شــــەوانە بـــازاڕ
2019-05-23 12:48:45
سەركۆ یونس
لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا و لەگەڵ نزیك بونەوەی جەژن بەشێكی زۆری هاونیشتیمانیان پێیان باشە بەشەودا بازاڕ بكەن و پێداویستییەكانیان دابین بكەن.
لەڕاستیدا ئەمەش دیاردەیەكی شارستانی نوێ یە و دەرهاویشتەی جیهانگیری یە و ماوەی چەند ساڵێكە بووەتە كلتور لە كۆمەڵگای كوردستاندا بەشێوەیەك كاریگەری هەبووە لەسەر جموجوڵی كڕین و فرۆشتن و گەشەی ئابوری هەرێم.
كات یەكێكە لەڕەگەزە گرنگەكانی بازاڕ و ئەو كاتەی كە كڕیارو فرۆشیار بەیەك دەگەن نرخەكان دیاری دەكرێت و كرداری ئاڵوگۆڕ ئەنجام دەدرێت ..
خۆشبەختانە بەهۆی سەقامگیری ئەمن و ئاسایش لە كوردستاندا ڕێژەیەكی زۆری كڕیاران بەشەو خواستەكانیان پڕدەكەنەوە و هەرچی مۆڵ و سۆپەرماركێت و بازاڕی میللی و هاوچەرخ هەیە جمەیان دێت لە كڕیاران و هەوڵ دەدەن پێویستییەكانیان بە كەمترین تێچون و نزمترین نرخ بەدەست بهێنن ، كەدەتوانین بڵێین زۆربەی خواستەكانمان لەم كاتانەدا جلو بەرگ بۆ خانمان ومناڵان و سەبەتەی خواردن و خواردەمەنی یە و بەشێكی تری هاونیشتیمانیان دەچنە بازاڕ و مۆڵەكان بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش و قەرەبوكردنەوەی ڕۆژەكان كە بەهۆی بە ڕۆژوو بون و بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماوە ناتوانن بچنە دەرەوە.ئەوەشمان بیر نەچێت چاولێكەری خێزانەكان كاریگەری تایبەتی هەیە لەسەر شەوانەبازاڕ و هۆكارێكە بۆ برەوسەندنی ئەم دیاردەیە.
لەڕاستیدا شەوانە بازاڕی هاونیشتیمانیان و كڕیاران لەمانگی ڕەمەزاندا بۆ چەند هۆیەك دەگەڕێتەوە لەوانە زۆربەی كڕیاران بەهۆی ئەوەی كە بەڕۆژوو دەبن و زۆربەی كاتەكانی ڕۆژ لەماڵەوە پشوو دەدەن و پلەكانی گەرماش ووردە ووردە بەرزبوەتەوە و ناتوانن بچنە بازاڕەكانەوە و هەروەها بەشێكی تری كڕیاران بریتین لە فەرمانبەرانی دامودەزگاكانی حكومەت ئەمانە بەڕۆژ لە دەوامدان و ماندوو دەبن ناچار بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانیان بەشەو دەچنە بازاڕو مۆڵەكان.
ئەوەمان لەبیر نەچێت لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا نرخەكان بەهۆی خواست و خستنەڕووە دیاری دەكرێن بەبێ دەست تێوەردانی حكومەت، لەم مانگەدا یاسای خواست كار ناكات (پەیوەندیەكی پێچەوانە هەیە لە نێوان نرخ و بڕی خواست ) واتە ئەگەر نرخ بەرز ببێتەوە ئەوا بڕی خواست دادەبەزێت بەڵام بەهۆی زۆری خواستەوە و ناچار بوونی كڕیاران بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانیان ئەم یاسا ئابورییە كاری پێ ناكرێت و خێزانەكان زۆربەی داهاتەكانیان و بگرە هەندێ جار قەرزیشی بۆ دەكەن لە پێناو دابین كردنی پێداویستییەكانیان ئەمەش بارگرانیەكی ترە بەسەر شانی لێپرسراوانانی خێزانەكانەوە و خەرجییەكانی خێزان لەم مانگەدا دوو ئەوەندە و زیاتریش دەبێت !
لەلایەكی ترەوە بەسەیركردنی خێرا لەهەموو ئەو بازاڕكردنانەی كە ئەنجام دەدرێت دەردەكەوێت كەبەشی هەر زۆری خواست بۆ كڕینی شمەك و كەلوپەلی كەمالین (جوانكاری،ڕوواڵەتی) ئەمەش مانای گۆڕانكارییە لە گوزەرانی هاوڵاتیاندا بەرەو باشبون و لەلایەكی ترەوە بەداخەوە كڕیاران و بەكاربەران زۆر زوو قەیرانی دارایی و ئابوری كوردستانیان لەبیركردوە و هەرچەندە هێشتا قەیرانەكە بەتەواوەتی بنبڕ نەكراوە هەر بۆیە پێویستە بزانین كە ئیدارەدانی ئابوری دروستی بەكاربەران ئەوەیە كە پاشەكەوت بكەین و هەرچی مایەوە خەرجی بكەین نەك بە پێچەوانەوە داهاتەكانمان خەرج بكەین و هیچ بڕە پارەیەك پاشەكەوت نەكەین.
ئەوەی لێرەدا گرنگە تیشكی بخەینە سەر بۆ ئەوەی هەردوولا (كڕیاران و فرۆشیاران) بتوانن ئامانجەكانیان بەدەست بهێنن لە بەرژەوەندی هەردولا ئەم مانگە پیرۆزە بەڕی بكرێت و ئیستیغلال كردنی تێدا نەبێت لە ڕووی نرخ و جۆری شمەك و كاڵاكانەوە وئەم هەلە نەكرێت بۆ ساغكردنەوەی شمەك وكاڵای خراپ و ماوە بەسەرچوو، هەردوولا بەچاوێكی نەتەوەیی و ئایینی یەوە لەم دیاردەیە بڕوانن.جێگای خۆیەتی دەستخۆشی لە هێزەكانی ناوخۆ بكەین بۆ هەوڵ و ماندوبونیان و ڕەخساندنی كەشێكی ئارام و سەقامگیر كە دڵنیایی بە هەموولایەك دەدات ..
هیوادارین ئەم دیاردە شارستانی یە لەساڵانی داهاتودا بەردەوام بێت و گەشەی زیاتری پێ بدرێت و ئەم ڕووە گەشە جوانەی ئابوری و كۆمەڵایەتی و پێكەوە ژیانیەی كوردستان بەهەموو لایەكی بگەیەنین...
*ئابوریناس