Draw Media

بەڵێنەكانمان نەبردە سەر

بەڵێنەكانمان نەبردە سەر

2019-05-13 10:04:18


عوسمان گوڵپی

دەبێت دان بەم ڕاستیەدا بنێین كە هەڵبژاردن كۆتایی هات و تەزویرە فەزیحەكە ئاشكرابوو و ڕوون بویەوە ئەوەی كراوە ئەتكردنی هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراسی و پێشێلكردنی مافی خەڵكە ، هەر زوو هێزە دەنگ دزراوەكان كۆ بوینەوە و پێكەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانمان ڕەد كردەوە و هەموان وتمان قبوڵی دزی دەنگەكانمان ناكەین و ناچینە بەغداد و پێكەوە هەنگاو دەنێین و لە داهاتوودا بەرەیەكی یەكگرتوو پێكدەهێنین لە بەرامبەر دەسەڵاتدا.

كات تێپەڕی و چەند كۆبونەوەیەكی چوار قۆڵی و پێنج قۆڵی كراو شەش حیزبە نارازیەكە پێكەوە ناومان دەهات
راستە لە ڕووكەشداپێكەوە بوین بەڵام لە ڕاستیدا وا دەر نەچوو، كۆمەڵێك بەرژەوەندی جیاواز و عەلاقەی لابەلا و چاوبەیەك هەڵنەهاتن و ململانێی كۆن و  ناڕوونیان كە ئێستا بەڕوونی دیارە، وایكرد ئەم هێزانە بە ئەندازەیەكی فراوان بۆشایی بكەوێتە نێوانمان و هیچ بەڵێنێكیشمان پێكەوە نەبردە سەر، ئەگەرچی یەكڕیزیەكی بەڕووكەش جوان بوو.

من دەزانم هەندێك هۆكار دەرەكین و لە توانای نێوخۆیی گەورەترە و ناكرێ بیانخەینە ئەستۆی خۆمان بەڵام خۆ چەندین هەنگاوی گرنگ هەبوو  دەمانتوانی پێكەوە هەڵیانگرین، بۆ نموبە بەیەك پاكێج چونە بەغداد و یەك لیستی بۆ كوردستان و یەكهەڵوێستی پێویستی بە بڕیاری نێوخۆییە و لە دەستی هیزەكانی خۆماندابوو.

گریمان هێزە نوێكان ئاسان هەزم نەدەكران و نە ئەكرا پێكەوە بن بەڵام خۆ دەكرا ئەو هێزانەی ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنیان پێكەوە هەبوو بتوانن بەیەك پاكێج مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەكە بكردایە
بۆیە بەڕای من ئەگەرچی ئەم هەڵبژاردنە ساختەیە چەندین كاریگەری نەرێنی بەجێ هێشت، بەڵام تەزویر ئەوەی بۆ ڕوون كردینەوە كە هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكیەتی هیچ كات و لە ژێر هیچ فشارێكدا بە قازانجی خەڵك كۆنابنەوە و هێزی گۆڕانكاری جدی نین بە ئێمەشەوە، هەڵبژاردنی كوردستانیش زۆر شتی بەوردی ڕوون كردەوە.

بۆیە دەبێت وانەیەك فێربوبین لەو ڕۆژەداو و بەخۆماندا چوبینەوە، تا بەتەواوی دان بە هەڵەو شكستەكاندا بنێین، گەر وا نەكەین ناتوانین مامەڵەی واقیعیانە لەگەڵ ئێستا بكەین و بۆ داهاتوو هەنگاو بنێین

بۆیە دەبێت هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكیتی لەوە تێبگەین كە بۆچی خەڵك ئامادەنەبوو بچێتە سەر سندوقی دەنگدان؟ بۆچی بەدەم هێزەكانەوە وەك پێویست نەهاتن، دەیان پرسیاریتر كە نابێ هموی بخەینە ئەستۆی تەزویر و دەسەڵات و وڵاتان، دەبێ بڵێین خۆمان خاوەنی بەشێك لە شكستەكانین و بەدرێژای چەندین ساڵ بانگەشەكارێك بوین بە بێ هەنگاوی كرداری بەتەنیشت دروشمەكانمانەوە، بەتایبە نەمانتوانی لە ڕیزی خەڵكابین لە ناڕەزاییەكاندا و داوای مافەكانیان بكەین، كەوتینە داوی پلانەكانی دەسەڵات و بێ بەرنامەو لاواز بوین لەبەردەم بەرژەوەندیەكاندا
بۆیە هەتاوەكو دان بەڕاستیەكاندا نەنێین با لە سودیشمان نەبێت، ناتوانین قسەلەسەر متمانەو داهاتوی باشتر لە ئێستا بكەین، دەبێت بڵێین بەڵێ هەڵەمان هەیەو كەرەستەی گۆڕانكاری ڕیشەیی نەبوین ، دەبێت بیر لە قۆناغێكی نوێ بكەینەوە بە شێوازێكی جیاوازتر، ئەمەش كۆبونەوە  و یەكخستنی تواناكانی دەوێ و قوربانیدان و دوركەوتنەوە لە بەرژەوەندی شەخسی زامنی سەركەوتنە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand