Draw Media

ئیتر قسە ئەكەم ..!

ئیتر قسە ئەكەم ..!

2019-05-12 17:03:01


عەبدولڕەزاق شەریف

بەشی سێیەم
سەرگەرمی نوسینەوەی بەشی سێیەمی قسەكانم بوم، هەواڵی دانیشتنی پەرلەمان‌و تێپەڕاندنی یاسای (كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراق‌و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور)م بیست. بەناچاری چومەوە سەر وردەكاری كۆبونەوەیەكی تەموزی پارساڵی جڤاتی نیشتمانی، كە دوای تێپەڕبونی یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم، بەشێكی كۆبونەوەكە بۆ چۆنیەتی نوسینی ئەو پرۆژەیە‌و چۆنیەتی دەنگدانی فراكسیۆنەكەمان لەناو پەرلەمان، تەرخان كردبو. 
-    لەنێوان حزب‌و هێز‌و دەوڵەتە ركابەرو دوژمنەكاندا، پەن‌و كڵاوی ئیستیخباراتی كارێكی تازە نییە، پارتی بەم یاسایە كڵاوێكی لەوجۆرەی بە هەر رێگەیەك بێ كردوەتە سەرمان، داوای لێكۆڵینەوە ئەكەم، نابێ ئەمە بەبێ لێكۆڵینەوە تێپەڕێت.
ئەم قسەیەم دوای مشتومڕی ئەندامەكانی جڤات لەسەر جەلسەی پەرلەمان‌و سیفەی ئیستعجال‌و تێپەڕاندنی ئەو یاسایە كرد.
ئەوكاتە عەڕابەكانی نوسین‌و تێپەڕاندنی رەشنوسەكە، هیچیان لە كۆبونەوەكەدا نەبون، بۆیە جەلال جەوهەر كە نوێنەری ژوری حكومەت‌و پەرلەمان بو، بە دو بەهانەی لاواز وەڵامی دایەوە:
-    دەرفەتێك هاتوەتەپێشەوە، لە سیاسەتدا ئەبێ ئەو دەرفەتانە ئیستیغلال بكرێن. یاساكەش هەمو ئەندامانی ژورەكەی ئێمە بینیویانە‌و رەزامەندبون.
بەدوای قسەكانیدا، لە كۆبونەوەكە چومە دەرەوە‌و خۆم گەیاندە دكتۆر بایەزید (كە مەسئولی گۆشەی پەرلەمان بو لەهەمان ژوری تایبەتمەند). قسەكانی جەلال جەوهەرم بۆ گێڕایەوە‌و وتم:
-    دكتۆر چۆن هەڵەیەكی وا بەسەر ئێوەدا تێپەڕیوە ؟
-    دەك روی وای لێ بێت !، راست ناكا، من لە تەلەفزیۆنەوە بیستومە، ئامادەم بێم لەبەردەم هەمو جڤات ئەم قسەیەی پێ بڵێم.
ماوەیەكی كورت‌و دكتۆر بایەزید دەستی لە كاروباری ئەو ژورە كێشایەوە.
دوای بێ ئومێدبونم لەوەی بیانەوێ‌و بتوانن لێكۆڵینەوە بكەن، لای خۆمەوە كەوتمە پرس‌و بەدواداچون‌و وەرگرتنی قسەی هەمو ئەو كەسانەی كە پەیوەندییان بەو دۆسێیەوە هەیە، گەیشتمە ئەم راستیانە:
•    ئەندامانی هەردو جڤات بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری رەشنوس‌و پێشكەشكردن‌و تێپەڕاندنی ئەو یاسایە نەبون.
•    ژوری حكومەت‌و پەرلەمان بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری رەشنوس‌و پێشكەشكردن‌و تێپەڕاندنی ئەو یاسایە نەبوە.
•    ژوری یاسایی (كە ئەركێكی سەرەكی بریتییە لە داڕشتن، یان پێداچونەوە یاخود رەزامەندی لەسەر هەمو ئەو پرۆژە یاسایانەی كە بزوتنەوەكە پێشكەشیان دەكات) بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری رەشنوس‌و پێشكەشكردن‌و تێپەڕاندنی ئەو یاسایە نەبوە.
•    رێكخەری گشتی بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری رەشنوس‌و پێشكەشكردن‌و تێپەڕاندنی ئەو یاسایە نەبوە.
تێگەیشتم حەقیقەتی حیكایەتەكە بەمشێوەیە بوە:
عەلی حەمەساڵح كە لە پەرلەمانیشدا نە سەرۆكی فراكسیۆن‌و نە لە لیژنەی یاسایی بوە، رەشنوسی یاساكەی لەگەڵ دكتۆر یوسف‌و لە ژورێكدا شەن‌و كەو كردوە، چۆن هێناویەتی‌و كێ پێی داوە ؟! ئەمەیان رەنگە وەڵامەكەی لای خۆی بێ، بەڵام كاتێ بۆ تایپكردن، یەكێك لە كۆمپیوتەرەكانی ژوری یاسایی بەكارئەهێنن، بەرێكەوت دكتۆر ئیسماعیلی رێكخەری ئەو ژورە ئەیبینێ‌و هەر بە چاوخشاندنێ بە رەشنوسەكەدا، بەسەرسوڕمانەوە ئەڵێ: ئەمە چییە ؟!، ئەگەر بۆ پێشكەشكردنە؟ ئاگاداربن، هەم هەڵەی زۆری تێدایە، هەم كارەساتە.
خانەی راپەڕاندن بەجیا‌و تەنانەت مامۆستا جەلالیش، لای منیش‌و چەندین كەسی تر وتبویان "نەمانخوێندوەتەوە"، بەڵام دكتۆر یوسف لە وەڵامی ئەواندا ئەیوت " راست ناكەن، من لەو گروپەدا، كە لەگەڵ ئەندامەكانی خانە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی هەمانە، رۆژی پێشتر دامناوە‌و كەسیان هەڵوێستیان نەبوە‌و مامۆستا جەمالیش دەستخۆشی لێكردوم"، چاتەكانیشی پیشانی زۆر كەس ئەدا، لە وەڵامیشدا ئەندامانی خانە ئەیانوت" فریای خوێندنەوەی نەكەوتوین".
لە هەمو حاڵەتەكاندا كەس خۆی بە خاوەنی نەكرد‌و یاساكە تەنانەت بێ رەزامەندی كۆمەڵی ئیسلامی (كە هەتا ئەوكاتە بەهۆی هەڵوێستەكانیانەوە پەیوەندمان لەگەڵیاندا بەهێز بو، بەبێ پرس‌و گفتوگۆی ئەوان هیچ رەشنوسێكمان نەخستبوە پەرلەمانەوە) دەنگی پێویستی هێنابو ‌و تێپەڕی بو، ئەم گفتوگۆیانەی ئێمە كەپنەكی دوای بارانی كەتنەكە بو.
پارتی لە زمانی فازل میرانییەوە وتیان" پرۆژەكەی گۆڕان بۆ چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی، لەوەی پارتی باشتر‌و جوانتر بو".
یەكێتی لە زمانی مەلا بەختیارەوە وتیان" گۆڕان كارێكی كرد، ئێمەیان لەو ئیحراجییە رزگار كرد كە ساڵانێكە تێی كەوتبوین".
شوباتی ئەمساڵ‌و كاتێ جڤاتی نیشتمانی كۆبوەوە، بەهەمان شێوازی ساڵی پار لە ئێوارەدا، تەوەری سەعاتی كۆتاییان بۆ (بڕیاری رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان) تەرخانكرد. سەید عومەر دیسانەوە بە موداخەلەیەكی من قوشقی بو:
-    من هەرگیز دژی رێككەوتن‌و موساڵەحە نیم، چەندینجار خۆم پێشنیازم كردوە‌و لەم قۆناغەدا بۆ كورد لە هەمو شتێ گرنگترە، بەڵام ئەوەی پارتی لەگەڵ ئێوە كردویەتی رێككەوتنی سیاسی نیە، چونكە ئەو خاڵانەی رێككەوتنەكە‌و ئەو پۆستانەی وەرگیراوە بەپێی ئەو قسانەی مامۆستا جەلال دەیكا،  تەنیا ئاشتبونەوەی ئەندامانی وەفدەكەمانە لەگەڵ پارتیدا بۆ چەند پلە‌و پۆستێكی خۆیان‌و هیچی تر، ئەمە ئاشتبونەوەی پارتی‌و گۆڕان‌و دەنگدەرەكانیان نییە، باشترین بەڵگەش ئەوەیە كە مەسعود بارزانی‌و سەید عومەر تائێستا یەكتریان نەبینیوە، عورف وایە رێككەوتن‌و موساڵەحەی نێوان دو هێز دەبێ سەركردەی یەكەمی هەردولا هەم یەكتری ببینن‌و گفتوگۆ بكەن‌و هەم دواجار ئەوان ئیمزای بكەن، مەسەلەی ئیعتیزار هێنانەوەی پارتیش بۆ دادگاییكردنەكەی كاك نەوشیروان، بۆ یەكەم دانیشتنمان دەبوایە مەرجی سەرەكی ئێمە بوایە، ئەمە هەنگاوی یەكەمی موساڵەحەی راستەقینەی نێوانمانە، رەنگە پارتیش هەندێك نیگەرانی هەبێ كە پێویست بكات ئێمە داوای لێبوردنی لێبكەین.
سەید عومەر هەستایە سەرپێی‌و بە توڕەبونەوە وتی:
-    تۆ لە تەلەفزیۆنیشا ئەم قسانە ئەكەی، ئێمە هیچ رێككەوتنێكی سڕیمان لەگەڵ پارتی نەكردوە، هەر ئەمەیە‌و هێناومانەتە ناو جڤاتەوە، ئەتوانن دەنگی پێ نەیەن.
-    كاك عومەر تەنیا یەك كەسیش نییە لەم جڤاتەدا گومانی لەوە هەبێ‌و نەزانێ‌ لە ساڵی پار‌و لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتییەوە، گروپێكی گۆڕان‌و پارتی خەریكی ئەم رێككەوتنەن ؟!
زیاتر لە 40 ئەندامی جڤات لە كۆبونەوەكەدا بون‌و جگە لە دكتۆر یوسف‌و عەلی حەمەساڵح (كە لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە بونەتەوە بە ئەندامی جڤات) كەسی تر بە نەخێر وەڵامی نەدامەوە‌و ئەوانیش بە هەراو زەنا تەئكیدیان كردەوە كە رێكخەری گشتی دورو نزیك ئاگاداری تێپەڕاندنی یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نەبوە، سەیر لەوەدا بو، سەید عومەریش وا بەرگری ئەكرد، وەكو ئەوەی خۆی یاساكەی نوسیبێتەوە‌و تێیپەڕاندبێ !
رۆژی 8ی ئەم مانگە، كە یاسای (كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراق‌و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور) تێپەڕی، لام گرنگ نەبو لە پەرلەمان چی ئەگوزەرێ، خاڵ‌و مادەكان چین‌و چۆن گفتوگۆ‌و دەنگیان لەسەر ئەدرێ، خەریكی بەدواداچونی كاردانەوەی هاوڕێكانمان لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و ناوەندە رۆشنبیری‌و سیاسییەكەدا بوم.
دكتۆر محەمەد عەلی: ئەم تەسلیمبونە موتڵەقەی گۆڕانی گردەكە بە ئیرادەی پارتی، هیچی لە ئاشبەتاڵی 75 كەمتر نییە.
كاوە محەمەد: چ شەرمێكی گەورەیە ئەمڕۆ لە هەمو كاتێك زیاتر هەرێم لە دەستی پارتیدایە.
مەجید ساڵح لە KNNوە: پارتی وتویەتی ئێمەش بەرنامەكانی نەوشیروان مستەفا جێبەجێ دەكەین.
عەلی حەمەساڵحیش خەتاكەی خستە ملی خەڵك‌و وتی:" با خەڵكی كوردستان 45 كورسی نەدایە بە پارتی".
حاكم شێخ لەتیف: پەرلەمانی كوردستان نێریش ئەدۆشێ.
ئاراس فەتاح: پارتی بۆ دروستكردنی حكومەتەكەی‌و سیستمە سیاسییەكەی، ئەو هێزە سوڵتانییانەی هەڵبژارد كە هەم هاوشێوەی مۆدێلەكەی خۆین‌و هەم متمانەی پێیانە.
ئەبوبەكر هەڵەدنی: ئەمڕۆ 30ی حوزەیرانی 2013 دوبارە بوەوە.
ئەبو كاروان: پارتی‌و گوڕان لە ئەنجامی سەفقەیەكی تەسكی حزبیانەی هەردو لایەن، لەسەر پلەو پۆست رێككەوتن.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: ئاخر چۆن دەبێت لە سیستمی‌ پەرلەمانیدا كە عورف وایە دەسەڵاتی‌ سەرۆك تەشریفی بێت، ئەوەی كوردستان لە ئەسكەندەری مەكدۆنی‌‌و جەنگیزخان زیاتر دەسەڵاتی‌ پێبدرێت..؟.
عارف قوربانی لە KNNەوە: بزوتنەوەی گۆڕان لە هەمو لایەنەكانی تر راستگۆتر بو.
رێبوار كەریم وەلی وتویەتی: ئەمجارە پارتی بە مەبەست‌و بۆ دروستكردنی جێپێیەكی قایم لە سلێمانی، گۆڕان وەكو ئەسپی تەڕوادە بەكاردێنێ.
ئاریان فەرەج رو لە خوێندەوارەكانی نەیاری پرۆژەی 50 ساڵی رابردوی پارتی دەكات‌و دەنوسێ:" هەڵوەستەیەك بكەن‌و پرۆژە سیاسییەكەی پارتی بە كۆی پرۆژە شكستخواردو و هەڵوەریوەكانی دیكە بەراورد بكەن".
ئەمەی ئاریان، دەربڕینێكی راستگۆیانەی ناخی پارتی‌و هەنگاوەكانیەتی، كە هەر لەسەرەتای گفتوگۆكانەوە بەمەبەستی شكاندنی ئیرادەی ئەو رەوتە مێژوییە‌و نەیارەكانی پارتی، ناویەتی، بەوەی دورخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردە مەرج‌و لە یادی 17ی شوبات‌و یادی سەردەشت عوسماندا، سەردانە گرنگەكان‌و رێككەوتنەكانی لەگەڵ گۆڕاندا ئیمزا ئەكات‌و دواجاریش كە لە تێپەڕاندنی هیچ یاسایەكی هاوشێوەدا‌و لە پەرلەماندا مەسەلەی خوێندەوار‌و نەخوێندەوار نەخراوەتە دەنگدانەوە، كە دیارە هەر بەشێكە لە شكاندنی ئەو ئیرادە شەعبەوییەی گۆڕان بەرامبەر بە پارتی دروستیكردبو، بەدڵنیایی هەنگاوی تریش بۆ ئایندە بەڕێوەیە، دەبێ‌و دەبوایە هەرگیز ئەو قسەیەی نەوشیروان مستەفا لەبیر نەكەن كە ئەیوت" ئێمە شەڕی ئیرادە ئەكەین".

بۆ بیرخستنەوە
كێشەی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی‌و لەناویدا یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، لە ساڵی 2005وە جەوهەری ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی‌و پارتی بو، لەدوای هەڵبژاردنەكانی ئەو ساڵەوە، شەش مانگ پەرلەمان لەسەر ئەو كێشەیە داخرا، هەمان سیناریۆ لە ساڵی 2016دا‌و لەسەر هەمان مەسەلە دوبارەبوەوە، هەر ئەمەش جەوهەری ناكۆكییەكانی (نەوشیروان مستەفا‌و تاڵەبانی) بو، كە دواجار گەیشت بە جیابونەوە‌و دواتر لە نوسینێكی دورودرێژدا, بەناوی (پرۆسەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێم) نەوشیروان مستەفا بە درێژی باسی دەكات‌و ئەڵێ مام جەلال تەنیا لەبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەسەر لاشەی هاوڕێكانیدا رێككەوتنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ مەسعود بارزانی كرد.
باشترین سەرچاوە بۆ ئەوەی خوێنەرو خەڵكی كوردستان لە بیروباوەڕی نەوشیروان مستەفا‌و هەڵوێستەكانی سەبارەت بە مەسەلەی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی‌و سەرۆكایەتی هەرێم تێبگەن، گەڕانەوەیە بۆ ئەم نوسینە. ئەو سەردەمەش ئەم گروپەی خانەی راپەڕاندن (خڕ) لە تەرەفی مام جەلال بون‌و دژی بیروباوەڕەكانی نەوشیروان مستەفا بون.
جارێكی ترو دوای ئەوەندە ساڵ، دیسانەوە پارتی‌و مەسعود بارزانی زیرەكانە ئامانجی وەفدی دانوستانكاری گۆڕانیان بۆ ئایندەی حوكمڕانی خوێندەوە‌و یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیان وەك دوبارەبونەوەی هەمان سیناریۆ بە چەند پلە‌و پۆستێكی شەخسی، لە رێككەوتنێكدا بە وەفدی دانوستانكار جێبەجێكرد، تەنیا جیاوازی لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە، تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا لە مەعریفەی سیاسی‌و رۆشنبیری‌و توانای شەخسی خۆیانەوە هەڵوێست‌و بڕیاریان بە باش‌و خراپ ئەدا، بەڵام ئەم گروپەی "خڕ" لەدوای مەرگی كاك نەوشیروانەوە لە غیابی  مەعریفە‌و توانایاندا، لە پشتی دەرگایەكەوە دانیشتوون‌و بڕیارەكانیان لەڕێگەی كەناڵی ترەوە پێ ئەدرێت، بۆ سەلماندنی ئەمەش، باشترین نمونە ئەم حیكایەتەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەیە، كە ئەو گروپە بەسەر لاشەی نەوشیروان مستەفا‌و گۆڕانخوازاندا تێیانپەڕاند.
ماویەتی..
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand