فاولێکی رۆشنبیریی بەختیار عەلی
2019-05-18 11:13:28
ئاراس مەسیفی
لەم نوسینەی بەختیار عەلی کە لە سایتەکەی خۆی بلاویکردۆتەو و لینکەکەی لە خوارەوە دادەنێم، نوسەر کەوتۆتە چەند هەڵەیەکی بابەتی و لۆژیکی دەربارەی چەمکەکانی کولتور، جوانیی و ناشیرینی و هەروەها بۆتە قوربانی بەکارهێنانی تێوری جیاکاری "ئێمە" و "ئەوان" (othering) کە رەگەکەی دەگەرێتەوە بۆ قۆناغی رەگەزپەرستیی و داگیرکاریی وڵاتە خۆرئاوایەکان لەلایەن وڵاتە رۆژئاوایەکان. ئەم سەردەمە لە ناوەندە زانستیەکان بە -سەردەمی کۆلۆنیالیزم- ناسراوە.
لە دوای نەمانی قۆناغی کۆلۆنیالیزم دەربازبون بۆ قۆناغی دوای کۆلۆنیالزم کە بە -پۆست کۆلۆنیالزم- ناسراوە بەکاربردنی چەمکەکانی "رۆژهەڵات"، "ئێمە" و "ئەوان" لە ناوەندە مەعریفی و زانستیەکانی جیهیان بێ کێشە نیە، ئەگەر بەکاریش بهێندرێن بۆ رەخنە لیێ گرتن و راستکردنەوەیەتی. ئێستا تەنها هێزە رەگەزپەرستە راستڕەوەکان بۆ مەبەستی ئەجیندای جیاکاری رەگەزپەرستیانەی حزبی بەکاری دەهێنن. بەکارهێنانی منیش بۆ ئەم چەمکانە لێرە، تەنها بۆ پیشاندانی هەڵە فیکری و مەعریفیەکانی نوسەرە.
نوسەر بەمتمانە بەخۆبونێکی بێوێنە، بەدیدێکی لە خۆبایانە باس لە "کولتوری هەمو خۆرهەڵات" دەکات و لە رێگەی چەند دیاریدەیەکی بزێو، کە بەشێکی هەرە بچوکی کولتور پێکدەهێنن، ئەگەر مانا فراوانەکەی کولتور لەبەرچاوبگیرێت، بریار لەسەر "هەمو مرۆڤەکان" و کولتوری "تەواوی خۆرهەڵات" دەدات، ئاخر ئەگەر ئەمە کەمیی مەعریفی نەبێت، چیە؟ ئایا نوسەر بەمەبەست ئەو چەمکانە تێکەڵ دەکات یان ئاگاداری ئەو هەمو نێوکاری و گورانکاریانەی چەمک و گۆتارەکانی پەیوەست بە کولتورناسی لە ناوەندە کولتوریی و زانستیەکان نیە؟ بۆ نمونە چەند چەمکێکی گشتگیر و قەبەی وەکو کولتور، جوانیی و ناشیرینی لەپاڵ یەکتر ریزکردوە، بێ ئەوەی بۆ خوێنەری شی بکاتەوە، مەبەستی ئەو لە چەمکەکانی کولتور، جوانی و ناشیرینی لەم نوسینەدا چیە؟ نوسەر کولتور بە چی تێگەیشتوە کە ئاوا بچوکی دەکاتەوە بۆ سەر چەند بابەت و کردەیەکی رۆژانە؟ ئاخر ئەگەر ئێستا لە ئینتەرنێتدا بە دوای چەمکی کولتور بگەرێیت، دەیان پێناسە و ناورۆکی جیاجیات دەستدەکەوێت، کە هەر پێناسەیەک بێ وردبونەوی قوڵ لێی، زۆر زەحمەتە بتوانیت لێی تێبگەیت، جا چی بەو ساویلکەیەوە بیکەیتە بنەمای بابەتی نوسینێکی قەبە.
بەمەست بێت یان بێ مەبەست نوسەر لەو "رۆشەنبیرە" - خۆرهەڵاتیانەیە - کە تا ئێستاش لەسەر بنەمای هەمان تێوری بە هەمان پێوەرەکانی سەدەی رابردو درێژە بە دیدی "ئەوانی" ئەوروپی و "ئێمەی" خورهەڵاتی دەدات. بەشێوەیەکی ڕەها و گشتگیر کولتوری خۆرهەڵاتیەکان لەچەند خالێکی دزێو و ناشیرین بچوک دەکاتەوە، تەواوی کولتورەکە جارێک بە فاشیست، جارێک بە بکوژی جوانی ناودەبات. ئەگەر ئەو قسانەی نوسەر بخەیتە بەردەم هەر کولتورناسێک، بێ ئەمڵا و ئەولا نوسەر بە رەگەزپەرست و تێنەگەیشتنیی بۆ چەمکی کولتور تۆمەتبار دەکات.
لە کاتێکدا "ئەوان" بۆ ناشیرینکردنی "ئێمە" ئەو تێوریەیان داهێنا، ئەوا بەشێک لە "ئێمە" بۆ بەردەوامی بەو ناشیرینەیی "ئێمە" لە دیدی ئەوان، هەمان لۆژیک وتێوری پەیرەودەکەین. لەوانیە، بەختیار عەلی پێی وابێت، دیدگای ئەو بۆ خورهەڵات خودیی بێت و هیچ کاریگەریەکی رۆژئاوایی لەسەر نەبێت، بەڵام ئەو کاتێک چەمکی "خۆرهەڵات" بەکاردەهێنی، ئەمە خۆی لە خۆیدا چەمکێکی سیاسی قۆناغی کۆلۆنیالیزمە. ئەو لە کاتێکدا بەزمانی "ئێمە" و "ئەوان" قسە دەکات، ئەوە خۆرهەڵاتی لە ئەوانی تر جیاکردۆتەوە، کە رۆژئاوایا. نوسەر پێی خۆش بێت یان ناخۆش، ئەو لەسەر هەمان رێچکەی ئەوان بەمەستی بەراوردکردنی "ئێمە" و "ئەوان" بە پێوەرەکانی ئەوان (رۆژئاوایەکان) ئەمە دەکات.
هێزە ئەورۆپیەکان بۆ رەوایی دان بە داگیرکاریەکانیان، لەسەرەتای سەدەی پانزەم هەڵسان بە دابەشکردنی دونیا بەسەر "ئێمە" و "ئەوان" و خۆیان لە هەمو جیهان جیاکردەوە. خۆیان کردە "ئێمەی" پێشکەوتو و جوان و"ئەوانی" تریشیان بە دواکەوتو و ناشیرین وێنا کرد. لە رێگەی ئەم تێوریە وێنەی "ئێمەیەکی" خاوەن ئەقل، کولتور و توانا و "ئەوانی تری" کەم ئەقڵ، بێ کولتور و بێ توانایان لە سەرتاسەری جیهان بلاوکردەوە و چەسپاند. هێزە رۆژئاویەکان لە ژێر بەهانەی "پێویستە ئێمە بچین، ئەوان فێری کولتور و ژیان بکەین" زۆربەی وڵاتانی گۆی زەویان داگیرکرد و چەندین ساڵ خێروبێرەکەیان بۆ خۆیان برد، خەڵکەکەیان چەوساندەوە و کولتورەکانیان شێواندن. لەم رێگەیەوە رەوایەتیان دا بە دەیان و سەدان شەڕ و کوشتار و کۆمەلکۆژی.
گەورە نوسەری ئەمەرێکی بەرەگەز فەلەستینی ئێدوارد سەعید بۆ یەکەم جار لە کۆتایی هەفتاکانی سەدەی رابردو، ئەم دیدە رەگەزپەرستیانەی رۆژئاویەکانی بۆ خۆرهەڵات لەبەر یەک هەڵوەشاندەو و خستیە بەر رەخنە. ئێدوارد سەعید لە رێگەی بەلگەی زانستی سەڵماندی کە ئەم وێنە ناشیرینەی خۆرهەڵات دروستکراوی رۆژئاوایەکانە بۆ رەوایی دان بە زۆلم و داگیرکاریەکانیان بۆ سەر خۆرهەڵات. ئەم تێوریەی ئێدوارد سەعید لە ناوەندە زانستیە ئەمریکی و ئەوروپیەکان پێشوازیەکی گەورەی لێکرا و تا ئێستاش وەک یەکێک لە بنەماکانی رەخنەی قۆناغی دوای سەردەمی کۆلۆنیالزم (postcolonialism) سودی لێوەردەگیرێت.
لە کاتێکدا "ئەوان" نەک تەنها پشتیان لەو دیدە رەگەزپەرستیانەیان کردوە، بەلکو کردویانەتە چەقی گوتاری رەخنەیی. لەسەر ئاستەکانی سیاسیی و پەروەردەیی ئەکادیمیی و زانستی و میدیایی هەوڵی راستکردنەوەی دەدەن. بەڵام رۆشەنبیرانی "ئێمە" بە سود وەرگرتن لە ناو و ناونیشانی قەبە، هێشتا بێئاگا لەوهەمو گۆرانکاری و نوێکاری و راستکردنەوەی چەمکی کولتور و گوتارە کولتورناسیەکان بەردەوامن لەسەر هەمان رێچکەی کۆنی "ئەوان" و "ئێمە". بیزانی یان نەیزانی، بینینی کولتوری خۆت، لە روانگەی ئەوانی تر و هەڵسەنگاندنی لە رێگەی چەمکەکانی ئەوان (بۆ نمونە چەمکی فاشیست کە نوسەر زۆر جار بۆ پێناسەی خورهەڵات بەکاری دەهێنێت) بەردەوامی دانە بە هەمان رێچکەی رەگەزپەرستیانە و جیاکاری رۆژئاوا و خۆ بەکەم زانین بەرامبەریان.
رۆژانە چەندان بەراوردی بێ سەروبەر و بێ مانا لە نێوان رۆژئاواو و کوردستان لەلایەن رەوەندی کوردی دەرەوەی وڵات لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان دەبینین کە بەردەوامی دانە بە هەمان ئەو رێچکە و وێنەیەی، کە رۆژئاویەکان بۆ خۆرهەڵاتیەکانیان دروست کردوە. تاکە جیاوازای ئەوان لەگەڵ نوسەر ئەوەیە، ئەوان کەسیان خۆیان بە رۆشەنبیری سەردەم نازانم.