کەرکوک
2019-05-26 14:27:50
بێستون فایەق
بەرپرسی یەکەمی خراپی دۆخی کورد لەناوەندی پارێزگا و قەزاو ناحیەو گوندەکانی کەرکوک کورد بۆ خۆیەتی ، ئەو روداوانەی کەرکوک لە تەعریب و جارێکی ترشێواندنەوەی دیموگرافیای شارەکە و لابردن و ئاڵو گۆڕکردنی بەڕێوەبەرە کوردەکان بەتەنیا تاوانی راکان جبوری جێگری پارێزگار نیە ، لە کاتی چۆڵ بونی پۆستی پارێزگاردا یاساو عورفە کارگێڕیەکان جێگر دەکەنە خاوەن دەسەڵات و کەسی یەکەمی بەڕێوەبردن , دوای روداوەکانی ١٦ ی ئوکتۆبەرو رادەستکردنی کەرکوک و ئیدارەو دەسەڵاتە کوردیەکەی بە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دۆخی کورد جارێکی تر گەڕایەوە پێش ساڵانی ٢٠٠٣ و بە دواکەوتنی دانانی پارێزگار کە بەشی کوردەو بەغدا و پێکهاتەکانی کەرکوکیش نکوڵی لەوە ناکەن , ئەو خراپیەی دوخی کورد بەرەو قوناغێکی توندتر دەڕوا و درێژە کێشانی ناکوکی و رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک دۆخی کەرکوک و خەڵک و خاکەکەی دەباتە قوناغێکی لە ئێستا خراپترەوە .
پارێزگار کەسی یەکەم و بڕیار بەدەستی سنوری ئیداری پارێزگایە و ئەگەر ئێستا کەرکوک پارێزگارێکی کورد ئیدارەی بدایە (پارێزگارێکی دەست پاکی جیاوارتر) بێگومان روداوەکان بە جۆرێکی تر دەبون ، لە ١٦ ی ئۆکتۆبەر یەکێتی بە مامەڵەو کۆمەڵێ هەنگاوی گوماناوی کەرکوک و خەڵک و خاک و دەسەڵاتەکەی بۆ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بەجێهیشت ، دواتر و تا ئێستاش پارتی رێگرە لە دانانی پارێزگارو بە بیانو هۆکاری نابەجێ تاوانبارو بەرپەسە لەو دۆخە خراپانەی کەرکوک و خاک و خەڵکەکەی کە ئێستا بەردەوامە و رۆژ بەرۆژ پەرەسەندنی نوێ بە خۆوە دەبینێ .
ئەوەی ئێستا خەڵکی کورد لە کەرکوک بەسەری دێ ، پێش ئەوەی راکان جبوری و حکومەتی بەغدا و لایەن و ناوەندی تر لێ بەرپرس بن یەکێتی و پارتی لێ ی بەرپرسن ، ئەوەشی پێش هەر کەس دەتوانێ بەر بەو هەنگاوە ناڕەوایانە بگرێ پارێزگارێکی کوردە کە پارتی و یەکێتی بۆ کەرکوکی دانانێن.