆكی ئه‌نیستیتۆی كورد له پاریس، نووسیویه‌تی "له شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال بنه‌ماكانی ژیان له كوردستان هه‌ڵته‌كێندران، 90%ی گونده‌كانی كوردستان و زیاتر له 20 شار و شارۆچكه له‌سه‌ر نه‌خشه سڕانه‌وه، ناوچه گوندنشینه‌كان به 15ملیۆن مین- مینڕێژكران، به‌م جۆره‌ش چالاكی كشتوكاڵی له‌و ناوچانه‌دا كارێكی ئه‌سته‌م بوو و یه‌ك ملیۆن و نیو كوردی گوندنشین بۆ ئۆردوگا زۆره ملێكان گوێزرانه‌وه و نزیكه‌ی 10%ی كوردی دانیشوانی عێراق له‌ناوبران".
به‌پێی به‌دواداچوونی رێكخراوه تایبه‌تمه‌نده‌كانی بواری ئه‌نفال له كوردستان، نزیكه‌ی 4قه‌زا و 30ناحییه و 4500 گوند وێرانكراون و نزیكه‌ی دوو ملیۆن سه‌ر مه‌ڕ و ئاژه‌ڵ تاڵانكراون. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی رووبه‌ڕێكی گه‌وره‌ی سه‌وزایی و ره‌ز و باخ له‌ناوبران و سه‌رچاوه‌كانی ئاو پڕ له چیمه‌نتۆ كران.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و تراژیدیا و كاره‌ساته نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌ی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال له‌سه‌ر هه‌ست و ژیان و مێژووی ئێمه له كوردستان دروستی كردووه، له دوای تێپه‌ڕینی 30 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه به‌ڵام مه‌رگی ده‌یان هه‌زار مرۆڤ ته‌نیا ژماره‌یه‌كه له لای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌گه‌ر گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان هه‌مان نرخی ماددی و دارایی نه‌وتیان هه‌بوایه ئێستا گه‌وره كۆمپانیاكانی جیهان ده‌یان گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كرابوو.
حكومه‌تی هه‌رێم و حیزبه‌كانی دیكه له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی كه جاش و موسته‌شاره داواكراوه‌كانیان له ریزه‌كانی خۆیان پاراستووه، تاوانبارن به له ده‌ستدانی هه‌زاران به‌ڵگه كه ده‌كرێت له رێگای ئه‌و شایه‌تحاڵ و تێوه‌گلاوانه له دادگا كۆبكرێنه‌وه و به بڕیاری دادگا به به‌ڵگه‌یی بكرێن و له ئاستی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه ببینن له دادگایی كردنی تاوانباران و ناساندنی كۆمه‌ڵكوژی گه‌لانی كوردستان.
له‌لای حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌نفال پرۆسه‌یه‌كی كۆتایی پێهاتووه نه‌ك به‌رده‌وام له ژیانی نیشتیمانی ئێمه. لای ئه‌و ریزێك خانوو و مووچه‌یه‌كی بازرگانیپێكراو له هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ كه‌س و كاری قوربانیان كڕۆكی مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌ساته.
به داڵده‌دانی تاوانباره گه‌وره و بچووكه‌كانی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال و مردنی هه‌ندێك له‌و تۆمه‌تبارانه، له‌ناوچوونی به‌ڵگه‌كانی تاوان و نه‌دۆزینه‌وه‌ی یه‌كجاری گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و نه‌هێنانه‌وه‌ی هه‌تایی رووفاتی ئه‌نفالكراوان به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێـت و هیچ به‌هایه‌ك بۆ مه‌رگی ده‌یان هه‌زار مرۆڤ ناهێڵێته‌وه. به‌و جۆره‌ش تاوانبارنی رژێمی به‌عسی پێشوو ئازاد و كه‌س و كاری قوربانیانی ئه‌نفالیش دیلی ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانیان ده‌بن.