Draw Media

هەرێمی کوردستان لە جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران دا

هەرێمی کوردستان لە جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران دا

2019-05-21 11:16:31


ئەنوەر حسێن (بازگر)
 
دوای ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی )2011( جارێکی دیکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا بە نیازن شەبەحێک و تارماییەک وەکو مارکس وتی " بەسەر ئەوروپاوە دەبینن، بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا دێت و دەچێت "، کە شەبەحێکە ئەمەریکا بە پلەی یەکەم نوێنەرایەتی دەکات، لە دوای سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران لە دوو خولی ڕابردوودا، هاتنی هێزگەلێکی زۆری سوپای ئەمەریکا بۆ سنورەکانی هەرێمی کوردستان و بێجی، کفری، موسڵ و کەیوان لە کەرکوک ئاوەکانی کەنداوو لە سعودیە و قەتەر و ئیمارات، ڕەوانەکردنی کەشتیگەلی زەبەلاح ( B52و F35) سیستمی پاتریۆت هەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە پێدەچێت ململانێیەکی توند لە نێوان واشنتۆن و تاران دەست پێبکات، دوای خولی دووەمی گەمارۆکانی واشنتۆن بۆ سەر تاران، ئەمەریکا لە )14( خاڵدا داوایکردوە، پێویستە ئێران ئەو خاڵانە جێبەجێ بکات، (دەست هەڵگرتن لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی، کۆتاییهێنان بە فراوانکردنی مەودای موشەکە دوورهاوێژەکانی، پاراستنی ئەمنیەتی ئیسرائیل، کشانەوەی ئێران لە یەمەن کە پشتیوانی لە حوسییەکان دەکات، کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانی لە عێراق و پشتیوانیکردن لە شیعەکان، پاشەکشەی سوپای پاسداران لە سوریا، دەست هەڵگرتن لە پشتیوانی حەماس و جیهاد لە فەلەستین دژی ئیسرائیل و کۆتاییهاتن بە پشتیوانی لە حیزبولڵا لە باشووری لوبنان). لە بەرامبەر ئەوانەدا وا پێدەچێت ئەمەریکا گەیشتبێتە ئەو باوەڕەی ئێران هیچ یەکێک لە خاڵەکانی جێبەجێ نەکردوە، و ئامادەنییە ئەم داوایانەی جێبەجێ بکات، چونکە خاڵی ستراتیژی، سەربازی و هەیمەنەی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، قوڵایی ئەمنی قەومی و ستراتیژی ئێرانن، بۆیە پێ ناچێت سزاکانیش ئەو ڕۆڵەیان هەبێت، بەتایبەت لەدوای سەپاندنی سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا و بەشێک لە یەکێتیی ئەورووپا. بینیمان نرخی بەهای تمەنی ئێرانی بەرز بووەوە لەچاو ئەوەی کە داببەزێت بە پێچەوانەی گەڕی یەکەم کە بەهای تمەن بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینی و لە چەند مانگی ڕابردوودا سەقامگیریی و ئارامییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، کە پێشبینی ئەوە دەکرێت ئەمەریکای نیگەران کردبێت، لە بەرامبەدا ئەو وڵاتانەی کە باسمان کرد بە تایبەت وڵاتە سنوورییەکانی ئێران، هەرێمی کوردستان، عێراق و هەندێک لە وڵاتانی ئەفغانستانیش دەروازەی سنووری فراوانیان هەیە بەردەوام ئەو پەیوەندییە ئابووریانە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ نمونە هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق 1200کم سنوری وشکانیان هەیە لە گەڵ ئێراندا و توانیویانە ببێت بە سەرچاوەی داهاتێکی باش و گەمارۆکان جێبەجێ نەکرێت بەتایبەتی فرۆشتنی نەوت.
لە ڕاستیدا ئەم گرفتانە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و دووجار سەردانی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مەسجی پۆمپیۆ نامەی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، تەنانەت بۆ تورکیا، ئوردن، میسر و بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە ئەوەبوە کە ئایا لەگەڵ ئێمەن یاخود لە گەڵ ئێمەدا نین، بەو مانایەی کە لە گەڵ ئێمەن یان ئێران، گەیشتووەتە ئەو ڕادەیە، بۆ زانیاری زیاتر ئەو هەوڵانەی ئەمەریکا وایکرد کە کۆبوونەوەکانی یەکێتی نیشنیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە (14/1)ی ڕابردوودا کە خۆیان لە پشتی مێزەکانەوە ئامادەبوون حکومەتی هەرێمی کوردستان زوو پێک بێت و فشاریان خستبوە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی کە حکومەت زوو پێکبهێنرێت و هاوکات هاتنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران بەیەکەوە نیشتنەوەی فڕۆکەکانیان لە فڕۆکەخانەی هەولێر لە وەرزی ڕابردوودا، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە هاتنی پۆمپیۆ و ئەو فشارانەیە کە ئەمەریکا و ئەورووپا لەسەر هەرێمی کوردستان دروستیان کردووە، بێگومان هەرێمی کوردستان خاڵێکی جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژی گرنگە لە ململانێکانی ئەمەریکا و ئێران، کە گرنگە لەم ڕووداوانەدا نەبێتە قووربانی، بەبۆچوونی شەخسی خۆم، پێم وانییە هەموو کاتێک یەکێتی و پارتی یان حکومەتی هەرێمی کوردستان ملبدەن بە سیاسەتی ئەمەریکا و سیاسەتی یەکێتی ئەورووپا و چیان پێخۆش بوو ئەوەیان بە گوێ بکەن، بۆ نمونە لە ئەگەری شەڕی داهاتوودا کە شەڕێک لە ناوچەکەدا ئەمەریکا هەڵیدەگیرسێنێت لەگەڵ ئێراندا، مەرج نییە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئەمەریکا بکات. دەکرێت جارێک پێی بڵێ نەخێر و لەگەڵ سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نەبێت، بەو هۆکارەی کە ئێران جگە لەو سنورەی کە هەیەتی، لە ڕاستیدا زۆرجار پشتیوانی هەرێمی کوردستانی کردووە و دەوڵەتێکە لە ناوچەکەدا حزوری کاریگەری سیاسی و ئابووری بوونی هەیە، ئێمە یەک گرفتمان هەیە لەگەڵ ئێران ئەو گرفتەش پەیوەندی هەیە بەوەی کە هاونیشتیمانییەکانی ئێمە لە خۆرهەڵاتی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندان، گەر مامەڵەی ئێران لەگەڵ ئەوانەدا باش بێت، ڕەنگە کەمترین گرفت لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا هەبێت، بەڵام لە )100( ساڵی ڕابردوو لە دوای ڕێککەوتننامەی سایکس - بیکۆوە لە هەر شوێنێک گەلی کورد لە هەرکام لە پارچەکانی کوردستان کە توشی شکست بوون بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ڕووسیای تێدا بوە، لە دروستبوونی حکومەتەکەی شێخ مەحمودەوە هەتا قازی محەمەد، گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕاپەڕین و ڕیفراندۆم لە کامەیاندا ئەمەریکا بەتەنها دەستێوەردانی نەکردوە؟ پشتی لە کورد نەکردوە؟ بۆ نموونە لە سەردەمی حکومەتی شێخ مەحمود، لە بیستەکان و دوای جەنگی جیهانی یەکەم بەتەنها ئێران و تورکیا نەبوون، ئەوە ئینگلیزەکان بوون هاتن حکومەتی شێخ مەحمودیان کۆتایی پێهێنا، حکومەتی قازی محەمەد لە دەرئەنجامی هاتنی هێزەکانی فاشی و هێزەکانی نازی ئەڵمانیا و دواتر ڕێککەوتنی نێوان ئینگلیزەکان و ڕووسەکان و ئەمەریکییەکان حکومەتەکەی قازی محەمەد لەناوچوو، لە چلەکانی دوای جەنگی جیهانی دوەم، لە گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا ئەمەریکا، ئیسرائیل، هۆڵەندا، ڕووسیا و یۆنان بوون عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان ڕادەستی تورکیا کرد، بە بەرچاوی ئەمەریکا و ئەوروپاوەیە ئەندام پەرلەمانەکانی (HDP) دەگیرێن، بەبۆچوونی من دەبێت لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کێشەکانمان بەتەواوتی نەمێنێت چ لە گەڵ تورکیا، ئێران و عێراق ئەمانە سنوری هەرێمی کوردستانیان پێکهێناوە و ئابووری و ئاڵوگۆڕمان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدایە، دەتوانن کێشەی زۆرتر دروست بکەن، من پێم وایە واشنتۆن نەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەگەڵ بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوچەکە دۆستایەتی و پشتیوانیان جدی نییە تەنها بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی مامەڵە دەکات و تێڕوانینی ئابوریانەی هەیە نەک سیاسی.
ئەگەرچی زۆر ڕاستە، پەیوەندییە ئابوورییەکان لە نێوان تاران و بەغداد یان لە نێوان هەولێر و تاران، لەژێر کاریگەری و هەیمەنەی پەیوەندییە سیاسییەکانن. ئەوە واقیعیەتە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، سیاسەت حوکم دەکات و زاڵە، ئەمەش پێچەوانەی بەشێک لە ئەمەریکا و ئەوروپایە کە ئابووری ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. بێگومان هاتنی زەریفی، ئەوەندەی پەیوەندی بەو ڕووداوگەلەوە هەیە کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدات، ئەوەندە پەیوەندی بە ئابوورییەوە نەبوو. بە بڕوای من ئەو کۆڕبەندە ئابوورییانەی لە هەرێم و عێراق و ناوچەکەدا دەبەسترێن بیانویەکن بۆ ڕووداوە سیاسییەکان، ئەگەرنا چەند مانگ لەمەوپێش بۆچی ڕووینەدا؟ جەواد زەریفی بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاندبوو " کە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە ئێران دەکات " هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕاینەگەیاندووە، پێم وایە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران گرنگە و ئێران دەیەوێت ئەگەر پشتیوانی ئێرانیش نەبێت، لەو ململانێی کە هەیانە، پشتیوانی کردنی ئەمەریکا وەکو ئێران خۆی دەڵێت ئیسرائیل و یەکێتی ئەوروپا نەبێت. قسەکە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ناتوانێت نێوەندگیری بکات لەو نێوانەدا، لە هەمان کاتدا ناتوانێت بێلایەن بێت، سەبارەت بە سیاسەتی ئەمەریکا و ئێران ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو ڕووداوەکانی ناوچەکە نەیتوانیوە بێلایەن بێت. ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە و پێویستی بە هاوکاری هەردوولا هەیە، بەڵام بەوڕووداوانەی کە لە مێژوودا و چەند ساڵی ڕابردوو ڕوویداوە، ئێمە دەتوانین چی بکەین؟، هەرێمی کوردستان بە بێ گەرەنتی و زەمانەتێک لە هەرکامیان، حەق نییە پشتیوانی لە هیچکامیان بکات، بەڵام ئەگەر بێینە سەر ئەم واقیعیەتە، ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بەهاری )1991 ( و لە ڕاپەڕیندا ڕێگای بۆ هێزەکانی عێراق خۆش کرد و سەرکوتی خەڵکی کوردستانیان کرد، )31(ی ئاب سنوورەکانی واڵا کرد و ڕژێمی بەعس خەڵکی کوردستانیان قەتڵ و عام کرد، و دواجار لە )2003( دۆخێکی گونجاو هاتە ئاراوەو دەرفەتی سەربەخۆیی بە هەرێمی کوردستان نەدا و ڕێگای نەدا ناوچە جێناکۆکەکان بگەڕێتەوە سەر کوردستان، هەروەها لە دووەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمار بۆ جەنابی مام جەلال، ئەمەریکا گوشاری خستە سەر یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێویستە ئەیاد عەلاوی ببێت بە سەرۆک کۆماری عێراق، ئەگەر ئێرانییەکان و هەوڵی جەنابی مسعود بارزانی نەبوایە، بەڕای من لەو خولەدا پۆستی سەرۆک کۆمار، لەژێر گوشاری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و تورکیا، دەدرا بە سووننەکان و عەلاوی. ئێران ڕاستەوخۆ ڕایگەیاند " کە ئەوە پشکی کوردە "، لە هەموو سەردەمەکانی پێشووی حکومەتی عێراقی، ئێران ڕۆڵی سەرەکی بووە لە پشتیوانیکردنی کورد و لە ڕێکخستنی ئەو پەیوەندییانە، ڕاستە وڵاتانی ئێران و تورکیا نەیاری هەرێمی کوردستانن و پێیان خۆش نییە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە بڕوات و ببێت بە دەوڵەت، بەڵام قسەکە ئەوەیە ئەمەریکا تەنیا چاو لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات، لە ڕۆژئاوای کوردستان هێزەکانی سوریای دیموکرات و شەڕڤانانی (پەیەدە) لە بەرامبەر شەڕی داعش دەیان هەزار قوربانیان داوە، ئێستاش ئەمەریکا دەیەوێت پاشەکشێ بە هێزەکانی بکات، کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا پەیوەندی بەوەوە هەیە کە كارتێک دەدەن بە تورکیا و ڕوسیا، کە سوریا بۆخۆیان بێت، ئەمەریکا دەکشێتەوە لەبەرئەوەی تورکیا و ڕووسیا پشتیوانی لێبکەن و گوشارەکانیان بۆ سەر ئێران بکەن یان ئەوەی بێدەنگ بن!
بۆ نموونە ئەمەریکا لە دۆسیەی ڕۆژنامەنووسی سعودیە، جەمال خاشقچی، لە گەڵ سعودیە سازشی کرد، ڕازیکردنی تورکیا بە پاشەکشێ لە سوریا و جێهێشتنی کوردەکان لە پێناوی چی؟ لە گواستنەوەی باڵوێزخانەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس لە پێناوی چی؟ لە ماوەی )40( ساڵ کە ناکۆکییەکی گەورەیان هەیە لە گەڵ کۆریای باکوور خەریکی سازشە لەپای چی؟ ئەمانە بەشێکی زۆری پەیوەندی بە ململانێکانی لەگەڵ ئێرانەوە هەیە، چاوپۆشی واشنتۆن و ئەوروپا لە پێشێکاری مافی مرۆڤ، بێ مافی ژنان، نەبوونی ئازادی سیاسی و میدیایی، حیزبی لە سعودییە بۆچییە؟ چاوپۆشیکردنی لە سیاسەتەکانی قەتەر لە گروپە فەندەمێنتاڵ و ئیخوان موسلمین لە میسر و تورکیا خۆشکردنی ئاگری شەڕ لە لیبیا و یەمەن بە خاتری چییە؟ ئەمەش دوالیزمێکە. مۆڕاڵ تێیدا غائیبە، لە هەرێمی کوردستان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەکاتی ڕیفراندۆم کورد جێدەهێڵێت و دەڵێت ئەگەر بە قسەی من نەکەن من واز دێنم و ڕێگا دەدات بە حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراقی هێرش بکەنە سەر هەرێمی کوردستان و سوکایەتی بە خەڵکەکەی بکات، کەواتە چۆن دەتوانێت پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بکات؟. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مەکسیکەوە تا سۆماڵ، لە پاکستانەوە تا ئەندەنوسیا، لە هیچ شوێنێک پشتیوانییەکی جدی نەکردووە جگە لە ئیسرائیل و تەنیا دوای بەرژەوەندییەکانی خۆی کەوتووە. ئەگەر ئەمەریکا پەیامێکی جدی هەیە، یان گەرەنتی و زەمانەتێکی پێیە بۆ خەڵکی کوردستان نەبنە قوربانی لەم ململانێیانە، با هەرێمی کوردستان پشتیوانی لێبکات، بەڵام بەڕای من نایکات و نەیکردووە، ئەمەریکا هەرێمی کوردستان وەکو بنکەیەکی خۆی دەبینێت بۆ مەرامەکانی و بەرژەوەندییەکانی، گەر واشنتۆن، هەرێم بە هاوبەشی خۆی دەزانێت بۆچی ئەو مەترسیانە نابینێت کە لە دەرئەنجامی ئەو شەڕە بەرۆکی هەرێم دەگرێت؟ بۆچی سیستمی پاتریۆت لە زۆربەی ناوچەکە دادەنێت. بەڵام لە هەرێم پاتریۆتی نییە بەڵام ئەمەریکا پێیوایە هەرشتێک بڵێت دەبێت جێبەجێ بکرێت. بەڕای من لەمەودوا، مەرج نییە هەرێمی کوردستان هەموو سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جێبەجێ بکات، پێم وایە لە خراپترین حاڵەتدا ئەوەی کە لە چەند ساڵی پێشوو و دوای ڕیفراندۆم بەسەرمان هات، ڕوودەدات. کەواتە بۆچی ئەمەریکا لە ساڵی )1993( پشتیوانی لە جیابوونەوەی ئەریتریا کە سیستمێکی تۆتالیتارە لە ئەسیۆپیا دەکات؟ لەبەرئەوەی بەشێکی لە جێگە و نفوزی ئیسرائیلە، بۆچی پشتیوانی لە جیابوونەوەی باشوری سودان لە سودان دەکات؟ لەبەرئەوەی کە مەسیحین، بۆچی پشتیوانی لە جیابوونەوەی وڵاتانی یۆگۆسلاڤیای پێشوو بۆ سەر هەر یەکێک لە (کرواتیا و مۆنتینگرۆ) دەکات لە سربیا؟ لەبەرئەوەی کە جێگە و پێگەی هەیە بۆ گوشار خستنە سەر ڕوسیا؟ بەڵام زیاتر لە )28( ساڵە ناتوانێت زەمانەتی تەنیا فیدراڵی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات. بە بڕوای من ئێستا ئەمەریکا لەم ململانێیانە پێویستی بە بنکە سەربازییەکان و سنوورەکانیەتی، پێویستی بەوەیە کە گوشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نەوت هەناردەی ئێران نەکات، لە بەرامبەردا زەمانەت و ئاڵتەرناتیڤی ئەمەریکا چییە بۆ هەرێمی کوردستان؟ یان چی دەکات لە بەرامبەر ئەو بارودۆخەی کە لە داهاتوودا بەسەر کوردستاندا دێت؟. لە یاد نەکەین کە سوریا نموونەی ڕاستەقینەی دەستێوەردانی ئەمەریکا، ڕوسیا، تورکیا و ئەورووپایە، زیاتر لە (500) هەزار کەس لە خەڵکی سوریا بوونەتە قووربانی و ئێستا ڕژێمی بەشار ئەسەد دێننەوە سەر حاکمییەت. لە تورکیا دەیان هەزار کەس دەستبەسەرکراون و سەدان کەس بەهۆی ڕژێمی ئەردۆگان لەسەر کار لابراون، بەڵام ئەمەریکا هیچ هەڵوێستێکی نییە. کەواتە هەڵوێستی بەرامبەر بە تورکیا و ئێران جیاوازە. هەروەک لەسەرەتاوە ئاماژەم پێدا، ئەمەریکا دۆسییەی خاشقچی گەیاندبووە لوتکە، بەڵام کاتێک کە زانی سعودیە بەرژەوەندییەکانی دەپارێزێت، لەسەر کەیسەکە بێدەنگ بوو و چاوپۆشی لێکرد. لە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی، بە هۆی دەستێوەردان و ماڵوێرانی ئەمەریکا و ئەورووپا، جگە لە خەڵکی وڵاتانی بەشمەینەتی عەرەبی، کێ زەرەرمەند بوو؟ لیبیایان بۆ داعش بەجێهێشت، نەیجرییا بۆ بۆکوحەرام و سۆماڵیان بەجێهێشت بۆ حەرەکەی شەبابی ئیسلامی فەندەمێنتاڵ، یان بارودۆخی میسر و یەمەن کە بە سەدان هەزار کەس بوونە قوربانی. بە ڕای من ئەمەریکا و ئەورووپا لە هەموو نەهامەتییەکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەشدارن و چاوپۆشی لێدەکەن و پێیانوایە ئەگەر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ و ململانێ هەبێت ئەوان دەتوانن بەرژەوەندییەکانیان باشتر بقۆزنەوە، سەرمایەگوزاری باشتری تێدا بکەن و نەوتی ناوچەکە بەرن و چەک و چۆڵی سەربازی زۆرتر بفرۆشن. 
ئەم ڕووداوانەی کە دێنە پێشەوە و پۆمپیۆ کە وتویەتی " لەگەڵ ئێمەن یان نا "، پێم وایە هەرێمی کوردستان وا باشە بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڵێت نەخێر، یان لە بەرامبەر چیدا، کام پشتیوانی و کام دڵنیایی کە دەیدات بە هەرێمی کوردستان، لە ڕووی مێژوویی و سنوری جوگرافی و سیاسی و ئابوورییەوە، لە ڕووی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دابەشکراوە، من پێم وایە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران باش بکەین، هەرێمی کوردستان پێویستی بەوە هەیە کێشە و قەیرانەکانی لەگەڵ تاران و ئەنقەرە و وڵاتانی ناوچەکە سفر بکاتەوە، پێویست نییە ببێت بەشێک لەو سیناریۆییانەی کە ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەیخوڵقێنێت، پێویستە ئێران لەم نییەت باشییەی هەرێمی کوردستان تێبگات و گرەنتی بدات بە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان ئاسایی بکاتەوە و پشتیوانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان بکات وەکو دۆستێک مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، نەک وەکو نەیارێک، بتوانێت ئەو بارودۆخە سیاسییەی و جیۆپۆلیتکیەی کە هەرێمی کوردستان هەیەتی لە ناوچەکەدا، ئێران بتوانێت هەستی پێبکات و بە ڕەسمی بیناسێنێت وەکو مەترسی نەیبینێت لەسەر ئێران، ئێران بە بۆچوونی من دەیتوانی هەرێمی کوردستانیش بکات بە دۆستە زۆر نزیکەکانی خۆی هەروەکو ئەوەی کە لەناوچەکەدا کردوویەتی، بەڵام بەداخەوە نەیکردووە یان ململانێی کردووە لە نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکان و سوننە و شیعەکان، زۆرجار ئێران پشتیوانی جدی نەکردوە لە هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی ئاوەڵا نەکردوە و سەروەری هەرێمی کوردستانیان بەزاندوە دژی گروپە ئپۆزسیۆنەکانی خۆیان، هەندێکجار هەرێمی کوردستان گلەییان هەیە لە هەندێک لە جموجۆڵی ئەمنی و سەربازی ئێران هەیە، ئەگەر ئێران بتوانێت پشتیوانی جدی لە هەرێمی کوردستان بکات، من پێم وایە هەرێمی کوردستان دەتوانێت وەڵامی نەخێر بداتەوە بە ئەمەریکا و ئەوروپا، من پێم وانییە لە هەموو بارودۆخێکدا هەرێمی کوردستان خۆی بکاتە قوربانی سیاسەتەکانی ئەمەریکا و ئەمەریکاش لە سادەترین حاڵەتدا بەجێی بهێڵێت. 
سیناریۆکانی شەڕ پێدەچێت ئاوابێت:
یەکەم: خاڵی گرنگ بۆ ئەمەریکا و ئەوروپا. گەیشتنە، بە یەقین کە ئێران نابێت و ناکرێت دەستی بگات بە چەکی ناوەکی و ڕادەستکردنی یۆرانیۆم و موشەکەکانی بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە.
دووەم: ئەگەر نا لە حاڵەتی یەکەم، ڕەنگە هێرش بکرێتە سەر بنکە و بارەگاکان و سەد هەزار موشەکی حزبوڵلا لە لوبنان و بنکەکانی ئێران لە سوریا. لەلایەن ئیسرائیلەوە.
سێیەم: گەر سیناریۆی یەکەم و دووەم. نەیتوانی ئامانجەکانی ئەمەریکا بەدیبهێنێت، ئەوکاتە شەرێکی جدی و ماڵوێرانیکەر ڕوودەدات. کە ڕەنگە ئێران دەرەقەتی نەیەت و وڵاتانی کەنداوو، عێراق و هەرێمی کوردستانیش قوربانی سەرەکی بن.
چوارەم: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیا و چەکی مۆدێرن و نوێ، فرۆشتنی بە وڵاتانی ناوچەکە و سەرهەڵدانی گروپی فەندەمێنتاڵ، قوربانی سەدان هەزار کەسی تر.
پێنجەم: کۆماری ئیسلامی ئێران. باشترین ئەڵتەرناتیڤی ئەوەیە کە خۆی لە شەڕ دوور بگرێت و سازشی دیبلۆماسی بکات و هەڵەی وڵاتانی ناوچەکە دووبارە نەکاتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand