4 مانگ بە ملیارێک دۆلار
2019-05-21 10:29:18
هیڤیدار ئەحمەد
لوقمانی حەکیم لەسەر قەرز دەڵێ "بەردم گواستووەتەوە، ئاسنم هەڵگرتووە، بەڵام هیچ شتێک هێندەی قەرز قورس نەبووە"، رەنگە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە هەمووان زیاتر لە مانای ئەم ڕستەیە بگات کاتێک بە قەرز توانی ئەم هەرێمە لە داڕووخان رزگار بکات. ئێستاش پێش ئەوەی کابینەکە تەسلیم بکات، زۆرترین قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەداتەوە.
چەند قەرز هەیە و چۆن دەدرێتەوە
کاتێ نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق بە پێشنیاری هەندێ کەس مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانی لە مانگی شوباتی 2014 بڕی بۆ ئەوەی خەڵک دژی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ڕاپەڕن، نێچیرڤان بارزانی ئەوکات باش لەبیرمە یەک بەڵێنی دا، ئەویش ئەوە بوو کە پیلانەکە سەرناگرێ، هەرچەندە بەدیلەکە (پاشەکەوت و وەرگرتنی قەرز)، بەدیلێکی قورس بوو، بەڵام سەرئەنجام قەوارەی هەرێمی کوردستان مایەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو هەنگاوی زۆر ناخۆشی گرتەبەر، یەکەم: پاشەکەوتی مووچە کە سەرەتا 53% لە مووچەی فەرمانبەران پاشەکەوت کرا و ئێستا نزیکەی (10 ملیار دۆلار) لەسەر حکومەت کەوتووە. دووەم: وەرگرتنی قەرز بوو لە کۆمپانیا و بانکەکانی نێو هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا، ئەویش 10 ملیار دۆلار بوو. شتی باش لەو دوو قەرزە، هەم پاشەکەوت و هەم قەرزی دیکە، ئەوەیە کە سوودی بانکیی لەسەر نەبووە.
قەرزەکان چۆن دەدرێنەوە؟
حکومەتی هەرێمی کوردستان 260 ملیۆن دۆلار قەرزداری بانکەکانی نێو هەرێمی کوردستانە. پلانی حکومەت بۆ دانەوەی قەرزی بانکەکان ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2022 ئەم قەرزە سفر بکرێتەوە، ئەویش بۆ هەر مانگێگ 10 ملیۆن دۆلار دەداتەوە.
قەرزی کۆمپانیاکانیش، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی قەیرانەکە قەرزی داوەتەوە و لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا دوو ملیار دۆلار قەرزی داوەتەوە.
بەرنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانەوەی قەرزی تورکیا کە لە گەرمەی قەیرانی داراییدا بۆ مووچە و خەرجیی شەڕی داعش وەریگرتبوو، لە مانگی تەمووزی داهاتوو تەواوی ئەو قەرزە دەدرێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە وەک بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری بە منی گوت " بە تێکڕا هەموو مانگێ زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار، ئەو قەرزەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە دەدرێتەوە". واتە بەو شێوەیە هەر چوار مانگ یەک ملیار دۆلار قەرز دەدرێتەوە.
ئەگەر بەپێی رێککەوتن بەغدا بەردەوام بێ لە ناردنی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەی بەغدا دەینێرێ لە کۆی 881 ملیار دینار، مانگانە (453 ملیار دینارە)، دەکاتە 59%ی کۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەمەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێ لە مەسەلەی دامەزراندن و ژمارەی زۆری فەرمانبەر و مووچەخۆر لە دنیادا وێنەی نییە. 68%ی داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەیە. پێویستە ئەمە لە پڕۆژەی چاکسازیدا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و بەرامبەر ئەوە، حکومەت دەرفەتی کار لە کەرتی تایبەتدا دروست بکات. دەبێ کەرتی تایبەت بەشێوەیەک کارا بکرێ خەڵک بە ئاستەم چاوی لە دامەزراندن بێت.
شتێکی دیکە کە لە مەسەلەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە دنیادا وێنەی نییە، مەسەلەی دەرماڵەیە، بۆ نموونە ئەگەر فەرمانبەرێک 100 دنیار مووچەی بێ، 57 دیناری دەرماڵەیە و 43 دنیار مووچەی بنەڕەتییە!
بایۆمەتری دۆلارێکی نەگەڕاندەوە
لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و پاشەکەوتی مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەنای بۆ سیستەمی (بایۆمەتری) برد، خەڵک هەندێک ئومێدیان بۆ گەڕایەوە کە ئەم سیستەمە هەرچی بندیوار و سەردیوار هەیە ئاشکرای دەکات و پارەیەکی زۆر بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەم ڕێکارە یەک دیناریشی نەگەڕاندەوە. ئەوەتا پێش هەنگاوی حکومەت بۆ پاشەکەوتی مووچە و دواتر کە نەما حکومەت هەمان پارە دەداتە مووچەخۆران، ئەدی کوا بەرهەمی بایۆمەتری!
لە بایۆمەتریدا ئاشکرا بوو کە فەرمانبەری وا هەیە زیاتر لە 4 مووچەی هەیە، بەڵام هیچ ڕێکارێک بۆ راگرتنی نەگیراوەتە بەر. وابزانم جگە لە زیادکردنی خەرجی لەسەر حکومەت، تاوەکو ئێستا ئەو بایۆمەترییە هیچی بۆ حکومەت نەگەڕاندووەتەوە.
سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە
360 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
453 ملیار دینار لە بەغداوە دێت
61 ملیار دینار وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان
22 ملیار دینار لەلایەن ئەمریکاوە دەدرێ بۆ هێزی پێشمەرگە
سەرجەمی دەکاتە 896 ملیار دنیار، حکومەتی هەرێمی کوردستان 881 ملیاری دەداتە مووچە، خەرجیی مانگانەی حکومەت بۆ دامەزراوەکان و کڕینی دەرمان و پێداویستی قوتابخانە و پڕۆژە و... هتد.
بەگوێرەی رێککەوتنی (سیاسی) نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق مانگانە 68 ملیار دینار وەکو مووچە بۆ پێشمەرگە خەرج دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پارەیە لە 2019 دا نەگەیشتووە، گریمان گەیشت و وەک دەڵێن بەغدا مووچەی 4 مانگی پێشمەرگە پێکەوە دەنێرێ. ئێستا ئەگەر بینێرێ دەبێتە 5 مانگ. بەڵام لە ئەسڵدا مووچەی پێشمەرگە بە یەکەکانی حەفتا و هەشتاوە مانگانە 140 ملیار دینارە. واتە ئەوەی بەغدا ئەگەر بینێرێت بۆ پێشمەرگە 72 ملیار دیناری کەمە.
بۆ 2020 پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی تۆکمەتر لەگەڵ عێراق واژۆ بکات بۆ دەستەبەرکردنی شایستەی دارایی زیاتری هەرێمی کوردستان. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی کاتێ کابینەی هەشتەمی گرتە دەست، قەیران دوای قەیران بەرۆکی حکومەتەکەی گرت، ئێستاش نەخشەڕێگای داناوە بۆ نەهێشتنی ئاسەوارەکانی ئەو قەیرانانە. حکومەتی داهاتوو دیسان هەر لە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەبێ، بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی ئەو حکومەتە دەکات و سەرەتای کارکردنی حکومەتی داهاتوو، هەنگاوی تەواوکاری کابینەی هەشتەم دەهاوێژێت کە چاکسازییە و ئەمە ئێستا پێش هەموو لایەنێک خواستی پارتی و پارتییەکانە و قسەیەک هەیە دەڵێ "ئەوەی لەسەر بیر بێ، دەبێ بە تەدبیر بێ".