Draw Media

یەكێتییەكان گەڕاونەتەوە خاڵی سفر

یەكێتییەكان گەڕاونەتەوە خاڵی سفر

2019-05-20 11:17:10


رێبوار کەریم وەلی

(1)
یەكێتییەكان (چونكە یەك نین) لەناوخۆیاندا تا ئەو شوێنە تەبان (واتا گیڤ دەبنەوە) كە بیانەوێ كێشە ناوخۆییەكانی خۆیان بكەنە بابەتێكی ستراتیژی بەرامبەر بە پارتی، لە كوێ پارتی تەنازولی بۆ كردن، یان لەگەڵیان رێككەوت، ئەوجا دەكەونە گیانی یەكتری.

سەرباری ئەوەی كە یەكێتییەكان لەگەڵ پارتیدا، بۆ پێكهێنانی حكومەت و بەركەوتەكانیان رێككەوتوون، بەڵام ئەو مشتومڕەی ئەمڕۆ لەناویاندا بە دوو ئاراستە بەردەوامە، هەمان ئەو قسانەیە كە لە رۆژی دوای هەڵبژاردنەوە دەیانكرد. ئاراستەی یەكەم چۆنیەتی دابەشكردنی ئەو پۆستانەی بە بەریاندەكەوێ لەسەر بنەمای باڵەكان، بنەماڵەكان یان ناوچەكان؟ ئاراستەی دووەمیش پۆستەكانی پارێزگاری كەركووك و وەزارەتی داد لە بەغدا.

گومان لەوەدا نییە كە كۆسرەت رەسوڵ دانوستاندنێكی سەركەوتووانەی لەگەڵ پارتیدا كرد و بەركەوتەی یەكێتی (وەك گۆڕان) زیاترە لە حەجمی نوێنەرایەتیە پەرلەمانییەكەی، بەڵام هێشتا نە میكانیزم و نە مەرجەعیەتێكیان هەیە كە بتوانن كێكەكە لە نێوان خۆیاندا بەش بكەن. دوایین تەڕح ئەوەیە كە لەسەر ئەساسی پارێزگاكان، پۆستەكانی هەرێم و دەرەوەی هەرێم دابەش بكرێن. 

یەكێتییەكانیش وەكو پارتی لە دیاریكردنی هەندێك كەس بۆ هەندێك پۆست لەژێر گوشاری ئیقلیمیدان و ئێران رازی نییە هەندێك پۆستی ئەمنیی باڵا دەستاودەستیان پێ بكرێ، ئەوەش وایكردووە كە دابەشكردنەكان هەر رۆژە بە جۆرێك بێت. نموونەیەكی سادە ئەوەیە كە لەكاتێكدا هەمووان پێشبینیی دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەن، لەپڕ جارێكی دیكە ناوی قوباد تاڵەبانی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان دێتەوە گۆڕێ. هەمان ئەم تەڕحە لەسەرەتاوە لەناو یەكێتیەكاندا هەبوو كە قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان وەربگرێ و دەرباز كۆسرەت رەسوڵیش ببێتە سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم و، پۆستە وەزارییەكانی دیكە بە ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی پڕ بكرێنەوە. هەر بۆیەشە ئێستا بەشێكی زۆری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییەكان بەدوای پۆستەوەن كە لە رابردوودا كەمتر ئەو حەزەیان هەبوو.

ئێستا لەناو یەكێتییەكان ئەگەر ئەولەوییەت بۆ پۆستە حكومیەكان بێت، دوای ئەوە رازیكردنی ئەوانەیە كە دەكەونە دەرەوەی حكومەت و دەبێ لەناو حزبەكەیاندا بە پۆست و پلە قەرەبوو بكرێنەوە. تا سەرەتای مانگی شەش كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستبەكار دەبێت و دوای ئەوەش یەك دوو هەفتە دەرفەت لەبەردەم یەكێتییەكاندا ماوە، ئەگەرنا دوور نییە ئەو كابینەیەش بێ وەزیرەكانی یەكێتی سوێند بخوات.

گۆڕان چی ماوە؟

(2)
دوو ساڵ بەسەر مردنی رەوانشاد نەوشیروان مستەفادا تێپەڕی. ناهەقییە ئەگەر بگوترێ مردنی ئەو فاكتەرێك بووە بۆ ئەو وەزعەی ئێستا گۆڕان لەڕووی رێكخراوەییەوە تێیكەوتووە؛ نوشستییەكە لەسەردەمی ئەوەوە دەستیپێكرد و گۆڕان تووشی سەرگەردانی بوو. گۆڕان لە دوو ساڵی رابردوودا، لە ریفراندۆمێك و دوو هەڵبژاردندا كەوتە بەردەم تاقیكردنەوەی گەورە و، لە هەرسێكیاندا بۆی دەركەوت كە ئیدی تین و تاقەتی جارانی نەماوە. وەك وەرزشكارێك كە ئیتر سەردەمی لاوێتی و گوڕ و تینی لەدەستداوە، دەبێ توانای خۆی بۆ شتێكی دیكە تەرخان بكات.

گۆڕان توانای ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆی لەدەستدا. ئەوەش لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا ئەگەر تەزویریشیان لێ نەكرابایە، پێوەی دیار دەبوو. بۆیە خەسڵەت و پێكهاتەی ئەو سەركردایەتییەی ئێستا، بۆ ئۆپۆزیسیۆنبوون نییە و، بگرە هی كەسانێكی سیاسیی زیرەكە كە بتوانن لە دانوستاندنی بەشداربوون لە دەسەڵاتدا 12 كورسییەكەیان زەڕبی دوو بكەن.

دەست لەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵی كادیر و هەڵسوڕاوانی گۆڕان، دەلالەتە لەوەی كە بزووتنەوەكە لە ماهییەتی بنچینەیی خۆی لایداوە و، بەرگری لە دەستكەوتەكان و بەركەوتەكانی حوكمڕانی دەكات. بەوەش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بووەتە دەمڕاستی دەسەڵات. پێگەی جەماوەریی گۆڕان (تەنانەت كادیرانیشیان) بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر كەوتووەتە ژێر هەژموونی پارتی و یەكێتی و هەندێكیان لەبەر عەیبە نەبێ، دەچنە ناو ئەو حزبانەوە.

لەگەڵ پێكهاتنی حكومەتیش، ژمارەیەكی دیكە لەوانەی كە ئومێدی ئەوەیان هەبووە پێگەیەكیان بەركەوێ و بەریان نەكەوێ، خیلافاتی ناو گۆڕان قووڵتر و بەرەو ئینشیقاق دەبەن. ئەوە بە زەرەری پارتی و لە قازانجی یەكێتییە.

نەوشیروان مستەفا كەی و لە كوێ وەفاتی كرد؟

(3)
19ی مایس وەك ساڵیادی مردنی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە سلێمانی دیاری كراوە. هەق نییە، شوێن و كاتی وەفاتی نەوشیروان مستەفا كە بە زاكیرە ئەفسانەییەكەی بەشێكی گەورەی مێژووی هاوچەرخی كوردی پاراست، هێشتا جێگەی پرسیار بێت. رۆژی 19ی مایس كە تەرمەكەی بەخاك سپێردرا و گوترا كە ئەو بەیانییە لە سلێمانی وەفاتی كردووە، وا بڵاوكرایەوە كە چەند رۆژێك پێشتر گەڕاوەتەوە سلێمانی. ئەوە لە كاتێكدا كە پێش یەك دوو مانگ بۆ بەشداری لە پرسەی هاوژینەكەی رێگەی پێنەدرابوو سواری فڕۆكە بێت، وەك چۆن مستەفا بارزانیش كە دەیویست لەسەر خاكی كوردستان بمرێت، رێگەی پێ نەدرا و لە ئەمریكا وەفاتی كرد.

زانیاریی زۆر هەبوو كە لەكاتی وەفاتیدا لە كوردستان كۆچی دوایی نەكردووە، چونكە ئەو تابووتەی كە پێیانگواستەوە باركۆدی هێڵی ئاسمانیی توركیای پێوە بوو، بەڵام ئەوەی بووەتە هۆی ورووژاندنی ئەم باسە، ئەوەیە كە عەبدولڕەزاق شەریف دوای دەركردنی لە بزووتنەوەكە وەك رێكخەری ژووری راگەیاندن، لە بەشی دووەمی نووسینەكەیدا دەڵێ عومەری سەید عەلی گوتوویەتی: "تەرمی كاك نەوشیروان لە خەستەخانەیە. لەگەڵ برادەران، دۆستەكانمان هەموو شتێكمان حازر كردووە. ئەمشەو بە تەیارەیەك كە ماڵی مام جەلال حازریان كردووە، درەنگانێك ئەیهێنینەوە بۆ گردەكە و لە ئیسعافێكی سەلاجە دایدەنێین".

هێنانەوەی تەرمی نەوشیروان مستەفا چ پێویستی بە تەیارەیە ئەگەر لە سلێمانی وەفاتی كردبێت؟ دەركەوت مام جەلال و كاك نەوشیروانیش هەر لە دەرەوەی كوردستان مردوون. بۆ مێژوو ئەوە راست بكەنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand