Draw Media

دەتوانین چی بكەین بۆ كەركوك؟

دەتوانین چی بكەین بۆ كەركوك؟

2019-05-23 14:18:37


جەبار قادر
 
 (٢) 
تێبینی و ڕوونكردنەوە لە سەر دید و بۆچوونی هاوڕێیان:
بۆ ئەوەی تێبینی و لێكدانەوەی هاوڕێیان لەسەر بەشی یەكەمی ئەم وتارە هەر وا بەبێ بەدواداچوون و ئاوڕدانەوە تێنەپەڕن، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە چەند خاڵێك بكەم:


1. ئەوەی مایەی دڵخۆشییە ئەوەیە كە زۆربەی ئەوانەی كۆمێنتیان هەبوو لەسەر بەشی یەكەمی ئەم زنجیرە وتارە، لە یەك بۆچووندا هاوبیر و هاودەنگن ئەویش ئەوەیە، كە كوردانی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم پێویستییان بە ڕێبازێكی نوێی كاركردنە لە دەرەوەی سیاسەتی حیزبە كوردییەكان. بەدەربڕینێكی تر دەبێ خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، چاوەڕوانی ئەوە نەبن هێزی تر لە دەرەوەی كەركوكەوە بێن بڕیاریان بۆ بدەن. ئەو ڕێبازە چۆن دەبێ؟، ڕەهەند و ئامانجە سەرەكییەكانی چی دەبن؟، كێن ئەوانەی بەڕێی دەخەن و ئەركەكانی ڕادەپەڕێنن؟، ئەی كوردانی دیاسپۆرا چۆن دەتوانن پشتیوانیان بن؟، ئەمانە ئەو پرسیارانەن كە دەبێ گفت و گۆیان لەبارەوە بكرێت. 


2. هەندێ لە هاوڕێیان ئاماژەیان بە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم بار و دۆخەی كەركوك كردووە، كە لە تەك هەڵوێستی شۆڤینی و دژ بە كوردی كاربەدەستانی كۆن و نوێی عێراقدا، سیاسەتی بێ ناوەڕۆك و دوور لە بەرژەوەندی نەتەوەیی یەكێتی و پارتی هۆكاری سەرەكی بوون. هەموو ئەو كارانەی ئەم دوو حیزبە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە كەركوك كردوویانە لەسەر زەمینەیەكی قانوونی بنیات نەنراون، بۆیە كەسێكی ڕەگەزپەرستی وەك ئەم پارێزگارە ناقانوونییە وا بەئاسانی هەمووی هەڵدەوەشێنێتەوە. مرۆڤ خەمبار دەبێت، كاتێ گوێی لێ دەبێ كە هەندێ لە كوردانی ئەم ناوچانە دەڵێن: ئێستا زیاتر هەست بە قانوون دەكەن، لە هاتوچۆوە بگرە تا چەك هەڵگرتن و شتەكانی تر!!!. ئەمە بۆ خۆی مایەی شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتدارانی كورد، كە كۆمەڵی نەخوێندەوار و بێ ئاگایان لە بارودۆخی كەركوك كردبووە بەرپرس لە شارەكە و هەندێكیان وەك داگیركر هەڵس و كەوتیان لە گەڵ خەڵكی ئاساییدا دەكرد. 


3. هەندێ هاوڕێ وەك هەمیشە لە هەوڵی ڕاكێشانی خوێنەردان بۆ قەوانی سواوی ململانێی حیزبایەتی. هیچ دەرفەتێك لە دەست نادەن و باسەكە هەرچی بێت، دەیبەنەوە سەر ئەو پەتا نەفرەتییە. هیوادارم تێبینی و كۆمێنتەكان لەو چوارچێوەیە دەرچن، ئەگەر بیرۆكەیەكمان هەیە بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە پێشكەشی بكەین، ئەگەر نا من و هاوڕێیانم كاتی ئەوەمان نیە خۆمان بەو باسەوە خەریك بكەین. زیاتر لە پەنجا ساڵە كورد خەریكی ئەو بگرە و بەردەیەیە و هیچی بە هیچ نەكردووە و لەمەودواش هەر وا دەبێ. كاتی ئەوە هاتووە خەڵك خۆی لەوە زیاتر بەم باسەوە خەریك نەكات، هێچ شتێك نەماوە لەم بوارەدا بوترێ. لە جێگەی ئەو دروشمە ڕەگەزپەرستەی تورك كە دەڵێت "چەند بەختەوەرم كە توركم" دەبێ ئەوانەی لەم پەتایە ڕزگاریان دەبێت بڵێن "چەند بەختەوەرم كە لەم پەتایە زگارم بووە". 


4. ئەم بیرۆكانەی لێرەدا دەخرێنە ڕوو بۆ دروستكردنی حیزب نیە، چونكە كورد قیرانی حیزبی نیە، بەڵكو قەیرانی كولتوری سیاسی نوێی هەیە، كە جیاواز بێت لەوەی ئەمڕۆ لە كوردستان باوە. حیزبی سەدان بارەگا، دەزگا، ڕێكخراوی بە ناو ناحكومی، دەیان تەلەفزیۆن، سەدان كۆمپانیا و دەیان هەزار موچەخۆر خەڵكیان پەریشان و سەرگەردان كردووە. لێرە باس لە گردبوونەوەیەك یا جموجوڵێك دەكەین كە ڕەهەندی ڕۆشنبیری، كۆمەڵایەتی و ئینسانی هەبێت، هەوڵ بدات لە جێگەی ئەو كەش و هەوا ژەهراوییە كە لەو ناوچانەدا دروست كراوە، كەش و هەوایەكی تەندروست لە نێوان پێكهاتەكاندا دروست بكات بۆ ئەوەی خەڵك بتوانن بەبێ دوژمنایەتی و ڕق و كینە پێكەوە بژین.
5. هەندێ لە هاوڕێیان لە بێ ئومێدی و وەڕسی زیاتر شتێك نابینن. هەڵبەتە خەڵكێكی زۆر تووشی بێ ئومێدی بوونە و باوەڕیان بە دروشمی بریق و باق نەماوە، چونكە زیاتر لە نیو سەدەیە بەو دروشمانە لە كارەساتێكەوە دەبرێن بۆ كارەساتێكی تر. لە گەڵ ئەوەشدا مرۆڤ ناچارە هەمیشە بەدوای ڕێگە و دەرچەدا بگەڕێت تا ئەو ڕۆژەی دەمرێ. كوردی كەركوك، هیچ نەبێت لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا، كارەسات و ماڵوێرانی زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام هەمیشە هەڵساوەتەوە. ڕاستە لە ڕابردوودا داگیركەران و نەیاران كارەساتیان بەسەردا دەهێنا، بەڵام سەبەبكارانی ئەم جارەیان هاوزمان و هاوچارەنووسەكانی خۆیان بوون، بۆیە زەبرەكە زۆر قورستر و هەڵسانەوەكەش لە جارانی پێشوو زۆر گرانترە. ئەوەی بیەوێ لە كەركوك و ئەو ناوچانە بۆ كارێكی لەم جۆرە هاوبیر و هاوكار ببینێتەوە، زەحمەتی زۆر دەكێشێ. لە لایەكەوە بێ متمانەیی باڵی بەسەر خەڵكێكی زۆردا كێشاوە، لە لایەكی تریشەوە ئەم حیزبانە كۆمەڵێ زۆر خەڵكیان بەخۆیانەوە گرێداوە، كە ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان بەو گرێدانەوە بەندە، بۆیە چاوەڕێی ئەوەیان لێ ناكرێت بە ئاسانی هەڵویستی جیاواز لەوەی حیزبەكانیان داوای دەكات بنوێنن. 


6. هەندێ هاوڕێ وا تێگەیشتوون وەك ئەوەی من بمەوێ توركمان و عەرەبی كەركوك پشت گوێ بخرێن. بەپێچەوانەوە من پێم وایە ئەم كارە سەرناگرێت ئەگەر هەوڵ نەدرێت لە گەڵ كەسانی ڕۆشنبیر و كۆمەڵایەتی توركمان و عەرەبدا قسە بكرێت، لەوانەی باوەڕیان بە پێكەوە ژیان لە نێوان پێكهاتەكاندا هەیە. ئەم خەڵكە هەر دەبێ پێكەوە بژین، لەو ژینگە ژەهراوەییەی حیزب و گروپە توندڕەوەكان لە هەموو پێكهاتەكان دروستیان كردووە خەڵكێكی لە هەموو پێكهاتەكان وەڕس و بێزارن. پێموا نیە مرۆڤ هەبێ حەز بكات لە كەش و هەوایەكدا بژێت كە پڕ بێت لە ڕق و كینە. ئەو پێكهاتانەی مەترسی بچووك بوونەوە و پەراوێزخستنیان هەیە، دەبێ دڵنیا بكرێنەوە كە مافەكانیان بەند نین بە ژمارە و دێرینی مێژوویانەوە لە كەركوك، پیویستە هەموو كەسێك لە سەر بنەمای هاووڵاتێتی مافی سیاسی، كولتوری و كارگێڕی دابینكراو بێت. لە هەمان كاتدا هەموو ئەوانەی باوەڕیان بەپێكەوە ژیان هەیە دەبێت لە خەباتی بەردەوامدا بن لە دژی ڕەگەزپەرستی، جیاكاری و هزری شۆڤێنی لە هەرلایەكەوە بێت. 


7. ئەم كارە بە دەستەجەمعی و خۆبەخشی دەكرێت، واتا وەك كۆمەڵەیەك، ڕێكخراو یا وەقفێك بە واتایFoundation . ئەم جۆرە ڕێكخراوانە لە وڵاتانی پێشكەوتوو زۆر باون و كاری زۆر دەتوانن بكەن. بۆ ئەوەی بتوانن هاوكاری نێودەوڵەتی بەدەست بێنن پرسەكانی پێكەوە ژیان، پاراستنی مافی مرۆڤ و كەمینەكان دەكەن بە بنەمای كارەكانیان. واتا ئەوەی دەیەوێت ببێت بەسەركردە و ڕابەر لێردەا خۆی نابینێتەوە، ئەوانەشی دەیانەوێت بە چەند دروشم و قسەی زبر و پەلاماری ئەم و ئەو ببن بەئەندام پاڕلەمان و وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی لێرە هیچیان دەست ناكەوێت. كورد حەز دەكات بچێتە حیزب و ڕێكخراوی تازەوە و دوای ماویەكی كەم تاقەتی لێی دەچێت، بۆیە زۆر گرنگە ئەوانەی ئەم كارە دەكەن بۆ خەڵكی پێگەیشتوو و هاوسەنگ بگەڕێن، نەك كۆمەڵی بۆر و زۆر لە خۆیان كۆ بكەنەوە و دواتر وەك بەفری هاوین زوو بتوێنەوە. ئەوانەی ئەم كارە دەكەن دەبێت باوەڕیان بەوە هەبێت كە ئەوان بۆ ئێستا و داهاتووی نەتەوە و نەوەكانیان كار دەكەن. 


8. بۆ ئەوانەی دەڵێن ئێمە چیمان پێ دەكرێت و بێ پشت و پەنای پارتەكان هیچمان پێ ناكرێت، با سەیرێك بكەن بزانن هاوشارییە توركمانەكانیان چۆن كار دەكەن. نە هێزی چەكدارییان هەبوو، نە خاوەن دەسەڵات بوون، بەرگەی هەموو زەحمەتییەكانیان گرت، چونكە لەسەر پرسە سەرەكییەكان یەك هەڵوێستن. من باسی ئەوە ناكەم، چەند پارتی سیاسی و بۆچوونی جیاوازیان هەیە. باسی ئەوەش ناكەم ئایە سیاسەتی حیزبەكانیان دروستن یا نا، بەڵكو باسی ئەوە دەكەم كە هەموو دەزانن بەرژەوەندییە باڵاكانی پێكهاتەكەیان لە كوێیە. شیعە و سوننەی عەرەب دوای یەكیان بڕییەوە، ئەمان ڕێگەیان نەدا ئەو جیاوزاییە مەزهەبییە بگاتە ئاستی كێشەی گەورە و پێكدادان. هۆكاری هەموو ئەمانە لەوەدایە كە توركمانەكان بەگشتی هەستی نەتەوەییان بەهێزە و لە پرسە سەرەكییەكاندا جۆرێك لە یەكدەنگییان هەیە. ئەمە فاكتەرێكی هەرە گرنگە بۆ هەموو گەل و نەتەوەییەك بیەوێت خۆی ئیسپات بكات و خەڵك گوێی لێ بگرێت و حیسابی بۆ بكرێت. پێم سەیرە زیاتر لە نیو ملیۆن كورد لە كەركوك بڵێن هیچمان پێ ناكرێت. خەباتی كورد لە كەركوك ئەمڕۆ بە بەراورد لە گەڵ سەردەمەكانی پێشوودا زۆر لەبارترە و مەترسییەكانیش لە چاو سەردەمی سەدام و بەعس زۆر كەمترن. خۆ هەر ئەم كوردە بوو گوێی بە هەموو جەبەرووتی بەعس نەدەدا و لە دژی خەباتی دەكرد و قوربانی زۆری دەدا. ئەی بۆ ئەمڕۆ خەبات بۆ مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤ لە سارێكی وەك كەركوك وا بە زەحمەتی دەبینرێت. هەڵبەتە سیاسەتی ملهوڕانەی حیزبە كوردییەكان هۆكارێكی سەرەكی ئەم بارە دەروونییەیە و دەرباز بوون لێی كارێكی ئاسان نیە، بەڵام مەحاڵیش نیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand