Draw Media

سه‌رده‌می مراجه‌عه‌ت  ( له‌ یادی كۆچ كردنی كاك نه‌وشیروان)

سه‌رده‌می مراجه‌عه‌ت  ( له‌ یادی كۆچ كردنی كاك نه‌وشیروان)

2019-05-17 10:32:54



كامەران وریا قانع

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ دوای كۆچی كاك نه‌وشیروان،تووشی لێكترازانێكی گه‌وره‌ بوه‌. له‌ كاتێك ئه‌و دوو ڕێكخراوه‌ی كه‌ بۆ به‌دیلی ئه‌م دروست كران ( هاوپه‌یمانی و نه‌وه‌ی نوێ) به‌جۆرێك هه‌ره‌سیان هێنا وه‌كو ئه‌وه‌ی ماوه‌ی به‌سه‌رچوویان ( ئێكسپایه‌ر) هاتبێت. ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌كه‌ غه‌درێكی گه‌وره‌ له‌ یه‌كدی ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی نارازین و ئه‌وانه‌ی رازین به‌ دۆخی ئێستای بزووتنه‌وه‌كه‌. هه‌موو كێشه‌كه‌ش خۆی له‌ متمانه‌ ده‌بینێته‌وه‌. ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ بچوك بونه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردی به‌و هه‌موو كێشه‌ جیدیانه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی پیشت گوێ خستوه‌، هاتوون باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن فڵانه‌ رۆژ رێكخه‌ر چۆن نانی خواردوه‌! یاخو فڵان و فیسار كه‌س كامیان گۆڕانی عیار 24 ن ‌. كێشه‌ی كورد به‌ گشتی و گۆڕان به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌یه‌ فێر نه‌بووین ده‌رفه‌ت به‌ به‌رامبه‌ر بده‌ین، یان قسه‌ی من یان ئه‌رۆمه‌وه‌ ماڵه‌وه. ئه‌گه‌ر توزێك دور بكه‌ویته‌وه‌ و ته‌ماشای دۆخه‌كه‌ بكه‌یت كێشه‌كان به‌ روونتر دێته‌ پێش چاو. ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ناو بزووتنه‌وه‌كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ته‌ماشای دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن بۆ زیاتر به‌هێز بوون و ململانێی راسته‌قیه‌نه‌ی پارتی و یه‌كیه‌تی ئه‌بێت له‌و پنتانه‌ی ده‌سه‌ڵات بین و به‌شێك بیت له‌ سیسته‌مه‌كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ هه‌وڵی چاككردنی بده‌یت. به‌ به‌شدار نه‌بوون له‌ حكومه‌ت هه‌مان ئه‌زموونی خولی یه‌ك دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ . ئاشكرایه‌ گۆران له‌و په‌ڕی به‌هێزی و ئه‌و كاته‌ی كاك نه‌وشیروان له‌ ژیان مابوو، به‌ 25 كورسی په‌رله‌مانه‌وه‌ كه‌چی ( گه‌وره‌ترین گه‌نده‌ڵی كرا له‌ هه‌موو ده‌زگاكانی حكومه‌ت و گرێبه‌ستی په‌نجا ساڵه‌ی نه‌وت كراو زۆرترین بندیوار دامه‌زرا له‌ لایه‌ن دوو حزبی ده‌سه‌ڵات بۆ كرینه‌وه‌ی ده‌نگ )، هه‌رچی ئه‌زموونی دووه‌می گۆرانه‌ له‌ په‌رله‌مان شه‌ره‌ هه‌ره‌ قورسه‌كه‌ی و تاقه‌ ده‌ستكه‌وتی یاسای سه‌رۆكایه‌تی به‌ دڵی پارتی په‌سند نه‌كرد، كه‌ دواتر زۆر به‌ گران له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌كه‌ كه‌وته‌وه‌ . ئێستا به‌رچاو روونی زیاتر ده‌ر ئه‌كه‌وێـت ئه‌و كاته‌ی له‌ جیاتی شه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌بوایه‌ شه‌ڕی نه‌وت و چاكسازی ئابوری بكرایه‌ به‌و هه‌موو قورساییه‌ی گۆڕانه‌وه‌ كه‌ له‌ گۆره‌پانه‌كه‌ هه‌ی بوو نه‌ك یاسای سه‌رۆكایه‌تی، چونكه‌ ئه‌م شه‌ری چاكسازییه‌ زیاتر هاوسۆزی زۆرترین تاكی كوردی به‌لای خۆی راده‌كێشا. دواجار دیموكراسی چیه‌ ؟دروست كردنی ئابوریه‌كه‌ كه‌ بۆ هه‌موان كار بكات. دوزینه‌وه‌ی كار بۆ ئه‌و هه‌موو گه‌نجه‌ زۆره‌ بێ ئیشه‌ زۆر له‌وه‌ گرنگتره‌ كێ له‌سه‌ره‌وه‌ حكوم ئه‌كات( وه‌كو چینییه‌كان باسی ده‌كه‌ن)، یاخود ناردنی مووچه‌ له‌ به‌غداوه‌ گرنگترین ده‌ستكه‌وتی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی كورده‌، ئیتر كێ له‌ به‌غدا حكوم ده‌كات ره‌نگه‌ زۆرترین تاكی كورد نه‌زانێت.
هه‌رچی به‌ره‌ی نارازییه‌ ئه‌وانیش به‌شێك له‌ راستیان لایه‌، كه‌ لاواز بوونی خانه‌ی راپه‌رندن و را رایی بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ بریاردان له‌ كاتی پێویست وه‌كو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم و ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن‌ له په‌رله‌مانی عێراق و كوردستان،هه‌ڵبژاردنه‌كانی ناوخۆی بزووتنه‌وه‌كه‌ ، رۆڵی كوره‌كانی كاك نه‌وشیروان له‌ ناو بزووتنه‌وه‌كه( كه‌ ده‌بێت ئه‌وانیش ئیتر به‌ فه‌رمی بێنه‌ ناو كاری سیاسیه‌وه‌)‌. هه‌موو ئه‌م كێشانه‌ی گۆڕان ‌ ده‌كرێت له‌ ئاشت بوونه‌وه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر بكرێت( هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ زۆر به‌ قورسی دێته‌ پێش چاو، به‌ڵام دووباره‌ له‌ ده‌رفه‌ت دان به‌ یه‌كتری هیچ رێگایه‌كی تر نیه‌). ئه‌و براده‌رانه‌ی كه‌ نارازین نابێت كه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ ئیتر قسه‌ی رۆژانه‌ی نێوان ژوره‌كان و نێوان كه‌سه‌كان بكه‌ن به‌ مانشیتی مالپه‌ره‌كان، چونكه‌ به‌راستی ئه‌مه‌ هیچ زیره‌كی و لێهاتووی نیه‌ ،به‌لكو كوشتنی متمانه‌ و هاورێیه‌تیه‌ له‌ كاركردن. گۆڕان له‌و كێشه‌ گه‌ورانه‌ی كه‌ یه‌خه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی گرتوه‌ به‌رپرسیار نیه‌، هه‌ر له‌ تاریكی فایلی نه‌وت، بۆ نا روونی داهاتی گشتی هه‌رێم ، بۆ بێكاری گه‌وره‌ی گه‌نجه‌كان، بۆ په‌یوه‌ندی كۆیلایه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، بۆ ته‌زویر كردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆ به‌ كارتۆن كردی دادگاكان..هتد. واتا ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ی له‌به‌ر ده‌ست دایه‌ بۆ كار كردن دوور له‌ گه‌نده‌ڵی . گۆڕان تاكو ئێستاش به‌ پراكتیك و چۆنیه‌تی كاركردن له‌ حكومه‌ت تاقی نه‌كراوه‌ته‌وه‌ . ئه‌و ته‌مه‌نه‌ كورته‌ی له‌ حوكمرانی هه‌بوو له‌ خولی پێشوو سه‌ركه‌وتوو بوو، كۆمه‌ڵه‌ ئیشێكی باشی كرد ،به‌ڵام هه‌ر زوو له‌ناویان برد . ئێستاش ده‌كرێت به‌ره‌ی نارازی بێنه‌وه‌ ناو گۆڕان ( كه‌ ئه‌مه‌ هیوای زۆربه‌ی ده‌نگده‌رانیه‌تی )و ده‌رفه‌ت به‌ به‌ره‌كی تر بده‌ن بزانن جێگه ده‌ستیان له‌ حكومه‌ت چۆن ده‌بێت؟. ئه‌مرۆ چاكسازییه‌ ئابورییه‌كان و دادپه‌روه‌ری له‌ ئابوری دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ ئه‌و له‌شكره‌ گه‌نجه‌ بێئیشانه‌ ، زۆر گرنگتره‌ له‌ گفتوگۆی بێزه‌نتینی بێ ئه‌نجام ، كێ چی كرد و كێ چی نه‌كرد، كێ چی وت و كێ چی نه‌وت . بێهوا بوونی هه‌ردوو لایه‌ن، لایه‌نی نارازی كه‌ له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ چی تر كار ناكرێت،بێهیوا بوونی لایه‌نی رازی كه‌ له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كیه‌تی هیچ ناكرێت،هه‌ردوكیان دوو هه‌ڵه‌ی ستراتیجین چونكه له‌ سیاسه‌تدا هیچ نه‌كردن نیه‌.دوا دێریشم ئه‌و په‌نده‌ ئه‌ڵمانییه‌ كه‌ سیاسه‌ت كردن له‌ كوردستان وه‌كو( شه‌ڕ كردنه‌ له‌ ناو قوڕاو كه‌س به‌ پاكی لێی نایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌)

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand