Draw Media

نەوشیروان مستەفا: سێبەری سیاسەت

نەوشیروان مستەفا: سێبەری سیاسەت

2019-05-18 08:56:05


لاوك سەڵاح

پەیڤێک بۆ ساڵیادی:

نەوشیروان مستەفا: سێبەری سیاسەت

کە منداڵ بووم، بەختەوەر بووم، زۆربەی کاتەکانم لە کتێبخانەی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی بەسەر دەبرد، کتێبخانەکە هی ماڵی پورم بوو، لەوێ هەموو گۆڤارە ئەدەبی و سیاسییەکانم بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی دەخوێندەوە، وێنەکان و حیکایەتەکان و شێوازی چاپکردنیان سەرسامیان دەکردم، هەروەها کە گوێم لە دوا هەواڵە سیاسیەکان و شیکردنەوەکان لە لایەن ئەو مامۆستا بەرێزانەوە دەگرد کە رۆژانە دەهاتنە ئەوێ و نوێنەرایەتی چەندان رای جیاوازیان دەکرد، ئەوەندەی دیکە سەرسام دەبووم و پەلکێشیان دەکردم بۆ دونیای کەسە گەورەکان.

بۆ من کتێبخانەی گەلاوێژ یەکێکە لە وێستگە هەرە سەرەکییەکانی ژیانم کە لەوێوە، لەو بانیژەوە، هێدی هێدی هەستم کرد کە کۆمەڵگەی ئێمە پڕە لە ململانێ و ناکۆکی، هەندێکیان کۆڵەکەکانی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و هەندێکیان پر وەهمن. هەر لەوێوە ئاشنای ئەو کەسانە بووم کە نوێنەرایەتی بەرژوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کەلتووری جیاوازیان دەکرد، ئاشنای شێوازی نوێنەرایەتیکردنەکەیان و رێبازە سیاسیەکانیان و هەروەها مێژووی کەسە سیاسییەکانیش بووم.

لەو کاتەوە تا ئەم ساڵانەی دوایی، بەتایبەتی لە ٢٠١١ و تا دوا ساتەکانی تەمەنی، کە ئاشنایەتیم لەگەڵ رەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا دروست بوو، ئەو تەنها سیاسی بوو توانی ئەو سەرسامییەی کە لە وێستگەیەکی ژیانمدا هەمبوو زیندوو بکاتەوە و بەردەوامی پێ ببەخشێت.

من کەسێکی سیاسی نیم و هەرگیز لە کایەی سیاسەتدا کارم نەکردووە و زۆر سەر لە ململانێ سیاسیە لۆکەڵییەکان دەرناکەم! هەندێ لە هاورێکانم دەڵێن کەڵێنێک لە نێوان تۆ و ئەم ژینگەیەدا هەیە، ئەوەی تۆ دەیڵێت و دەتەوێت ببێت لەم ساتەدا نایەتە دی، هەر بۆیە گومانم نییە کە هەردووکمان من و ژینگەکەم ناکۆکیین! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ٣٠ ساڵی تەمەنم بۆ کاروباری رێکخراو و پرۆگرامی مرۆیی و کۆمەڵگە بەسەربردووە، دونیایەک خەڵکی بێگانە و نیشتمانیم لە ژیانمدا بەهۆی کارەکانمەوە لەسەر هەموو ئاستەکان ناسیووە، مێژوویان و پیشەیان و تەنانەت سروشتی کەسایەتیان، ئەو ئەزموونە یارمەتیم دەدات، بەشی خۆم، کەسی خوێنەواری راستەقینە بناسمەوە، خاوەن پرۆژە لە کەسی دیکە جیا بکەمەوە، خاوەن دیدی سیاسی و حکومی و پیشەیی و تەنانەت تا رادەیەک ئەدەبیش بناسمەوە. هەر بۆیە ئەو ئەزموونە یارمەتیم دەدا لە کوێدا و لە چ خانەیەکدا نەوشیروان مستەفا شایستانە ریزبەند و پۆلین بکەم.

لەسەر هەر مەسەلەیەک سەبارەت بە مێژووی سیاسی و ئەدەبی و رۆژنامەنووسی و تەنانەت کەسایەتی کاک نەوشیروان مستەفا جیاواز و ناکۆک بووبین، هەمیشە لەسەر توانا و تێگەیشتن و ئاستی باڵای کارکردنی ئەو کۆک بووین. هیچ سیاسییەکی ئەو نەوەیەم نەدیووە ئەوەندەی ئەو توانای پێداچوونەوەی بە مێژووی خۆی و هەڵەکانی خۆی و ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵگەکەی هەبووبێت، هەروەک چۆن کاک شێرکۆ بێکەس بۆ دونیای ئەدەبی ئێمە لە نەوەی خۆی جیاوازە، بەهەمان شێوە و زیاتر نەوشیروان مستەفا خاوەنی شوناسێک و پرۆژەیەکی جیاوازە لە نەوەی خۆی کە تا چەندان ساڵی دیکە دەبێتە سێبەری ناو دونیای سیاسەتی ئێمە. ئەو کوردناس بوو، بۆ ئەو مێژوو و کارەساتە سیاسییەکان ببوونە چەتر و سێبەری رەفتاری سیاسی و ئیلهامی ئیدارەدانی پارتی سیاسی و کۆمەڵگە بە شێوەیەکی گشتی.

هەر هەوڵدان بۆ نووسینەوەی رووداو و کارەساتە سیاسی و مێژووییەکان خۆی لە خۆیدا دروستکردنی گۆرانکارییە لە شێوازی گێرانەوەی شەفەی و زارەکی مێژوو بۆ گێرانەوی مێژوو بە رێگای تۆمارکردن و نووسینەوەی، کە ئەمە لەراستیدا ئەرکی مێژوونووسە ئەکادیمییەکانە. ئەمە کارێکی هەر وا ئاسان نییە بۆ کەسێک کە بەشێکی گرنگی رووداوەکان بووبێت و هەمیشە لە ژێر فشارە جیاوازەکاندا بووبێت و لە ژینگەیەکدا ئەم کارەی ئەنجام دابێت کە هەرگیز یارمەتیدەر نەبووە، ژینگەیەک پر مەترسی بەردەوام و نەبوونی بەردەوام و ململانێی سیاسی سەختی بەردەوام لە ناوەوەی پارتە سیاسییەکەی کە کاری تیاکردووە و لە دەرەوەی پارتەکە خۆشی. سەرنج بدە کامیان لەو برادەرانەی خۆی کە هەمووشیان خوێندەوار بوون ئەم کارەیان بەو شێوەیە ئەنجامداوە.

لەو خاڵانەی دیکە کە جێگای تێرامان و سەرنجە، کاک نەوشیروان لەو کەسە دەگمەنانە بووە کە توانی لە پاش راپەرین و هاتنە ناو شارەکانەوە خیتابی سیاسی و بەهای سیاسی و تەنانەت رەفتاری سیاسی خۆی پەرە پێبدات و فراوانتر بکات بە جۆرێک پرۆژەیەکی پر مەترسی بێنێتە کایەوە کە بەرامبەر مێژووی کۆمەڵگەکەی دەوەستێتەوە و دەخوازێت ببێتە سەرەتای پرۆژەیەکی مەدەنی بۆ ئاییندە. ئەم وەچەرخانە بە دەگمەن لە مێژووی نەتەوەکاندا روودەدەن. ئەو وەک ئەوانی دیکە کۆڵەکەکانی ناو کۆمەڵگەکەی خۆی بۆ مەرامی سیاسی بەکار نەهێنا، ئەو دەستکاری ئەو کۆڵەکانەی کرد بۆ ئەوەی ئامانجی سیاسی فراوانتر بێت تا زیاتر رەوایەتی بەکاری سیاسی بدرێت.

هەر بۆیە تا چەندان ساڵی دیکە نەوشیروان مستەفا وەک سێبەری سیاسەت دەمێنێتەوە.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand