ئایا كاریزمای نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كه‌وێت؟
2019-05-17 19:16:14
ئومێد قه‌ره‌داخی
نه‌وشیروان مسته‌فا یه‌كێك له ره‌مزه گه‌وره‌كانی شۆرشی كورد ، هێمایه‌كی به‌رجه‌سته‌ی پابه‌ندبوون به پره‌نسیپ و به‌هاكانه‌وه، به‌لای منه‌وه نه‌وشیروان مسته‌فا جه‌نگاوه‌رێكی هه‌میشه‌یی بوو بۆ ئازادی، ئه‌و له هه‌رشوێنێك بوبێت، ئه‌و شوێنه گۆره‌پانی ململانێ و به‌ره‌نگاری بوه له پێناو ئازادی و كه‌رامه‌تی ئینساندا، هه‌موو كاتێك بۆ ئه‌و كاتی ده‌ستپێك بوه و ئه‌و هه‌میشه روو له ئایینده بوو، ئه‌مه ره‌نگه جه‌وهه‌ریترین خاڵێك بێت له پراكتیكی سیاسی نه‌وشیروان مسته‌فادا، لای ئه‌و هیچ كاتێك دره‌نگ نه‌بوو بۆ ده‌ستپێكردن، ئه‌م جه‌نگاوه‌ره‌ی ئازادی دوو ساڵ به‌رله‌ئێستا كۆچیدوایی كرد، دوای خۆی هه‌م كه‌له‌پورێكی سیاسی ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌م بوونێكی كاریزمایی گه‌وره‌ی له نێو سیاسه‌ت و شۆرشدا به‌جیهێشت، به بروای من له‌یه‌كه‌م ساتی وه‌فاتیه‌وه كه‌له‌پووری سیاسی و پێگه‌ی رۆحی و كاریزمایی نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌وته به‌رده‌م مه‌ترسی ، له‌وكاته‌شدا من نوسیوم ؛ مه‌ترسی راسته‌قینه له‌سه‌ر پێگه‌ی كاریزمایی و رۆحی ئه‌و له نێو ژیانی سیاسی كوردستاندا ، دوژمنه‌كانی نین به‌ڵكو دۆستهكانین ، دژه‌كانی نین به‌ڵكو هاورێكانین، نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌رگیز له ده‌ره‌وه لێینادری، هیچ هێزێكی ده‌ره‌وه ناتوانێت نه‌وشیروان مسته‌فا بخات، هه‌میشه په‌لاماره‌كانی ده‌ره‌وه ئه‌و به‌هێز ئه‌كات ، به‌ڵام به ساده‌ترین لێدانه‌كانی ناوه‌وه ئه‌روخێت، با سه‌رنج بده‌ین ، به‌عس به هه‌موو جه‌به‌رووتی سیاسی و ئه‌منی خۆیه‌وه دژی نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ستایه‌وه و دادگاكه‌ی چه‌ندین جار بریاری له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌ركرد، به‌ڵام نه‌یتوانی نه پێگه‌ی ئه‌و له ژیانی سیاسی و نه كاریزماییه‌كه‌ی كه‌م بكاته‌وه، كاتێكیش دادگایه‌ك له هه‌ولێره‌وه و به تۆمه‌تی تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی بریاری ده‌ستگیركردنی ده‌ركرد، ئه‌م بریاره نه‌وشیروان و پێگه سیاسیه‌كه‌ی لاواز نه‌كرد ، به‌ڵكو ئه‌و بریاره خودی دادگاكه‌ی شه‌رمه‌زاركرد و بۆ هه‌تا هه‌تایه ئه‌و دادگایه و دادوه‌ره‌كه‌ی وه‌ك ره‌مزی نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی دادگا و به‌كارهێنانی دادگا له ته‌سفیه‌ی حساباتی سیاسی‌دا ئه‌مینیته‌وه ، به‌ڵام له ناوه‌وه بنكۆڵكردنێكی به‌رده‌وام هه‌یه و سات له‌دوای سات ئه‌مانخاته به‌رده‌م ئه‌گه‌ری كه‌وتنی كاریزما و پێگه‌ی رووحی نه‌وشیروان مسته‌فا .
سیاسه‌ت وه‌ك بیناكردنێكی مه‌ده‌نی یان گه‌رانه‌وه بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی خوێن و ده‌مار.
راسته‌وخۆ دوایی كۆچیدوایی نه‌وشیروان مسته‌فا تێكرای مۆڵكه‌كانی گویزرایه‌وه بۆ كوره‌كانی ، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا گردی زه‌رگه‌ته و میدیای بزووتنه‌وه‌كه و گه‌لێك موڵكی گرنگی بوو به مۆڵكی تایبه‌تی كوره‌كانی ، دواتریش ( وه‌ك له هه‌ندیك سه‌رچاوه‌ی تایبه‌تییه‌وه ته‌ئكیدم كردۆته‌وه) كوره‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا به پشت به‌ستن به‌م مۆڵكه و به‌و پاوه‌ر و هێزه‌ی له باوكیانه‌وه وه‌ری ئه‌گرن هه‌وڵی به‌هێزكردنی هه‌ژموون و پێگه‌ی خۆیانداوه ،هه‌وڵیانداوه ببنه مه‌رجه‌عێكی گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ بزووتنه‌وه سیاسیه‌كه، جگه له‌مانه جیاكاریشیان كردوه به‌رانبه‌ر به‌وانه‌ی خزمه‌ت به هه‌ژموون و پێگه‌ی ئه‌وان ناكه‌ن، ئه‌م ره‌فتاره له راستیدا له دوو ئاستی سه‌ره‌كیدا پێگه‌ی رۆحی و كاریزمایی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌خاته به‌رده‌م مه‌ترسی جددی
ئاستی یه‌كه‌میان بریتیه له گه‌رانه‌وه‌یه‌كی مه‌ترسیدار بۆ به خێزانیكردن و به ویراسهتكردنی سیاسه‌ت، لێدان له مه‌فهومی حزب وه‌ك رێكخراوێك كه دام و ده‌زگای په‌سه‌ندكراو به‌رێوه‌ی ئه‌به‌ن و به‌رهه‌می ئیراده‌ی هاوبه‌شی ئه‌ندامه‌كانیانه ، لێدانه له مه‌فهومی دیموكراتیزه‌ی ژیانی سیاسی و گه‌رانه‌وه‌یه بۆ ستایلی رۆژهه‌ڵاتی له به‌رێوه‌بردنی سیاسه‌تدا كه بنچینه‌كه‌ی له‌سه‌ر نزیكایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆین دامه‌زراوه ، خوێنی سه‌رۆك له ده‌ماره‌كانی كوردایه هه‌ربۆیه كوریش مایه‌ی قبوڵكردن و سه‌رۆكایه‌تیه ، ئه‌م پرۆسه‌یه لێدانێكی ته‌واو كوشنده بوو له هزر و كه‌له‌پووری سیاسی نه‌وشیروان مسته‌فا ، كه جوههرهكهی وه‌ستانه‌وه‌یه به رووی به‌خێزانیكردنی سیاسه‌ت،بیناكردنی سیاسه‌ته له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی مه‌ده‌نی و به دوور له په‌یوه‌ندییه‌كانی خوین و خێزان و بنه‌ماڵه، دژایه‌تیكردنی ته‌وریسی سیاسیه، هه‌ربۆیه هیچ لێدانێك به‌قه‌د به‌خێزانیكردنی سیاسیه‌ت لێدانێكی قورس نیه له كه‌له‌پوور و پێگه‌ی كاریزمایی نه‌وشیروان مسته‌فا، ئه‌وه‌ی له‌م پرسه‌شدا سه‌رنجی ئه‌خرێته به ته‌نها سیاسه‌ت نیه دوای نه‌وشیروان مسته‌فا ، به‌ڵكو پرسیاره‌كان له بوونی ئه‌ویشدان ،ئایا به‌راست ئه‌و خۆی به ویستی گردی زه‌رگه‌ته و تێكرای مۆڵكه‌كانی بگوزیرینهوه بۆ كوره‌كانی تا هه‌ژموونی سیاسی په‌یدا بكه‌ن ؟ئه‌گه‌ر به‌راستی دژی به خێزانیكردنی سیاسه‌ت و تێپه‌راندنی په‌یوه‌ندییه‌كانی خوێن و خێزان بوو له سیاسه‌تدا بۆچی چاره‌سه‌رێكی گونجاوی بۆ پرسی مه‌رجه‌عیه‌تی سیاسی گۆران و گواستنه‌وه‌ی مۆڵكهكان نه‌دۆزییه‌وه ؟ئاسان نییه مرۆڤ باوه‌ر بكات كه نه‌وشیروان مسته‌فا دژی به‌ها و پره‌نسیپه‌كانی خۆی بوو له به‌مه‌ده‌نیكردنی سیاسه‌ت و له‌ژێره‌وه كاری بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات كردوه بۆ كوره‌كانی ، ئاسانیش مرۆڤ باوه‌ر به‌وه بكات هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی رویاندا بێ ویست و خواستی ئه‌و بوون ، به‌تایبه‌ت ئه‌و چه‌ندین ساڵ كاتی له‌به‌رده‌ستدا بوه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه ، هه‌رچۆنێك بێت بنكۆڵكردنی ئه‌م پرسه ئه‌شێت كاری توێژه‌رانی جدیی بن و له‌داهاتوودا كاتی خۆیانی بۆ ته‌رخان بكه‌ن و به‌دوایدا بچن
ئاستی دوه‌میش: تاپۆكردنی گردی زه‌رگه‌ته ، تاپۆكردنی مۆلكێكی گشتیه بۆ سه‌ر مۆڵكێكی تایبه‌تی، گردی زه‌رگه‌ته مۆڵكی گشتیه و گوێزانه‌وه‌ی بۆسه‌ر مۆڵكداری تایبه‌تی ، هه‌مان ئه‌و رێگایه‌یه كه سه‌دان هه‌زار دۆنم مۆڵكی گشتی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه خراوه‌ته سه‌ر حسابی مۆڵكداری تایبه‌تی و به هه‌مان ئه‌ندازه ره‌وایه‌تی هه‌یه ، ئه‌مه‌ش لێدانێكی قورسه له‌و پره‌نسیپانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌ندێشه‌ی سیاسی خۆی له‌سه‌ر بینا كردبوو، له هه‌لومه‌رجێكی له‌م شێوه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی زه‌بری توندی به‌ر ئه‌كه‌وێت بزووتنه‌وه سیاسیه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا نیه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی خودی نه‌وشیروان مسته‌فا و پێگه و روحی كاریزماییهكهیهتی، تاپۆكردنی گردی زه‌رگه‌ته و كردنی به مۆڵكی تایبه‌تی ، ته‌نها وه‌ك خه‌ون و هه‌ڵه‌ی كوره‌كان لێكنادرێته‌وه، ته‌نها وه‌ك مانه‌وه‌ی ئاسایی میراتی باوك بۆ نه‌وه‌كان سه‌یر ناكرێت به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك پرسیاری جه‌وهه‌ری به‌ده‌وری خودی نه‌وشیرواندا مسته‌فادا دروست ئه‌كات ، له‌لایه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا خۆی پێش هه‌موو كه‌س زانیویه‌تی ئه‌و موڵگانه به‌تایبه‌ت گردی زه‌رگه‌ته مۆڵكی گشتیه ، ئه‌و وه‌ك پیاوێكی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و وه‌ك جێگری سكرتێری گشتی ئه‌و مافه‌ی پێدراوه موڵكه‌كه‌ی له‌سه‌ر تاپۆ بكرێت ، بۆیه مۆڵكی ئه‌و نیه ، ئه‌ی كه‌واته بۆچی رێگایدا ئه‌م مۆڵكانه راسته‌وخۆ بگوازرێته‌وه بۆ نه‌وه‌كانی ؟ ئه‌م پرسیاره دیسانه‌وه جێگای مشتومڕه ، ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا مه‌به‌ستی بوبێت دارایی و مۆڵكێكی زۆر بۆ كوره‌كانی جێبهێڵێت ، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه به‌درێژایی ساڵانێك له‌ناو یه‌كێتیدا ئه‌یتوانی ببێت به خاوه‌نی چه‌ندان هێنده مۆڵك له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و به بێ كیشه له‌سه‌ر كوره‌كانی تاپۆی بكات ، ئه‌ی كه‌واته بۆ ئه‌مه‌یكرد؟ ئایا له كۆتایی ته‌مه‌نیدا له‌پره‌نسیپه‌كانی خۆی لایداوه و به‌لایه‌وه گرنگ بوه مۆڵك و ماڵێك بۆ كوره‌كانی جیبهێلێت تا داهاتووی خۆیانی له‌سه‌ر دروست بكه‌ن ؟ یان ئه‌مانه هیچیان نه‌بوه و له‌بنه‌ره‌تدا نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ستێكی ئه‌مینی له گۆران‌دا شك نه‌بردوه تا گرده‌كه‌ی ته‌سلیم بكات بۆیه تا كۆتایی كێشه‌ی مۆڵكداری گرده‌كه‌ی به چاره‌سه‌رنه‌كراوی هێشته‌وه ؟ ئه‌مانه و زۆر پرسیاری تر ، ده‌ستكه‌وتنی وه‌ڵامێكی بنبڕ بۆ پرسیاره‌كان ره‌نگه كارێكی ئاسان نه‌بێت، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م پرسیارانه كاریزما و پێگه‌ی ئه‌و ئه‌خاته به‌رده‌م گومانی گه‌وره.
دیموكراتیزه‌ی ژیانی سیاسی بێ دروستكردنی دام و ده‌زگای دیموكراسی
دوای تێپه‌رینی ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌سه‌ر وه‌فاتی نه‌وشیروان مسته‌فادا ،خانه‌ی راپه‌راندن پێكهات ، پیكهاتنێك كه شه‌پۆلێكی گه‌وره‌یی ناڕه‌زایی به‌دوای خۆیدا هێنا ، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له سێ خاڵی سه‌ره‌كیدا پێكهاتنی ئه‌و خانه‌یه ئیشكالی گه‌وره‌ی هه‌بوو ، یه‌كه‌م : ئه‌و خانه‌یه هیچ ژنێكی له خۆ نه‌گرت ، دوه‌م : ئه‌و خانه‌یه هیچ گه‌نجێكی له خۆ نه‌گرت، سێیه‌م : ئه‌و هه‌ڵبژاردنه شانس و ده‌رفه‌تی یه‌كسانی بۆ خۆپالاوتن و كێبركی نهرهخساندو و پتر رێكه‌وتنێكی پیشوه‌خت بوو ، پێكهاتنی بالاترین ده‌زگای سیاسی به‌و سروشت و هه‌نگاوانه‌وه ،توشبوون بوو به نه‌خوشیه كوشنده‌كه‌ی حزبی كوردی ئه‌ویش قۆرخكاری سیاسی ، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین لێدانی كوشنده‌بوو له دیموكراتیزه‌كردنی ژیانی سیاسی ناوخۆیی حزب و ره‌خساندنی هه‌لومه‌رجی قۆرخكاری له دروستكردنی بریاری سیاسی و به‌خشینه‌وه‌ی پۆست و پێگه و ئیمتیازات، ئه‌م روداوه له كاتێكدا بوو كه شاده‌ماری