ئابوری ڕەمەزان
2019-05-11 19:10:50
سەركۆ یونس
لەمانگی ڕەمەزاندا زیاتر لەیەك ملیار موسڵمان بە كاتژمێری جیاواز لەنزیكەی(57) وڵاتی موسڵماناندا و جگە لە موسڵمانانی وڵاتانی تر بەڕۆژوو دەبن. ئەمەش ڕەنگدانەوەی باش و خراپی دەبێت لەسەر ئابوری ئەم وڵاتانە.
بێ گومان ئەم ڕەنگدانەوەیە بۆ ئەو هەڵسوكەوت و ڕەفتارانە دەگەڕێتەوە كە بەكاربەرو كڕیارانی بەڕۆژوو لەم مانگەدا پێ ی هەڵدەستن وئەنجامی دەدەن ،لە هەندێ وڵات بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەوا و داب ونەریتی كۆمەڵایەتی وئایینەوە سەرهەڵدەدات لەوانە كەمكردنەوەی كاتژمێرەكانی كاركردن لەكەرتی گشت و تایبەت ودواخستنی كردنەوەی دوكان و ماركێت و شوێنەبازرگانی و پیشەسازییەكان و لەهەمانكاتدا زووداخستنیان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی نێگەتیڤی دەبێت بەسەر گەشەی ئابوری ناوخۆیی و چالاكی بازرگانی وسەرئەنجام بەشێوەیەكی گشتی ئابوری هەموەكی
لەڕاستیدا كاریگەریەكانی مانگی ڕەمەزان لەسەر ئابوری جیهانی بە گشتی و ئابوری وڵاتانی ئیسلامی
زۆر و جۆراو جۆرن و وە بوەتە جێگای سەرنج و تێڕامانی ئابوریناسان ئەوەتا بەپێ ی ئەو ڕاپۆرتانەی كە لە ساڵی (2015) دەرچوون ، دەركەوتووە ساڵانە موسڵمانان نزیكەی (1.8) ترلیۆن دۆلار خەرج دەكەن.لەچەند ساڵی ڕابردودا هەندێ توێژینەوەی زانستی لە وڵاتانی ئیسلامی ئەنجامدراوە و دەركەوتوە( ئەگەر بێت و كاتژمێرەكانی بەڕۆژوو بوون درێژە بكێشێت ئەوا كاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر ئابوری ئەو وڵاتانە بەگشتی و وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت و ئەگەر هاتوو تێكڕای كاتژمێرەكانی بەڕۆژوبون لە (12) كاتژمێرەوە بەرزببێتەوە بۆ (13) كاتژمێرئەوا ڕێژەی گەشەی ئابوری لەو وڵاتانەدا كەمدەبێتەوە بۆ (%7) !
كەمبونەوەی بەرهەمداری:
بەهۆی ئەو هەڵە تێگەشتنەوە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بەوەی كە موسوڵمانان كردویانە بە مانگی پشوو و پاڵدانەوە و نوستن بەڕۆژ و خواردن و خواردنەوە و بەسەربردنی كات بە پیاسەكردن و سەردانەكان بەشەو وادەكات بەرهەمداری یەكەكانی بەرهەمهێنان لەسەرجەم كەرتەئابوریەكان كەمببێتەوە و ڕێژەی كاروچالاكیە ئابوری و بازرگانیەكان كەم دەبنەوە بەپێ ی هەندێ ئاماری زانستی پێوەرەكانی بەرهەمهێنان لەماوەی مانگی ڕەمەزاندا لەزۆربەی وڵاتانی ئیسلامی دادەبەزێت و ئەوەتا بەپێ ی توێژینەوەیەك دەركەوتوە ئاستی بەرهەم و بەرهەمداری بەڕێژەی (%20 بۆ %40) دابەزیوە لەو كێڵگانەی كە كرێكارانی هیندی بەڕۆژو دەبن.لەبەشێكی تری وڵاتانی ئیسلامیدا كاروچالاكییەكان دەخرێنە كاتەكانی شەوەوە ئەمەش پێچەوانەی سیستەمی كاركردنی ئابوری ئەم وڵاتانەیە.
ڕۆشنبیری بەكاربردن :
بەهۆی ئەو هەڵە تێگەشتنەیەوە زۆربەی خێزانەكان لە پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان بۆ دابین كردنی پێداویستیەكانی ئەو مانگە لە خۆراك و خواردەمەنی و تەنانەت جلوبەرگیش ڕوو دەكەنە بازاڕەكان ئەمە وا دەكاتە جموجوڵ بخاتە بازاڕەكانەوە وخەرجی خێزانەكان بە هۆی خواستی بەكاربردنەوە زیادە دەكات و وا لە فرۆشیاران دەكات وردە وردە نرخەكانیان بەرزبكەنەوە وبەدەرفەتێكی لەباری دەزانن بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن..! كە دەچینە ناو ڕەمەزانەوە دیاردەكە گەورەتر و فراوانتر دەبێت بەتایبەت لەئابوری ئەو وڵاتانەی كە دەزگای بەرهەمهێنانیان توانای وەڵامدانەوەی ئەو خواستەیان نی یە وەك ئابوری هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ وەڵامدانەوە ناچار پەنا دەبرێتە بەر هاوردەكردنی بڕێكی زیاتر لە بابەتی خۆراك خواردەمەنی و میوە بەهەموو جۆرەكانیەوە ،ئەم ناڕۆشنبیرییەی بەكاربردن لەلایەن زۆربەی ڕۆژوەوانانەوە كاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر ئابوری بەگشتی و كەرتی بازرگانی بەتایبەتی ،ئەمە وادەكات جارێكی تر تەرازوی بازرگانی لەبەرژەوەندی هاوردەكردن بێت و سەروەت و سامانی ناوخۆیی لەپێناو پڕكردنەوەی پێداویستیەكان جارێكی بڕواتە دەرەوەی هەرێم.ئەمەش كاریگەری خراپ دەخاتە سەر بودجەی خێزان و زۆربەی داهاتەكانیان بۆ لایەنی خەرجی بەكاربردن تەرخان دەكرێت و هەندێ جار ڕێژەیەك لە خێزانەكان لە پێناو دابینكردنی پێداویستییەكانیان پەنا بۆ قەرز دەبەن كە ئەمەش بارگرانیەكی ترە بەسەر شانی كۆمەڵگاوە.
• زیادەرۆیی لە بەكاربردندا :
لەڕاستیدا مانگی ڕەمەزان دەرفەتێكە بۆ ئەوەی تاك و خێزانی موسڵمانان بەسیستەم و شێوازی بەكاربردنیاندا بچنەوە و دوور بكەونەوە لەدیاردەی بەفیرۆدان و زیادەخەرجی بەڵام بەداخەوە بەهۆی نارۆشنبیری بەكاربردنەوە زۆربەی كۆمەڵگا ئیسلامیەكان توشی دیاردەی زیادە بەكاربردن و زیادە خەرجی دەبنەوە و زیاد لە پێویستی ڕۆژانە پێداویستی دەكڕن و بۆ هەردوو ژەمی ئێواران و پارشێو دادەنرێت كە بەداخەوە بەشێكی زۆری زیادەیە و سەرئەنجام بەفیرۆ دەچێت و دەخرێتە ناو زبڵدانەوە ئەوەتا بەپێ ی ئامارێكی ناڕەسمی شارەوانی سلێمانی لەساڵانی ڕابردودا نزیكەی لە (%60 بۆ%70) ی زبڵ و خاشاكی شاری سلێمانی بریتی بووە لە ماددەخۆراكیەكان و سەوزە و میوە ! هەرچەندە لەئاینی پیرۆزی ئیسلامدا زیادەبەكاربردن و زیادەرۆیی ڕێگە پێنەدراوە و دەچێتە بواری حەرامكراوەكانەوە .
لەڕاستیدا بەرۆِژوو بون بۆخۆی هەندێ ڕەهەندی ئابوری گرنگی هەیە بۆ موسڵمانان یەكێك لەوانە پاراستنی تەندروستی خودی مروڤە كە ئامانجی سەرەتاو كۆتایی گەشەپێدانی ئابوریە بۆ مرۆڤ خۆیەتی بەداخەوە لەم لایەنەیشەوە تاكی موسڵمان هەست بەوە ناكات و پشت گوێ ی خستوە بەسەردانێكی شەوانەی نەخۆشخانە فریاگوزارییەكان تێبینی ئەوە دەكەین كە زۆربەی زۆری توشبوان كەسانی ڕۆژوەوانانن.!
هۆكارەكانی بەرزبونەوەی نرخەكان لە ڕەمەزاندا:-
لێرەدا بەكورتی باس لەو هۆكارە ئابوری و كۆمەڵایەتیانە دەكەین كە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەبنەهۆی بەرزبونەوەی نرخی شمەك وكاڵاكان،گرنگترین هۆكار خودی ڕەفتاری بەكاربەری ڕۆژوەوان خۆیەتی بەهۆی ئەوەی كەبەڕۆژوو ئەبێت برسی و تونیو دەبێت و حەزی بۆ زۆرێك لە خواردن و خواردەمەنی یەكان ئەجوڵێت ئەمە وا دەكاتە ببێتەهۆی زیاد بونی خواست و سەرئەنجام بەرزبونەوەی نرخەكان،هەروەها زێدەبەكاربردنی ڕۆژوانان یەكێكی ترە لە هۆكاران،گەڕانەوەی سیستەمی پێدانی مووچە و نەمانی پاشەكەوت بەشێوەیەك بووە هۆی زیاد بونی داهاتی نەختینەیی تاك و خێزانەكان بووبەهۆی زیاد بونی خواست و خەرجی بەكاربردن ، هەروەها ئەو پێشبینی یە نادروستەی كەبەكاربەران هەیانە كاریگەری ناڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بەرزبونەوەی نرخەكان و ئەوەشمان لەبیر نەچێت هۆكارە ئاینییەكان لە خێرو سەدەقەو سەرفیترەی ڕەمەزان و پێدانی زەكاتی دەوڵەمەندان لەم مانگەدا دەبێتەهۆی زیادیونی داهاتی چینی هەژاران و ڕاستەوخۆ خەرج كردنی لەبازاڕەكاندا و سەرەئەنجام دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخەكان ،هەروەها زۆر بەداخەوە فرۆشیاران و بازرگانانی هەرێم بەچاوێكی تەماحاوی لەبارودۆخەكە دەڕوانن و هەمو هەوڵێكیان بۆ بەدەستهێنانی قازانجە.!
باشترین چارەسەر بۆ دەربازبوون لەم قەیران و دیاردانە بونیاد نانی ئابورییەكی سەربەخۆ و پتەو و پشت بەستو بە سامانی نیشتمانی كەرتەكانی نەوت وكانزاكان و كشتوكاڵ وگەشتوگوزارەوە هەرێم دەتوانێت بەسەر ئەم بارودۆخانەدا زاڵ ببێت ...
*ئابوریناس