نەوشیروان مستەفا ، چارەسەرە
2019-05-17 17:43:38
هۆشیار عەبدوڵا
گونجایشی جەلالی خەیاڵی ئەوم لە دڵ
جێبونەوەی سەمایە لەیەک دانە کونجوودا.. (مەحوی)
تۆ ؛هەمو ژیانت ..
هەمو هیوا و تێکۆشانت بۆ دونیایەکی جوانتر بوو..
هەمو خەبات و هەوڵت بۆ نیشتیمانێکی ئاوەدان و
هاونیشتیمانیەکی سەربەز و ئاسودە بوو ..
کەچی ؛
دو ساڵە لێرە نیت ، تەنها دو ساڵ
ئێرە پڕ پڕ بوە لە ناشرین و ناشرینی لە بەد و بەدکار، نیشتیمان لە هەمو کات زیاتر روەو تاریکی و خەڵکەکەشی لە هەمو کات زیاتر بێ ئومێدن لە سیاسەت و لە گۆڕانکاری.
لە دوایی تۆ بە خێرایی هەمو شتێ رەو دزێوی رۆشت..
یەک ریز هەڵەی کوشندەیی نیشتیمانیی وەک مۆتەکە دابارینە سەر هەرێم و خەڵک و خاکەکەی ، ئەم دو ساڵە دەریخست تۆ چ تەیمان و سوپەرێک بویت بۆ رێگری لە هەڵەی گەورە و ستراتیژی .
بەڵام خۆت گوتەنی ((لە هیچ دۆخێکا نابێت خەڵک بێ ئومێد بێت)) ، یادی تۆ ، فکری تۆ ، هەمیشە بۆ زیندو راگرتنی ئومێدە ، دیمەنەکە چەند ئاڵۆز بێت نابێ بێهیوایی جێگەی هیوا بگرێتەوە ، ئەوە بەشێکە لەو سەرمایە رەمزیە گەورەیەی فکری تۆ کە بۆ هاونیشتیمانیانت جێهێشتوە ، تۆ وەک ئەندازیاری ئومێد قەت بێئومێد نەبویت و دەبێت ئێمەش هەروابین.
بۆ چارەسەری دۆخیی گشتی نیشتیمان..
بۆ گێرانەوەی ئەخلاق بۆ سیاسەت و حوکمڕانی..
بۆ گێرانەوەی پەیوەندی تەندروستی نێوان (گۆڕان)و (یەکێتی) وەک زەرورەتێکی گرنگی حوکمرانی و ئاوەدانی ..
بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی لە دامەزراوە نیشتیمانیەکانی (پەرلەمان و دادوەری و حکومەت) .
بۆ دەستگرتن بە یەکریزی نیشتیمانی راستەقینەوە لەنێوان تێکرای هێزەکاندا ..
بۆ ناوخۆی دژواری ئێستای گۆڕان و چارەسەری کێشەکانی ؛
تەنها ؛
فکر و بەرنامە و تێگەیشتنەکانی نەوشیروان مستەفا،چارەسەرە.
کە بە دەنگ و رەنگ و نوسین و وتار و کتێب زیندون و لە ناوماندان هەمو دەتوانین لێیانەوە بەهرەمەند بین.
بۆ گریەیی تۆ رەنگە منیش هێندە بگرێیم
گەوهەر بڕژێنین بە بوڵندی قەد و باڵات
لاکین ئەمە دونیایە ، گەهێ سوورە ، گەهێ شین
((لا یسأل من عاش ، و من مات ، و من فات )) (نالی)