بزووتنه‌وه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا دیموكراتیزه‌ی ناوخۆ و ره‌تكردنه‌وه‌ی قۆرخكاری بوو، راسته ئه‌وه هه‌نگاوی هاورێكانی بوو دوای كۆچیداویی ئه‌و ، به‌ڵام جێگای پرسیاره بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی هێنده بێ دام و ده‌زگا و بێ چوارچێوه‌ی یاسایی مه‌حكه‌م بێت له كه‌مترین ماوه‌دا گه‌وره‌ترین كۆدیتا به‌سه‌ر دروستكردنی بریار و دامه‌زراوه‌ی سیاسی‌دا رووبدات ، پره‌نسیپی به‌شداری گه‌نج و ژن وه‌لابنرێ، هه‌ڵبژاردن له مانا راسته‌قینه‌كه‌ی خاڵی بكرێته‌وه و له‌جیاتی ئیراده‌ی ئازادانه‌ی ئه‌ندامان ببێت به ئه‌نجامی هه‌ژموونی ته‌كه‌توله‌كان، ئه‌مه له كاتێكدا به‌درێژایی ته‌مه‌نی بزووتنه‌وه‌ی گۆران ، خودی نه‌وشیروان مسته‌فا قسه‌ی یه‌كه‌م و كۆتایی بزووتنه‌وه‌ی كردوه، ئایا ئیمكانی ئه‌وه‌ی نه‌بوه له رێگای كۆمه‌ڵێك میكانیزمه‌وه، له‌رێگای ژماره‌یه‌ك دام و ده‌زگا و چوارچێوه‌ی سیاسیه‌وه ، فه‌راهه‌می ژیانێكی دیموكراتیانه له‌نێوخۆی حزبدا بكات ، رێگری بكات له دروستبوونه‌وه‌ی قۆرخكاری و خۆسهپاندان به‌سه‌ر بریاری سیاسی‌دا ؟ یاخود نه‌وشیروان مسته‌فاش وه‌ك سیاسیه‌كانی پێشتر پێیان گرنگ بوه هاوسه‌نگی به‌رژه‌وه‌ندی و خواستی سیاسیه‌كان رابگری و خۆی و حزبه‌كه‌ی پێبههێز بكات بێ له‌به‌رچاوگرتنی بایه‌خی دیموكراسی و ئایندهی سه‌قامگیری له‌ناو حزبدا؟ چون ئه‌كرێت بێ جێگیركردنی كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ له چوارچێوه‌ی سیاسی تۆكمه و به‌هێزدا بینای هێزێكی سیاسی بكرێت كه بتوانێ قۆرخكاری تیایدا روونه‌دات و بۆ ئایینده‌ش بمێنێته‌وه؟ ئه‌مانه بۆ نه‌كرا له‌سه‌رده‌مێكدا كه ئه‌توانرا بكرێت؟
به‌رپاكردنی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یان پیشه‌سازی دروستكردنی ئه‌ریستۆكراتیه‌تی حزبی
له كوردستانی عێراقدا ، سیاسه‌ت له جیاتی ئه‌وه‌ی ئامرازی چاكه‌ی گشتی بێت، ئامرازی بیناكردن و گۆرینی ئیجابیانه‌ی كۆمه‌ڵگا بێت، ئامرازی خۆشگوزه‌رانی كۆمه‌ڵگا بێت، ئامرازی خۆشگوزه‌رانی بكه‌ره سیاسیه‌كان خۆیانه ، له جیاتی ئه‌وه‌ی كار له‌سه‌ر فراوانكردنی چینی ناوه‌ند بكات كاری له‌سه‌ر دروستبوونی چینێكی ئه‌ریستۆكراتیه‌تی حزبی كردۆته‌وه ، ئه‌میش له دوو رێگای سه‌ره‌كییه‌وه ، یه‌كه‌میان له رێگای مووچه‌یه‌كی زه‌به‌لاحه‌وه كه به‌خشراوه به پله تایبه‌ته‌كان له په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و تێكرای پله‌كانی تر ،له میانه‌ی زینجیرهیهك هه‌ڵبژاردن و كابینه‌ی حكومه‌تدا هه‌زاران بكه‌ری سیاسی له كوردستاندا گه‌یشتن به‌م پله‌یه ، ئه‌مه به تێكرا چینێكی ئهریستۆكراتیان دروستكردوه ،دوه‌میشیان : له رێگای ده‌ستوه‌ردان له بازار و چالاكیه ئابورییه‌كانه‌وه
له‌م پرسه‌دا ، بزووتنه‌وه‌ی گۆران به ته‌واوی بزووتنه‌وه‌یه‌ك بوو به‌شداریكرد له دروستكردنی ئه‌م ئهریستۆكراتیهته حزبیه‌دا ، هه‌موو ئه‌وانه‌ی به نوێنه‌رایه‌تی گۆران چوونه نێو په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه، به‌ته‌واوی موسته‌فید بوون له هه‌موو ئیمتیازه‌كانی ده‌سه‌ڵات ، دواتریش تێكرا خانهنشییان قبوڵكردوه ، ئه‌مه‌ش به بروای من مه‌فهومی نوێنه‌رایه‌تیكردن و پاراستنی چاكه‌ی گشتی و به‌رپاكردنی دادپه‌روه‌ری ئه‌كاته نوكته‌یه‌ك و هیچی تر ، فه‌رمانبه‌رێكی ئاسایی ده‌وڵه‌ت به‌درێژایی چل ساڵ خزمه‌تكردن كه‌متر له نیو ملیۆن دیناری عێراقی خانه‌نشینی وه‌ر ئه‌گرێت، له كاتێكدا پله تایبه‌تێك ته‌نها به چوارساڵ خزمه‌ت زیاتر له‌شه‌ش ملیۆن خانه‌نشینی وه‌ر ئه‌گرێت، ئه‌مه‌ش شتێكه سیاسه‌ت ئه‌كاته ئامرازی خۆشگوزه‌رانی گروپێك نه‌ك خۆشگوزه‌رانی كۆمه‌ڵگا، له هه‌موو ئه‌و قسه‌وباسانه‌ی سه‌باره‌ت به پێگه‌ی كاریزمایی نه‌وشیروان مسته‌فا دێته ئاراوه، ئه‌و پرسیاره له زهنی هه‌مواندا دێت و ئه‌چێ، بۆچی له بنه‌ره‌ته‌وه و به كرده‌وه ئه‌م مشه‌خۆرییه‌ی بنبڕ نه‌كردوه ، رێگایداوه نوێنه‌ره‌كانی به‌شێك بن له‌و ئاراسته باڵاده‌سته‌ی كه هه‌یه، هه‌موویان مووچه‌ی قه‌به و خانه‌نشینی وه‌ربگرن ، چۆن ئه‌توانین باس له خه‌ونی عه‌داله‌تخوازی و فراوانكردنی چینی ناوه‌ند بكه‌ین له كاتێكدا مووچه‌ی خانه‌نشینی وه‌زیرێك ده هێنده‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رێك بێت كه له ده‌وامدایه،ئه‌مه سیستمه به‌رهه‌می جۆرێكه له بیركردنه‌وه كه موڵكی گشتی و داهاتی نیشتیمانی وه‌ك غه‌نیمه‌ت ئه‌بینیت، وه‌ك چۆن جه‌نگاوه‌ری سه‌ركه‌وتوو مافی ئه‌وه‌یه وه‌ك به‌رهه‌می سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی پاره و ده‌سكه‌وتێكی زۆر(غه‌نیمه‌ت) ده‌ست بكه‌وێت، ئاواش كاتێك كاندیدێك سه‌ر ئه‌كه‌وێت به هه‌مان لوجیك ده‌ستی ئه‌گاته سامان و داراییه‌كی زۆر له مۆڵك و داهاتی گشتی ، ئه‌مه لوجیكی ئابووری غه‌نیمه‌ته نه‌ك ئابوورییه‌كی نیشتیمانی پشتبه‌ستوو به كار و به‌رهه‌م، هه‌ربۆیه سیستمێكی له‌مشێوه‌یه و قبوڵكردنی له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فاوه سه‌یره و جێگای پرسیاره ، لانیكه‌م بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌ك كاندیدی نه‌وشیروان مسته‌فا و بزووتنه‌وه‌كه‌ی ده‌بنه بكه‌ری سیاسی و خاوه‌ن پێگه ،ئایا نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌یتوانیوه سنوور بۆ هه‌موو ئه‌مانه دابنێت و بڵێت ستۆپ ؟ یان بۆ رامهێنانی كه‌سه‌كان و رێگری له یاخبونیان قبوڵی كردوه ؟ یان له بنه‌ره‌ته‌وه ئه‌و سیستمه‌ی به مافێكی ره‌وا زانیوه و وه‌ك یه‌كێك له‌به‌رهه‌مه سروشتیه‌كان پێگه‌و ده‌سه‌ڵات سه‌یر كردوه ؟
سیستمی په‌رله‌مانی یان سوڵتانی نێو په‌رله‌مان
دواین وێستگه‌ش له پراكتیكی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی گۆران ،رێكه‌وتنامه‌ی كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه ، له‌م كاراكردنهوهیهدا سه‌رۆكێك هه‌ڵده‌بژرێت كه ده‌سه‌ڵاتی له ده‌سه‌ڵاتی سیستمه سه‌رۆكایه‌تیه‌كان زیاتره ، به‌م ده‌سه‌ڵاته زۆر و زهبهندهشهوه په‌رله‌مان ناتوانێت لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات ، به‌مه‌ش سه‌رۆك له جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بێت سوڵتانێكی سیاسیه و له‌په‌رله‌مانه‌وه و به پشتیوانی گۆران ده‌ستبه‌كار ئه‌بێت، ئه‌ندازیارانی ئه‌م رێكه‌وتنه شه‌رم له‌وه ناكه‌ن ئه‌مه به ده‌ستكه‌وت و به دروستكردنی سیستمی په‌رله‌مانی له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن ، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی به ته‌واوی روونه ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك ده‌سه‌ڵاتی زۆر كارا و كاریگه‌رن و ، هیچ نرخێكیش بۆ په‌رله‌مان وه‌ك ده‌زگای چاودێریكردن دانه‌نراوه ، هه‌لومه‌رجێكی له‌مشێوه‌یه ته‌نها تۆماركردنی شكستێكی قورس نیه ، به‌ڵكو پاشه‌كشه‌یه‌كی جدیه له پره‌نسیپ
پاشهكسه له پره‌نسیپ كایه‌ی سیاسه‌تی كوردی گرتۆته‌وه ، هۆكاری ئه‌مه‌ش نه‌بوونی په‌روه‌رده‌یه‌كی سیاسییه كه توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت جۆرێكی نوێ له كادر و سه‌ركرده‌ی سیاسی بخاته گۆڕه‌پانی سیاسه‌ته‌وه ،ئه‌م قسه‌یه بۆ بزووتنه‌وه گۆران و تێكرای هێزه‌كان له كوردستانی عێراقدا راست و دروسته ، ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی دیكه بتوانن له رێگای پاره و پاوه‌ره‌وه ئه‌ندامی خۆیان له هه‌ڵگه‌رانه‌وه بپارێزن ئه‌وا ئه‌م بزووتنه‌وه نه‌یتوانی ئه‌مةش بكات و چه‌ندین نموونه له سه‌ركرده و كاربه‌ده‌ستی باڵایان هه‌ن كه چوونه‌ته به‌ره‌ی نه‌یاره‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فاوه ، ئه‌مه‌ش ته‌عبیر له نه‌بوونی په‌روه‌رده و هه‌ره‌مه‌كیه‌ت ئه‌كات له جه‌وهه‌ری بوونی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا