Draw Media

كەركوك لە نێوان كەوتن و رێكەوتندا

كەركوك لە نێوان كەوتن و رێكەوتندا

2019-05-20 08:35:16


سەرتیپ جەوهەر 

دۆخی كركوك تادێت گرژو ئالۆزتر دەبیت، داگیركردنی زەویوزار، دورینەوەی بەرهەمی خاكی جوتیاری كورد، روخاندنی خانووی هاولاتیانی كورد، هەڵكوتانە سەر دێهات و گەڕەكە كوردەكان.. تد. ئەمانە هەمووی دیمەن و روداوەكانی چەندرۆژەی كەركوك بوون!
ئەمەی سەرەوە دوبارە هەقیقەتی تێگەیشتن و عەقلیەتی شۆڤینیانەی بەغدایە بەرامبەر كوردو هەوڵی دوبارە گێڕانەوەی واقعی تاڵی سەردەمی ستەم و زەوتكردنی خاك و پەراوێزخستنی كوردە لەسەر خاكی خۆی! ئەوەی لەدوای ریفراندۆم رویداوە ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە ئەوانەی لەشێنەیی باسی مافی كوردیان دەكرد، دەمامكداربوون و لەڕاستیدا ئەوانیش هەر گورگن، بەڵام لەپێستی مەڕدا.
ئەوەی رودەدات لەخۆڕا نییە، زادەی هەڵەیەكی گەورەی بەشێك لەسەركردایەتی كورد بوو كە دەستیان بۆ ریفراندۆمێكی ناوەخت برد. هەرچۆنێك بێت رەنگە بپرسین ئەوە دیسان زوڵم و ستەم گەیشتۆتە بەردەرگاو خەریكە لەسەر خاك و نیشتیمانی خۆمان ئاوارە دەبینەوە ! كەوایە ئێستا كورد چیكردووەو دەیەوێت چیبكات؟
وڵامی ئەو پرسیارە ئەوەندە زەحمەت نییە. لەماوەی نزیكەی دوو ساڵی رابردوو كورد خۆی لەخۆی گیربووەو نایەوێ‌ پاریزگارێكی نوێی كورد بۆ شارەكە هەڵبژیرێت. بەرژوەندی حزبیی و عینادی سیاسی بووە بەڕێگرێكی گەورەو كۆبونەوە بەكۆبونەوەی دیكە دەسپێرێت، لایەنە شۆڤینیە عەرەبیی و عیراقییەكانیش لەپەنای ئەو ناكۆكی و نەگەیشتنە رێككەوتنەی كورد، كەوتۆنەتە پەلاماردانی خاك و سامانی كورد و دەیانوێت بەداگیركردنی خاكی كوردستان و دەركردنی كورد لەسەر خاكەكەی مێژوو دوبارەبكەنەوە.
لەدوایین رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی، وابڕیاربوو لەگەڵ راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، رێكارە سیاسی و قانونییەكانی كورد (یەكێتی و پارتی) دەستپێبكات بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، بەڵام دەنگوباسەكانی چەند رۆژی رابردوو باس لەوە دەكەن كە لەوڵامی نامەیەكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا، بارزانی رایگەیاندووە دوای پێكهێنانی حكومەت وەفدێكی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان دەنێرنە بەغدا!
ئەم هەڵوێستە نوێیەی پارتی چەند لێكدانەوەیەكی بۆ دەكرێت. یەكەمیان دوای پێكهێنانی حكومەت دیارنییە كەی ئەو وەفدە دەنێردرێت، كە دەشێت دوای ساڵێكی دیكە بێت! ئەمەش بەهەوڵێكی نوێ لێكدەدرێتەوە بۆ دواخستنی كێشەكانی كەركوك لەسەرووی هەمویانەوە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێی كورد بۆ شارەكە.
هەوڵێكی نوێی پارتییە بۆ دوبارە دواخستنی چارەسەركردنی گرفتەكانی كەركوكە لەسەرووی هەموویانەوەی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ شارەكە، كە دەشێت بەدانانی پارێزگار بەشێك لەكێشەكانی شارەكە چارەسەر بكرێت و لانیكەم كەركوك كەركوكییەكان لەو پەراوێزخرانەی ئێستا دەربازبكرێن. دووەم ناردنی وەفدێك بۆ بەغدا، واتە ناردنی وەفدێك كە پارتی دەستنیشانی ئەندامەكانی بكات، ئەمەش وادەكات ئەجێندای حزبیی تێكەڵ بەئەجێنداو گرفتی خەڵكی شارەكە بكرێت! واتە لەبری باسكردنی راگرتنی تەعریب و گێڕانەوەی لێپرسراوانی كورد بۆسەر وەزیفەیان، رەنگە گێڕانەوەو دوبارە كردنەوەی بارەگاكانی حزب ببێتە ئەولەویەتی ئەجێندای ئەو وەفدە!.
ئەگەر ریفراندۆم هەڵەیەكی مێژوویی بوو، ئەوا نابێت هەڵەی دیكە بەردەوام و دوبارە ببێتەوە. پێویستە لەمەودوا چارەنوسی كەركوك نەخرێتە بەردەم قەدەرێكی نادیار، پێویستە هەم وڵامێكی روون بۆ هەموو ئەو لایەنە عەرەبی و غەیرە عەرەبیانە هەبێت كە لەماوەی نزیكی رابردوو گوشاری زۆریان بۆسەر كەركوك دروستكردووە، هەمیش ئەو رێككەوتنەی نێوان یەكێتی نیشتییمانی و پارتی رونبكرێتەوە كەگوایە دانانی پارێزگارێكی نوێی بۆ شارەكە ددەستنیشانكردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand