Draw Media

دز خاوەن ماڵی گرت!!

دز خاوەن ماڵی گرت!!

2019-05-22 13:54:11


ئاریان فەرەج

ئەنجامی مسۆگەری خیانەت، لەدەستدانی خاك ولاوازی میللەت و سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی دوژمنە، ئەوەی لە كەركوك و گەرمیان دەگوزەرێ، هەراشبوونەوەی داعش و سەرهەڵدانەوەی تەعریب، بەشێكن لە ئەنجامە حەتمی و چاوەڕوانكراوەكانی خیانەتی شازدەی ئۆكتۆبەر، دەی ئەگەر وانەبێ، خیانەت بۆ قێزەونە و خیانەتكاران بۆ روورەشی دونیا و قیامەتن!. 
ئەمەی سەرەوە حەقیقەتە حاشاهەڵنەگرەكەیە و بە هیچ بەهانەیەك نە ئەوكات و نە ئێستا پاساونادرێتەوە. نە لە بیر دەچێتەوە و نە هەرچیش بەسەر كەركوك و كەركوكییەكان دێت، جگە لە ئەستۆی خائینان، لە ئەستۆی هیچ كەسێك و هیچ روداوێكی دیكەیە. 
ریفراندۆم ترۆپكی خەباتی دیموكراتیانەی گەلی كوردستان بوو، مومارەسەی مافێكی رەوا بوو كە ئاسمان و زەمین بە كوردی وەك هەموو میللەتانی دیكە رەوا بینیوە. بڕیاری كۆی هێزە سیاسییەكان و بەدەنگی زوڵاڵی سەدی نەوەت و سێی خەڵكی كوردستان بە پیرۆزی گەیشت. ئەوانەی دژی بەشداری كەركوك بوون، هەڵبەت كەركوكیان بە كوردستان نەدەزانی بۆیە نەیاندەویست لە دیاریكردنی چارەنوسی كوردستاندا بەشدار بێت، ئێستاش بە كوردستانی نازانن و بۆیەش پەیماننامەی شەریكایەتی لەگەڵ موحافیزێكی تەعریبچی ئیمزا دەكەن. 
كەركوك ئەگەر بە سەنەدە مێژوویی و جوگرافییەكان خاكی پیرۆزی كوردستان بێت، ئەوا بە بەشداریی خەڵكەكەی لە ریفراندۆم و بە دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، بۆ یار و نەیاری سەلماند كە بێ هیچ شك و گومانێك دڵی كوردستانە، ریفراندۆم سەنەد و بەڵگەنامەیەكی گرنگتر و بەهێزتر و نوێتری خستەسەر بەڵگەكانی كوردستانییەتی كەركوك. 
ئەوەی كەركوكی بەو دەردە برد، ریفراندۆم نەبوو، خیانەت و خاكفرۆشی بوو، ئەو خیانەتەی گەر پێشمەرگە بەری پێنەگرتایە، هەولێر و شارەكانی دیكەی كوردستانیشی بەدەردی كەركوك دەبرد. 
تۆمەتدانە پاڵ ریفراندۆم لە لایەن خائینانی ئۆكتۆبەرەوە، رێك وەك ئەوەیە كۆی مەزڵومی و مافخوراوی و بندەستی كورد بكرێتە خەتای شۆڕش و پێشمەرگایەتی و كوردایەتی، لە موقابیلیشدا خیانەت وەك رێگای خەلاس و خۆشبەختی و سەرفرازی وێنا بكرێت.شەڕفرۆشتن بە ریفراندۆم وەك ئەوەیە كورد چاوی لە خائینان پۆشیبێت، بەڵام خائینان چاو لە پێشمەرگایەتی و سەربەخۆییخوازیی كورد نەپۆشن!!.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand