Draw Media

دەسەڵاتی خێڵ یان سەروەری یاسا؟

دەسەڵاتی خێڵ یان سەروەری یاسا؟

2019-05-14 19:50:21


نەرمین عوسمان

لەم چەند ساڵەی دواییدا دیاردەی زیندووكردنەوە و بایەخدان بە (ئێڵ، تیرە، خێڵ، بەرەباب و بنەماڵە) لە عیراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بەرەو هەڵكشان دەڕوات.

ئەم دەستەواژانە پێناسەن بۆ كۆی كۆمەڵە كەسانێك كە هەندێ‌ نەریت و ناوچەگەرێتی و خواست و ویست و بەرژەوەندی و پەیوەندی خوێنی كۆی كردوونەتەوە، لەڕووی ژمارەوە بەپێی ژمارەی تاكەكان ئەو پلە بەندییە پێكدەهێنرێن، ئەو دامەزراوانە یەكەی كۆمەڵایەتین و لەسەر بنەمای چینایەتی دانەمەزراون.

ئەم دیاردەیە لەو وڵاتانە بەدی دەكرێن كە دەوڵەت لەسەر بنەمای نادادپەروەری و سەروەرنەبوونی یاسا و لاوازی پاراستنی مافەكانی تاك و هەبوونی مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و شڵەژاوی باری ئاسایش و كەمی متمانە بەدەوڵەت دامەزراون.

لە دۆخی هاوشێوەی هەرێمی كوردستاندا كە تاك ناوەندێكی گرنگیپێدانی دەوڵەت نییە، رەنگە دادپەروەری نەبێت لۆمەی تاك بكەین لە پەنابردن بۆ ئەو شێوازەی ژیانی كۆمەڵایەتی بەمەبەستی بەرگری لەخۆكردن و مانەوە و پاراستنی خۆی و ماڵ و سامانی، هەروەها لە بۆشایی نەبوونی هێزێكی نیشتیمانی یەكگرتوو و هێزە چەكدارەكان ئەوەی هەتن سەر بە پارت و لایەنە سیاسییەكانن، هەركاتێ‌ وڵاتیش رووبەڕووی كێشەی نیشتیمانی ببێتەوە و بكەوێتە بەرمەترسی یان هەندێ‌ جار ناكۆكی خۆبەخۆیی لایەنەكانیش هەبێ وا دەكات كە هەر لایەنە پەنا بۆ هەر رێگایەك بەرن كە زۆرترین چەكدار و جەنگاوەر لەخۆیان كۆبكەنەوە، دیارە ئاسانترین رێگاش بۆ ئەوە، پەنابردنە بۆ سەرۆك عەشیرەت و خێڵەكان، هەر ئەوەش وایكردووە لەكاتی ئاساییشدا بایەخی گەورە و ناپێویست بەو پێكهاتە كۆمەڵایەتیانە بدرێن، مەرج نییە تەنها بۆ شەڕ بێ، بەڵكو لەكاتی هەڵبژاردنیشدا لایەنگیریان بەكاردێت كە ئەمە كاریگەریی نەرێنی بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش دەبێ‌، تاك رێدەگرێ‌ لەوەی لەسەر بنەمای خزمەت و هەڵسەنگاندنی دروست دەنگبدات، دەبینین حزبەكان لەكاتی هەڵبژاردنیشدا ئەمەیان رەچاووكردووە و كاندیدەكانیان زیاتر لە ناو خێڵ و هۆزە جیاجیاكان جێی بایەخن وەك لەنێو ناوەندە رۆشنبیری و ئەكادییمیەكان، زۆر جاریش بەخشینەوەی پلەو پایە وەك پاداشت بۆ بنەماڵە و خێڵ و عەشیرەتە و ئەمەش بووەتە مایەی گلەیی و گازندەی زۆرێك لە هاوڵاتیان.

هەندێجاریش لەو جۆرە سیستمە دواكەوتووانەدا كاتێ‌ مرۆڤ هەستدەكات هۆزەكەی یان خێڵەكەی باڵادەستە خواست و حەزی داگیركاری و زوڵم و ستەم لەلایان تەشەنە دەكات و دەكەونە شەڕ لەگەڵ یەكتری، خۆ پڕچەككردن بەتایبەتی لە وڵاتی ئێمە چەك پەیداكردن كارێكی ئەستەم نییە، لە تەشەنەكردنی ئەم بارە كۆمەڵایەتییە و بەرفراوانبوونی ئیتر باڵادەستی دەوڵەت رۆژ بە رۆژ لاواز دەبێت، هەروەها ناسنامەی نەتەوەیی لە بەرانبەر ناسنامەی خێڵ و عەشیرەتدا كاڵ دەبێتەوە و ئینتیما بۆ گروپێكی بچوكتر لە نەتەوە جێگای خۆشەویستی و نەتەوە و نیشتیمان دەگرێتەوە، ئەمە زۆر جار دەبێتە هۆی مەترسی هەرە گەورە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی لەلایەن دووژمنەوە، كە زۆرجار بەسانایی دەتوانرێت لەڕێی چەند كەسێكەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و بەكاربهێنرێت و مێژوویش گەواهیدەری ئەم راستییە.

بەداخەوە حكومەتیش لەبری ئەوەی بەرگری لە گەشەكردنیان بكات، لەزۆر باردا هاندەرە بۆ دووبارە تەشەنەسەندنەوەی خێڵەكی، هەروەها دەستووری عیراقیش ماددەی (43) بەشی دووەمی بەجۆرێك قسە لەسەر ئەم پرسە دەكات كە رەنگە ئەگەر كەسێكی رۆژئاوایی پێشكەوتووخواز بیبینێ‌ جێگای شەرم بێت و دووفاقەیەكی ئاشكرای تێدا بەدیدەكرێت، بەجۆرێك كە ئاماژە بۆ پێویستی گەشەپێدان و بووژاندنەوەی سیستمی عەشایەری دەكات و هاوكات دەڵێ‌ پێویستە بەجۆرێك بێت كە تەریب بێ لەگەڵ مافەكانی مرۆڤ و جاڕنامە گەردوونییەكان، كە هەر ئەمە بۆ خۆی دەیسەلمێنێت كە دەستەبژێری سیاسیش تائێستا نەیتوانیوە لەجوغزی خێڵەكی و عەشایەری دەربچێت، زۆرجاریش خێڵەكان لەپێناو بەرژەوەندییەكانیان و دەستكەوتی زیاتر خۆیان دابەش دەكەن بەسەر لایەنە سیاسییەكانەدا، لەبەرئەوەی حزبی سیاسی ئاراستەی سیستەمی حوكمڕانی دەكات لە وڵاتدا.

هەربۆیە پێموایە یەكێتی لە خۆنوێكردنەوەیدا پێویستە زۆر بە گرنگییەوە لەم پرسە بڕوانێت وەك ئەوەی لە بەرنامە و پەیڕەوی خۆیدا هەیە، رۆڵی باڵا لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی خێڵەكیدا ببینێت و هەر بەڕاستی كار بۆ سەروەربوونی یاسا و سەپاندنی دەسەڵاتی نیشتمانی بكات لەبری دەسەڵاتی عەشیرەتگەری و گروپی بچووك بچووك، ئەگەرچی رەنگە بەشێوەیەكی كاتی باجەكەشی بدات لەڕووی حزبییەوە، بەڵام ئەمە كردەیەكی نیشتمانی و نەتەوەییە كە خودی حیزب لەپێناویدا دروستدەبێ‌ و تێدەكۆشێ‌. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ‌ پێچەوانەیە لەگەڵ روانگە و ئامانجەكانی خۆی نایەتەوە كە بانگەشەی سەروەری یاسا و حوكمڕانی مەدەنی دەكەین و دەرئەنجامیش بە زیانی حزبە دیموكراتخوازەكان دەشكێتەوە.

لەڕوانگەی پەرۆشیم بۆ ئایندەی وڵاتەكەم پێشنیاز دەكەم نووسەران و رۆشنبیر و كەسانی دیموكراتخواز بەكراوەیی لەسەر ئەم بابەتە قسەی خۆیان هەبێت و رای گشتی بۆ دروستبكەن، پێویستە ئەم گۆمەڵگەیە بڕیار بدات و خۆی یەكلابكاتەوە لەنێوان دەسەڵاتی خێڵ یان سەروەری یاسادا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand