خەڵك چۆن متمانە بە دادگا ئەكات؟
2019-05-27 11:36:53
شنیار ئەنوەر
*نمونەیەك و دوو پێشنیار بۆ كەیسی گیراوانی "نەوەی نوێ"
لە دوای هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی ئەمریكا لە ۸ ی ۱۱ ی ۲٠۱٦، سەرۆكی ئێستای ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە گیرۆدەی لێكۆڵینەوەیەكی پروكێنەرە بە تۆمەتی دەست تێكەڵكردنی لەگەڵ روسیا دژی هیلاری كلینتن، و پێشێلكردن یان خۆلایان لە دادگەری.
وردەكاریی تۆمەتەكە بۆ زۆربەی ئەوانە زانراوە كە چاودێری هەڵبژاردنی ترەمپیان كرد، بۆیە ئەوە باس ناكەم.
لە دوای سوێندخواردنی وەك سەرۆكی ئەمریكا، لە ژێر فشاری جەماوەر و میدیا و پاشان لێكۆڵینەوەی ئێف بی ئای و دەزگای هەواڵگری، دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا سەلمێنرا، وە بەڵگەی زۆریش هەبوو كە كەسانێكی نزیك لە تیمەكەی ترەمپ تێوەگلاون لە پیلانگێرییەكەی روسیا دژی هیلاری كلینتن ( كە ئەمە بە یاسا قەدەغەیە موئامەرە دژی هاوڵاتی ئەمریكی بكەیت لە بەرژەوەندی وڵاتێكی تر.)
بۆ ئەم مەبەستە بەرپرسی ئێف بی ئای، جیمس كۆمی دەستی بە لێكۆڵینەوەی فەرمی كرد، واتە مەلەفی لێكۆڵینەوە لە دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنەكانی ۲٠۱٦ دژی هیلاری و بەشداری تیمەكەی ترەمپ لە فشار و داواكاری چوە بواری جێبەجێكردنەوە.
سەرەتا ئێف بی ئای ژمارەیەك كەسی نزیك و پارێزەر و بەرپرسانی كەمپینەكەی ترەمپ راپێچی لێكۆڵینەوە كران، تا دەهات لێكۆڵینەوە لە ماڵەكەی ترەمپ و خودی ترەمپ نزیك دەبویەوە، لەوكاتەیا ترەمپ بە تۆمەتی لایەنداریكردن بۆ دیموكراتەكان، بەرپرسەكەی ئێف بی ئای دورخستەوە (بەپێی یاسا بەرپرسی ئێف بی ئای لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە دیاریئەكرێت).
لەدوای فشاری زۆری خەڵك و میدیا، وەزارەتی داد، كە راستەوخۆ ئێف بی ئای سەر بەوە، رۆبەرت مۆڵەری وەك لێكۆڵەری تایبەت دیاریكرد و لەو كاتەوە مۆڵەر سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە، و نزیكەی مانگێك لەمەوبەر راپۆرتی كۆتای كە زیاتر لە ٤٠٠ لاپەرەیە پێشكەش وەزارەتی دادكرد بۆ ئەوەی بریار لەسەر ئایندەی ترەمپ بدرێت.
لە كاتی لێكۆڵینەوەكان كۆنگرێسیش لیژەنەیەكی پێهێنا بۆ چاودێریكردنی كەیسەكە. بە دەیان كەس لەبەردەم كۆنگرێس بە ئاشكرا و بە نهێنی شاهیدیان دا و خەڵك رۆژانە شتی نوێ و زانیاری نوێیان دەبیست.
بەڵام راپۆرتەكە هیچ ئاماژەیەكی بەوە نەیابوو كە ئایا ترەمپ تۆمەتبارە بە دەستێكەڵكردن یان نا، بەڵكو بەڵگەكانی خستبوە روو لەگەڵ راپۆرتی چۆنیەتی هەوڵەكانی روسیا و تێوەگلانی ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی تیمەكەی ترەمپ.
تا ئێستاش مشتومر لەسەر ئەمپرسە بەردەوامە. تەنانەت ناراستەوخۆ خودی ترمپ خرایە ژێر لێكۆڵینەوە و وەڵامی ئێف بی ئای ی دایەوە لەسەر پرسەكە.
راپۆرتەكە ئاماژە بەوە ئەكات كە تیمەكەی ترەمپ راستەوخۆ و نا راستەوخۆ تێوەگلاون لە دەستێكەڵكردن لەگەڵ روسیا دژی هیلاری، وە ئێف بی ئای دوو پارێزەری ترەمپ دەستگیركرد لەگەڵ بەرپرسیكەمپینی ترەمپ و بە مەرجی ئەوە لێیانخۆش بوو كە هەمو راستیەكان بڵێن لەسەر پرسەكە و وە لە بەردەم كۆنگرێسیش شاهیدییان یا، وەڵامی زۆر پرسیاریان سەبارەت بەترەمپ دایەوە، لەسەر ویستی خۆیان دانیان بەوەیا نا كە هەندێ كاری "نابەجێ" و مەترسیداریان كردوە بە فەرمانی ترەمپ. (لە ئەمریكا شتێك هەیە پێی ئەڵێن "سەفقەی ناشیرین" كەزۆر جار بۆ ئامانجێكی گەورەتر ئێف بی ئای رێگەی پێدراوە رێكەوتن لەگەڵ تاوانباران بكات و لێین خۆش بێ ئەگەر هاوكاری ئێف بی ئای بكەن لە پرسێكی گرنگ دا)
پاش زیاتر لە دوو ساڵ هێشتا ئەم پرسە كۆتایی نەهاتوە، راستە نوسینێك یان نامەیەك یان ئیمەیلێك نیە بیسەلمێنێ كە ترەمپ تێوەگلاوە بەڵام بەڵگەی تەواو هەیە كە دەوروبەرەكەی تێوەگلاون وە بەڵگەش هەیە كە دەوروبەرەكەی لەژێر فەرمانی ترەمپ بون یان ترەمپ ئاگاداربوە كە چی ئەكەن، بۆیە ئەگەرێك ماوە كە كۆنگرێس لەسەر كارلایببات لەسەر ئەمپرسە ئەگەر دادگاییش نەكرێ.
ئەمریكا كە خاوەنی سیستمێكی دادوەری بەهێزە، بەو هەمو تەكنەلۆژیایەوە ناتوانێ كەیسێكی ئاوا بەخێرایی كۆتایی پێبێنن، بەڵام شارەزایانی یاسایی لە ئەمریكا ئەڵێن ئەگەر ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا نەبوایە دەمێك بوو راپێچی دادگا كرابوو بەڵام سەرۆكی ئەمریكا خاوەن پێگەیەكی گرنگە ئەگەر بەڵگەی قاتیع نەبێ ناتوانرێ راپێچی دادگا بكرێت.
هەمو ئەم دوو ساڵە گەلی ئەمریكا وە نوێنەرەكانیان چركە بە چركە ئاگاداری پرۆسەی لێكۆڵینەوەكان بون، تەنانەت ئەندامانی كۆنگرێس ئاگاداری زانیاری زۆر نهێنی و تایبەتیش بون و چەندین جار لێكۆڵەرەكەی ئێف بی ئای بە تایبەت زانیاری پێیاون و ئەوانیش لەگەڵ خەڵك باسی وردەكاری لێكۆڵینەوەكانیان كردوە، بەهۆی ئەم شەفافیەتەوە هەم خەڵك و هەم كۆنگرێس متمانەیەكی زۆریان بە راپۆرتەكەی مولەر هەیە، وە بەمە پێگەی ئێف بی ئای و دادگا زیاتر لای خەڵك بەهێز بوو.
بۆیە من بۆ كەیسەكەی "نەوەی نوێ" دوو پێشنیارم هەیە:
یەكەم: بە مەبەستی بونی شەفافی زیاتر پێویست رایگشتی ئاگاداری لێكۆڵینەوەكان بن، وە خەڵك مافی خۆیەتی كە متمانەی بە دادگا و پرۆسەی لێكۆڵینەوە نەبێت ئەگەر كارەكان لە تاریكیدا بەرێوەبچن، بەتایبەت لە كەیسی دادگایكردنی كەسانی خاەن پێگە یان ئەو كەیسانەی جێگەی بایەخی رایگشتی یە. پێشنیار ئەكەم دادگا (نەك ئاسایش) هەفتانە لە پرۆسەی دادگایی و لێكۆڵینەوەكان ئاگاداری رایگشتی بكەن وە دڵنیایی بدەن لە سەلامەتی رەوشی گیراوەكان و گەرەنتی پاراستنی مفە یاساییەكانیان.
دووەم: پێشنیار ئەكەم پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەك بۆ بەدواداچون و چاودێری كەیسەكە پێكبهێنێت تا پەرلەمانیش دڵنیابێتەوە لە وردەكاری و رێگرتن لە بە سیاسیكردنی كەیسەكە.
ئەگەر ئەوە نەكرێت خەڵك حەقی خۆیەتی متمانەی بەدادگا نەبێت و دادگا بەوە تۆمەتباربكەن كە كەیسەكە بە سیاسی كراوە و لەسەر رێچكەی یاساییخۆی لاییاوە.