بۆچی په‌لامارمان ده‌ده‌ن؟
2019-05-16 18:51:56
د. یوسف محه‌مه‌د سادق
بەشی دوەم:
یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتیی هەرێم
جیاوازی چییە لە نێوان یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم و یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتیی هەرێم؟ بۆچی كەس باسی ئەوەی یەكەم ناكات و ئەمەی دوەم ئەم هەمو هەڵایەی لەسەردروست ئەكرێ!؟
بە هەمان شێوەی ئەو غەوغایەی سەبارەت بە هەڵوێستی ئێمە لە مەسەلەی سەرۆكی هەرێم و شەهادەكەی بەرپا كرا، لە مانگی تەموزی ساڵی ڕابردو، یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتیی هەرێم لە پەرلەمان پەسەند كرا، دیسان مشت‌ومڕ دروست بو سەبارەت بە ناوەڕۆكی یاساكە، كە دیسانەوە ئەمە شتێكی سروشتییە و دەكرێ بیروڕای جیاواز لەوبارەیەوە هەبێ. بەڵام ئەوەی نائاسایی و نائەخلاقی بو، ئەو هەموتۆمەت و درۆ و چەواشەكارییە ناڕەوایە بو كە سەبارەت بە ئێمە بەتایبەت بەندە و بەڕێز عەلی حەمەساڵح كرا و تا ئێستاش بەردەوامە. گوایا ئێمە سەفقەمان كردوە لەگەڵ پارتی و بەندە بەپێی سەفقەكە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وەردەگرم و، یاساكە بۆ ئەوەیە بەڕێز مەسعود بارزانی جارێكی ترببێتەوە بە سەرۆكی هەرێم و... ڕۆژگار دەریخست كە هەمو ئەم قسانە ناڕاست بون. ئه‌مانه بۆ پاساودانی زیاتری قسه‌كانیان، ده‌یانوت كه درێژ كردنه‌وه‌ی یاسای تیرۆریش هه‌ر ئێمه كردومانه و، گوایا پڕۆژه‌كه له ژوره‌كه‌ی به‌نده ئاماده كراوه. له كاتێكدا ئه‌م قسه‌یه هیچ ڕاستییه‌كی تیا نییه و، به‌نده دور و نزیك ئاگاداری تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسایه نه‌بوم له په‌رله‌مان و، به پێی به‌دواداچونه‌كانیشم، به‌ڕێز عه‌لی حه‌مه‌ساڵح یه‌كێك بوه له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی گۆڕان كه دژی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسایه ده‌نگیان داوه. كه‌واته زۆر ڕون بو كە كەمپەینەكە بۆ بە ئامانج گرتن و تیرۆركردنی كەسایەتیمانە و هیچی تر.
یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم لە شەش مادە و هۆكارەكانی دەرچواندن پێكهاتوە كە كورتەكەی بریتییە لە: (ئەنجامنەدانیهەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك لەكاتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٨ و؛ بەردەوام بونی یاسای دابه‌شكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٧، تا لە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان لەژێر ڕۆشنایی بنەما دەستورییەكان، چارەنوسی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم یەكلا بكرێتەوە؛ لە پێناوی هێنانەكایەی سازان لەسەر سیستمیحوكمڕانیی هەرێم). ئەمەش لینكی یاساكەیە لە سایتی پەرلەمانی كوردستان:
http://www.perlemanikurdistan.com/…/articl…/180718033026.pdf
بەڵێ ئەم پڕۆژەیە پاش ڕاوێژ لەگەڵ سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی و سكرتێری فراكسیۆنەكان لە لایەن بەڕێزان د.بەهار مەحمود جێگری ئەوكاتی سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان (لە هەمان كاتدا جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش بو لە پەرلەمانی كوردستان) و ئەندامی لیژنەی یاسایی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و عەلی حەمەساڵح و بەندەوە ئامادە كرا و، درایەوە بە خانەی ڕاپەڕاندن (ئەو كات بەڕێز عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەفەری دەرەوەی وڵات بو).
ئیتر ئەم یاسایە تا بە ئەمڕۆ كراوەتە بابەتێكی چەواشەكاریی لە لایەن كۆمەڵێكەوە دژ بە ئێمە، كە لێیان دەپرسی ناوەڕۆكی یاساكە چییە زۆربەیان نایزانن! هەر بڕۆن سەیری ئەو بابەتانە بكەن كە نوسیویانە بزانن زۆرینه‌یان دور و نزیك باسی ناوەڕۆكی یاسایاكەیان كردوە!؟ لێیان بپرسن بۆچی دژی یاساكەن هیچ وەڵامێكی قەناعەتپێكەرت دەست ناكەوێ! بۆ نمونە ئەپرسین: ئێمە لەگەڵ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی بوین و، له‌م پێناوه‌شدا ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كانیشمان بوین، بەڵام كرا؟ نیساب تەواو كرا؟ ئایاسەرۆكایەتیی ئەوكاتی پەرلەمان (پاش سه‌رله‌نوێ كاراكردنه‌وه‌ی) بە ئامادەنەبونی ئێمە یان تەنانەت بەئامادە بونیشمان دەیخستەوه بەرنامەی كاری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان؟ كێ له‌گه‌ڵمان ده‌بو بۆ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی؟ ئایا زۆرینه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی تر كه له ئه‌وجی هێزمان و له حزوری كاك نه‌وشیروان ساڵی ٢٠١٥ تا نیوه‌ی ڕێ له‌گه‌ڵمان هاتن و، دواتر پاشگه‌ز بونه‌وه، جارێكی تر ده‌هاتنه‌وه له‌گه‌ڵمان بۆ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی له ساڵی ٢٠١٨؟ ئایا دیسان ئه‌مه‌مان تاقی بكردایه‌ته‌وه له‌گه‌ڵیان؟ ئایا... بێ گومان وەڵامی هه‌ر كه‌سێكی ژیر بۆ هەموی نەخێرە. ئەی باشە كە مادەم یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار نەكرایەوە، لێگەڕاینایە بە پێی ئه‌سڵی یاساكەی ٢٠٠٥ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم به هه‌مان ده‌سه‌ڵاته‌كانییه‌وه لە ناو خەڵك و لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرایە (به‌پێی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم) ؟ ئایا ئەمە لەگەڵ پرنسیپەكانی ئێمە دەگونجا؟ ئایا دەرئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم لەناو خەڵك بەپێی پێدراوەكانی ڕوداوەكانی دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق له ئایاری ٢٠١٨ و ئەو هەمو تەزویرەی لە هەڵبژاردنەكاندا ئەكرێ و پاش ئەو هەمو نا‌ئومێد كردنی خەڵك و هەڵمەتی بایكۆته و، دۆخی پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی و لایەنەكانی تر و تەنانەت بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان له ئه‌یلولی ٢٠١٨، چۆن دەبو؟ پاڵێوراوی كێ براوە دەبو؟ ئایا كارێكی خراپە بەپێی ئەو پرنسیپانەی ئێمە بڕوامان پێیەتی هه‌وڵ بده‌ین هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم لەناو خەڵكەوە ئەنجام نه‌درێ و هەڵبژاردنەكەی بخرێتە ناو پەرلەمانەوە؟ ئایا ئەمە یەكێك نەبو لە داوا سەرەكییەكانی ئێمە؟ ئەی ئەم هەمو تەخوین وچەواشەكارییە لە پای چی؟! تەنها قسەیەك كە ئەمانە دەیكەن ئەوەیە كە پارتی ئەمەی پێ باش بوە و فڵانە بەرپرسی پارتی وتویەتی پڕۆژەكەی گۆڕان زۆر باش بوە! ئێ باشە ئێمە ئامانجی سیاسیمان هەیە یان خەریكی شەڕە گەڕەكین؟! ئەگەر پارتی پڕۆژەیەكی ئێمەی پێ باش بو ئێمە بڵێین پەشیمان بوینەوە نابێ پارتی پێی خۆش بێ؟ ئایا ئەمە لۆژیكە؟ گریمان پڕۆژەكە هیی پارتی بوایەو پارتی لەگەڵ ئەوە بوایە كەهەڵبژاردن لەناو خەڵك نەكرێ بەڵكو لەناو پەرلەمان بكرێ، ئایا ئێمە دەبو بڵێین نەخێر هەردەبێ لەناو خەڵك بكرێ؟ ئەگەر وامان بكردایە دوای ئەو هه‌مو بانگه‌شه‌یه بۆ سیستمی پارله‌مانی، لەم خولەی ئێستای پەرلەمان چۆن باسی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی و دەستورمان بكردایە؟ ئایا پێمان نەدەوترا ئێوە خۆتان داوای ئەمەتان كرد كە ئێستا دەرئەنجامەكەی بە خواستی ئێوە نییە بۆیە داوای گۆڕینی سیستم دەكەن؟!
بەڵێ ئێمە لەسەر بنەمای (ما لا یدرك كلە لا یترك جلە) ئەوەی هەموی بەدەست نایەت كەمی وازی لێناهێنرێ، پێشنیاری ئەو پڕۆژەیەمان پێ باش بو. هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌شی له په‌رله‌مان په‌سه‌ند كرا، هه‌ڵوێستی خۆمان له‌و ڕوه‌وه خسته‌ڕو (بڕوانه بابه‌تێكمان له‌م باره‌یه، یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم له سایتی سبه‌ی، ڕۆژی ١١ی ته‌موزی ٢٠١٨:
https://www.sbeiy.com/Dreje_birwra.aspx?jimare=1502)
ئازایەتیی ئەوەمان تێدایە كە بەرپرسیاریی هەر كارێك كە ئەنجامی دەدەین هەڵبگرین و دەزانین بۆچی كردومانە. گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە بۆناو پەرلەمان، گرنگترین داواكاریی كاك نەوشیروان بو، لەم ڕوەوە قسەی ڕاشكاویان لای بەندە هەیە. بۆیە ئێمە بە ئاگاییەوە و بەپێی ئەو ئەزمونە درێژەی كە لەگەڵ كاك نەوشیروان هەمان بو و دەگەڕێتەوە تەنانەت بۆ پێش دروست بونی گۆڕان و دوای كاری چڕوپڕمان لە بەردەستی لە ژوری توێژینەوەی سیاسی (كە ساڵی ٢٠١١ پاكێجەكانی ئوپۆزسیۆن بەتایبەت ئەو پاكێجەی پەیوەندیی بە سیستمی حوكمڕانییەوە هەبو لەوێ ئامادە كران) و ئەزمونمان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان (هەر بۆ زانیاری: بۆ یەكەمجاره دەبێ باس لەوە بكەین كە پڕۆژەی گۆڕان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی ساڵی‌٢٠١٥، لە نەورۆزی ئەو ساڵەدا بە سێ ڕەشنوسی جیاواز لە لایەن بەندەوە ئامادە كرا و دام بە كاك نەوشیروان، ئەویش یەكێكیانی هەڵبژارد و سپاردی بە كۆمەڵێك پەرلەمانتاری خولەكانی پێش‌و و چەند یاساناسێك، دوای ئەوەی پیایدا چوبونەوە دوبارە كاك نەوشیروان پێیدامەوە و دوای پێداچونەوەی به ڕاوێژ له‌گه‌ڵ خۆیان، جارێكی تر گەڕاندمەوە بۆ بەڕێزیان و دواتر ناردی بۆ فراكسیۆنی گۆڕان) و هەروەها بەپێی ئەو شارەزاییە ناچیزە ئەكادیمییەی هەمانە، پێمان باش بو به‌پێی هه‌لومه‌رجی ئه‌و كاته ئەو یاسایە پێشنیار بكرێ. بەڵام پڕۆژەكە دراوەتە خانەی ڕاپەڕاندن و لەوێوە نێردراوە بۆ فراكسیۆنی پێشوی گۆڕان لە پەرلەمانیكوردستان و لەلای ئێمە كەسیان خۆی لێ نەبان نەكردوە.
دەزانین ئەوە هەمو داواكاری و ئامانجی ئێمە نییە لە پرسی حوكمڕانیی هەرێم، داواكاریی ئێمه له‌م بواره‌دا سیستمی په‌رله‌مانیی ته‌واوه هاوشێوه‌ی ده‌ستوری عێراق. بەڵام له نێوان مانه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی وه‌ك خۆی یان هه‌نگاوێكی چه‌ند بچوكیش بێ بۆ به په‌رله‌مانی كردنی سیستم، به دڵنییاییه‌وه دوه‌م هه‌ڵده‌بژێرین. هیچ نەبێ بۆ یەكەمجار لە دوای ٢٠٠٥-ەوە پەیوەندیی نێوان سەرۆكایەتیی هەرێم وسەرۆكایەتیی كۆماری عێراقی پچڕاند. سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق بوە بەشێك لە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكایەتیی هەرێمیش بوە بەشێك لە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. ئەو هەنگاوە كاریگەریی گەورەتر بەسەر پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم بەجێدەهێڵێ و، زۆر قسه‌ی تر هه‌ن كه ئێسته ده‌رفه‌ت و كاتی وتنیان نییه و دەكرێ لە داهاتودا باسی بكەین.
هەڵبەت ئەوە بۆ یەكەمجار نەبو كە ئێمە لەگەڵ هەڵپەساردنی سەرۆكایەتیی هەرێم بوین. بەڵكو لە سەروبەندی وازهێنانی بەڕێز مەسعود بارزانی لە سەرۆكایەتیی هەرێم و هەڵپەساردن و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی، لە ٢٣ی ئۆكتۆبری ٢٠١٧ لە دانیشتنێكی باڵای نێوان كۆمەڵ و گۆڕان بە سەرۆكایەتیی بەڕێزان م. عەلی باپیر و عومەری سەید عەلی، لە بارەگای ئەنجومەنی سیاسیی كۆمەڵ لەسلێمانی (شاندی كۆمەڵ بریتی بون لە بەڕێزان م. عەلی باپیر، محەمەد حەكیم و م. دلێر كه‌لاری، وەفدی گۆڕان لە كۆبونەوەكە جگە لە كاك عومەر بریتی بون لە بەڕێزان م. جەلال جەوهەر، عوسمانی حاجی مەحمود و، بەندە دوای نزیكه‌ی كاتژمێرێك ڕۆشتم، كۆبونەوەیەكی گرنگ بو تیایدا تەئكید كرایەوە لە هەڵوێستی هاوبەشی هەردولا بۆ پێكهێنانی حكومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی شەش مانگ دا)، تاوتوێی هه‌واڵێكمان كرد كه به ده‌ستمان گه‌یشت بو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم دابه‌ش ده‌كرێ و، دامه‌زراوه‌كه هه‌ڵده‌په‌سێردرێ. هه‌ر دو لا ئه‌و هه‌نگاوه‌مان به ئیجابی زانی. دواتر گۆڕان و كۆمه‌ڵ پێكه‌وه بڕیاریاندا بۆ یەكەمجار لە دوای كارا كردنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، هەردو فراكسیۆنی كۆمەڵ و گۆڕان كە تەنها دو فراكسیۆن بون تا ئەوكات نەچوبونەوە بۆ پەرلەمان، بایكۆت بشكێنن و بچن له دانیشتنی ڕۆژی ٢٩ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ به‌شداری بكه‌ن و دەنگ بە پڕۆژە یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بدەن (لینكی یاساكە:
http://www.perlemanikurdistan.com/…/articl…/091117115603.pdf)،
هەوڵی باشكردنی بدەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەك نەهێڵن كێشە بۆ تێپەڕاندنی یاساكە دروست ببێ، چونكە ئەوە خزمەت بە ئامانجەكانی هەردو لامان دەكات و دواتر هەردو فراكسیۆنەكەش هەر وایان كرد. ئەی باشە بۆ ئەوكات ئەوە سەفقە نەبو؟ بۆ هەڵای لەسەر دروست نەكرا؟ جیاوازی چییە لەنێوان هەردو دۆخەكە؟خۆ ئەوەی ٢٠١٧ پڕۆژەی پارتی بو، گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یەكێتی و یەكگرتو دەنگیان پێداو ئەمەی ٢٠١٨ پڕۆژەی گۆڕان خۆی بو!! لەوەی یەكەم سەرۆكایەتیی هەرێم تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم لەناو خەڵك (و به هه‌مان ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ساڵی ٢٠٠٥)، لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئەیلولی ٢٠١٨ هەڵپەسێردرا، بەڵام لەوەی دوەم تا یەكلاكردنەوەی چارەنوسی دامەزراوەكە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵپەسێردرا و سەرەنجامیش هەڵبژاردنی خرایە ناو پەرلەمانەوە. كامیان لە بەرنامە و ئامانجەكانی گۆڕان و لایەنەكانی تریئۆپۆزسیۆنی جاران نزیكن؟ یەكەم یان دوەم؟
باشه له بری گومان دروست كردن له سه‌ر هه‌ڵوێست و پڕۆژه‌ی گۆڕان بۆ سپاردنی چاره‌نوسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به خولی نوێی په‌رله‌مان و ساردكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له ده‌نگدان، ئایا باشتر نه‌بو به هه‌مومانه‌وه كار بۆ ئه‌وه بكه‌ین خه‌ڵك (به تایبه‌ت جه‌ماوری ناڕازی) به چڕی به‌شداری له ده‌نگدانی په‌رله‌مانی كوردستان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌نگی ئه‌و هێزانه‌ی به هه‌ق له‌گه‌ڵ سیستمی په‌رله‌مانین زیاد بكات تا له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان دا به هه‌ل و مه‌رجی سیستمی په‌رله‌مانیی ته‌واو، دامه‌زراوه‌ی سه‌ۆكایه‌تیی هه‌رێم كارا بكرێته‌وه؟ ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یان كرد ناو بنێین چی!؟ (هه‌ڵبه‌ت سه‌باره‌ت به یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، كه به‌م دواییه له په‌رله‌مان په‌سه‌ند كرا، ڕای تایبه‌تیی خۆمان هه‌بوه و، له ده‌رفه‌تێكی تر دا باسی ده‌كه‌ین).
كەواتە ڕونە مەسەلەكە هەوڵی نەزۆكە بۆ تیرۆركردنی كەسایەتیی ئێمە و هیچی تر. . ئەمە هەڵمەتێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوە كە ڕێك دو ساڵە درێژەی هەیە و، له به‌شی سێیه‌م دا باسی ده‌كه‌ین.