Draw Media

بۆچی له‌كاندیدبونی دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵ ترسان ؟؟!!

بۆچی له‌كاندیدبونی دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵ ترسان ؟؟!!

2019-05-21 12:15:59


شێرزاد شێخانی

له‌وڵاتانی " دیكتاتۆرخواز" دا ، مه‌به‌ستم له‌داهێنانی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌ تازه‌یه‌ ، ئه‌و میلله‌تانه‌یه‌ كه به‌ده‌ستی خۆیان سیسته‌م ئه‌كه‌ن به‌ دیكتاتۆری ، چ به‌ بێده‌ینگبونیان له‌كاتی ‌سه‌رهه‌ڵدانی سه‌ره‌تایی دیكتاتۆرییه‌تی حیزبی ، یاخود بایكوتكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و رێگه‌دان به‌ته‌زویری ئه‌نجامه‌كان وسه‌پاندنی حیزبی قائید به‌سه‌ر ‌پرۆسه‌ی سیاسیدا.. جا له‌م وڵاته‌ دیكتاتۆرخوازانه‌دا زۆر ئاساییه‌ كاندیدی حیزبی قائید زۆرینه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بباته‌وه‌.. نموونه‌ش ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ساختانه‌ی رژێمه‌ عه‌ره‌بیه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ن ، كه‌ ساڵانێكی دوورودرێژ به‌ڕێوه‌ ئه‌چون و ، ئه‌نجامه‌كانی ببون به‌ نوكته‌ی سه‌رده‌م كاتێك هه‌مو سه‌رۆكێكی ئه‌م وڵاتانه‌ به‌ رێژه‌ی سه‌رووی نه‌وه‌دو، هه‌ندێ جاریش به‌ رێژه‌ی 99,99,99 % ئه‌یانبرده‌وه‌ .

له‌هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه‌شدا ئه‌گه‌ر چی ، هه‌ندێ له‌سه‌ركرده‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ره‌نگه‌ له‌ترسی حه‌یاچوونیان له‌به‌رده‌م رای گشتی دونیادا ، نه‌وێرابن ئه‌م رێژه‌یه‌ بۆ خۆیان دیاریبكه‌ن ، به‌ڵام له‌مه‌حسه‌ڵه‌دا هه‌ر ئه‌وان بردویانه‌ته‌وه‌و هه‌ر ئه‌وانیش ئه‌یبه‌نه‌وه‌، جا چ به‌ده‌نگی راسته‌قیینه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌ بێت ، یان به‌ته‌زویرو ساخته‌كاری . ئه‌مه‌ش حاڵی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستانه‌ له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ له‌ساڵی‌ 1992 وه تاكو ئه‌مڕۆ!!‌.

له‌دوایین پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌رگای خۆ پاڵاوتن له‌به‌رده‌م هاوڵاتیانی هه‌رێم بۆ ئه‌م پۆسته كرایه‌وه‌‌ ، دواتر چه‌ند ناوێك په‌سند كران ، چه‌ندی تریش ره‌فز كرانه‌وه‌ . یه‌كێك له‌و ناوانه‌ی ره‌فزكران‌ ناوی به‌رێز دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵ بوو ، كه‌ كه‌سایه‌تیه‌كی ئه‌كادیمی بێلایه‌ن و رۆشنبیرێكی گه‌وره‌ی میلله‌ته‌كه‌مانه‌ .

جارێ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ، ئه‌و چوار ناوه‌ی راگه‌یه‌ندران ، من به‌ش به‌حاڵی خۆم ناوی كه‌سیانم پێشتر نه‌بیستوه‌ ، نه‌مزانیوه‌‌ كه‌سێكیان سیاسه‌تمه‌دارو‌ سه‌ركرده‌ی هیچ حزبێك بن ، له‌وه‌ ئه‌چێ هه‌ر هه‌مویان بێ لایه‌ن بن ، چونكه‌ هیچ حزبێكی كوردستان جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بوه‌ كاندیدی هه‌بێت بۆ ئه‌م پۆسته‌ ، كه‌واته‌ لانیكه‌م ئه‌كرا ناوی دكتۆر فه‌رهادیش یه‌كێك بێت له‌و كه‌سایه‌تیه‌ بێلایه‌نانه‌ .

من پێموایه‌ له‌ئێستاوه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی داهاتووی هه‌رێم یه‌كلا بۆته‌وه‌و پۆسته‌كه‌ به‌ر كاك نێچیرڤان ئه‌كه‌وێ ، هه‌م به‌حوكمی ئه‌وه‌ی پارتی 45 كورسی په‌رله‌مانی هه‌یه‌و 11 كورسی تری كۆتاكانیشی له‌گیرفانه ، هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌وا هه‌ردوو حزبه‌كه‌ی تری ناو په‌رله‌مان ( یه‌كێتی و گۆران ) بێگومان ده‌نگ به‌ كاندیده‌كه‌ی پارتی ئه‌ده‌ن ، ئه‌مه‌ش لانیكه‌م‌ كاك نێچیرڤان سه‌رووی هه‌شتا ده‌نگی په‌رله‌مانتاران مسۆگه‌ر ئه‌كات ، كه‌واته‌ هیچ پێویستی نه‌ئه‌كرد براده‌رانی پارتی خۆیان تووشی ئه‌و ئیحراجیه‌ بكردایه‌ به‌ره‌فزكردنی كاندیدبونی دكتۆر فه‌رهاد !!..

 ئه‌سڵه‌ن من پێموایه‌ ئه‌گه‌ر ره‌حمه‌تی مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروانیش له‌قه‌بره‌كه‌یان زیندوو بونایه‌و بچوونایه‌ ناو ئه‌م پرۆسه‌یه‌وه‌، دیسان نوێنه‌ره‌كه‌ی پارتی ئه‌یبرده‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش نه‌وه‌ك كه‌مكردنه‌وه‌ بێت له‌قه‌درو قییمه‌تی ئه‌م دوو زاته‌ گه‌وره‌یه‌ ، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پارتی ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا‌ گرتوه‌و، زۆربه‌ی سه‌ركرده‌ی حزبه‌كانیشی كردۆته‌ پاشكۆی خۆی . كه‌واته‌ هیچ پاساوێك نه‌بوو بۆ ئه‌م هه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ لابردنی ناوی دكتۆر فه‌رهاد ، به‌تایبه‌تیش وه‌كو ده‌وترێ ده‌نگدان به‌ كاندیده‌كان به‌شێوه‌ی ئاشكرا ده‌بێت ، به‌مه‌ش باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان له‌فراكسیۆنی حزبه‌كانیتر بوێرن ده‌ست هه‌ڵنه‌بڕن بۆ كاندیده‌كه‌ی پارتی ..

ره‌نگه‌ مه‌ترسییه‌كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ بێت ، نه‌وه‌كا ده‌نگه‌كانی كاك نیچیرڤان له‌ خوار هه‌شتاوه‌ بێت ، ئه‌مه‌ش دیسان پاساوێكی بێ مانایه‌، چونكه‌ ته‌نانه‌ت خودی كاك مه‌سعودیش له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌كاندا له‌خوار سه‌دا حه‌فتای ده‌نگه‌كانیشی هێناو هیچ كێشه‌یه‌كیش له‌پرۆسه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یدا نه‌بو بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand