Draw Media

ئەنفال وەک بار ......

ئەنفال وەک بار   ......

2018-04-14 19:46:36


ئاراس فەتاح

ساڵانێکە یادكردنەوەی ئەنفال و ھەڵەبجە بووە بە بارێك بەسەر سیاسەتەوە. ساڵانێکە یادکردنەوەکانی ئەنفال وەکو برینێکی گەورەی نیشتیمانیی، نە شوێنی رێزگرتنە لە قوربانییان و دەربازبووان و نە جێگای داوەریكردنی یاسایی و ویژدانیی و ئەخلاقییانەی تاوانبارەكانیشە.

ساڵانێکە لەم کۆستە نیشتیمانییەدا شەرم و كارەسات نییە كە سەرۆكەكان و سیاسەتمەدارەكان لە یادەوەرییە نەتەوەییە گەورەكانی ئێمەدا دەرناكەون، نەک لەبەرئەوەی یادەوەرییان نەماوە، بەڵکو لەبەرئەوەی چیدی ھیچ قسەیەکیان نەماوە بە کۆمەڵگای ئێمەی بڵێن و ھیچ حیکایەتێکی سیاسییشیان نەماوە بۆ نەوەی دوای ئەنفالی بگێڕنەوە.

ساڵانێکە سەرکردە و سیاسییەکان یادی ئەنفال ناکانەوە و كەسیش بیریان ناكات. ئەمساڵیش دوای شەنگال و ریفراندۆم و کەرکوک دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێک کە ئینسانی ئێمە بەچەشنێک بێزراو و بیرازکراوە کە نەک ھەر بیری سیاسییەکان ناکات، بەڵکو بەرامبەر بە یادە گەورە نیشتیمانییەکانی خۆیشی وێژدانی کول بووە. گەر لەناو ھەر میللەتێكدا سیاسەت و کۆمەڵگا غائب بوون بۆئەوەی یادی زامە نیشتیمانییەکانی خۆیان بکەنەوە، ئەو گەلە زۆری ماوە ببێت بە نەتەوە.

یادكردنەوەی ئەنفال چیدی شوێنی كۆبوونەوەمان نییە لە دەوری برین و پرسێكی گەورەی نیشتیمانیی، بەڵكو بووە بە شوێنی دابەشبوون و لەتلەتبوون و پاچەبوونمان. ئەنفال بووە بە شوێنێك بۆ قووڵبوونەوەی جیاوازیی و ناکۆکیی برین و دیدەكانمان بۆ رابردوو و ئێستا و داھاتوو.

ئەنفال بووە بە جوگرافیایەک بۆ دابەشبوونی ماڵی نیشتیمانییمان لەنێوان خاوەنماڵە درۆزنەکانی ئەمڕۆ و خاوەن یادەوەرییە ڕاستەقینەکانی دوێنێدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand